د.خالید ئەلعزی- بەیروت
تایبەت بە کوردستانی نوێ
ئابووریی مەعریفە لە ئابوورییە كلاسیكییە باوەكە جیاوازە، كە سێ بنەمای سەرەكی هەیە ئەوانیش: خاك، هێزی كار، سەرمایە، هەر ئەم سیانەش لە ئابوورییە كۆنەكەدا هۆكاری سەرەكی بەرهەمهێنان بوون، بەڵام بنەما گرنگەكانی ئابووریی نوێ بۆتە مەعریفەی تەكنەلۆجیا، داهێنان، زیرەكی و زانیاری، زیرەكیش ئێستا كە لە بەرنامەی كۆمپیوتەر و تەكنەلۆجیادا بەرجەستە بووە، بە شێوەیەكی فراوان لە بەرهەمەكاندا رەنگی داوەتەوە و گرنگییەكەی لە سەروو گرنگیی سەرمایە و هێزی كار و كەرەستەوەیە. نەتەوە یەكگرتووەكان پێی وایە، كە ئابووریی مەعریفە لەسەر ئاوەزە درەوشاوەكان بنیاتنراوە و ئێستا بۆتە بنەمای بەرهەمی نوێ.
بەو پێیەش، پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووریی مەعریفە لە جیهانی عەرەبیدا دەبێ پشت بەم هەنگاوانە ببەستێ:
-1 گەشەپێدانی لێهاتوویی تەكنیكی و توانای پەیپێبردن و توانای رەفتاریی، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەم و نەرمیی لە ژینگەی كاردا.
-2 گرەنتی فێربوونی سەرجەم خوێندكاران، لە رێگەی بنیاتنانی سیستمێكی بەهێزەوە كە پێوەری روون و ئاشكرای هەبێت بۆ فێربوون.
-3 راهێنان بە مەبەستی لێهاتوویی، كە خاوەنكار پێویستی پێیەتی.
-4 هاندان و بەرزكردنەوەی گیانی كاركردنی ئازادانە و داهێنەرانە، لە رێگەی رەخساندنی ژینگەیەكەوە، كە هاندەر بێت بۆ وەبەرهێنان لە مەعریفە و داهێناندا.
-5 هاوسەنگی لە نێوان توانای خواست و خستنەڕوودا، لە رێگەی دابینكردنی بازاڕی باشتر و پارێزراوتر لە رووی ئاسایشەوە.
ئێستا ئابووریی مەعریفە بۆتە لقێك لە لقەكانی گەشەكردن لە هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوودا، ئەوەش بە واتای پەرەسەندنی سەرمایەی ماددی و ئابووریی كاڵا و بەرهەم نییە، بەڵكو تەوەرە سەرەكییەكەی سەرمایەی مرۆیی و زیرەكی و داهێنان و تەكنەلۆجیا و رێگاكانی ئیدارەدانی مەعریفییە.
مەعریفە یارمەتیدەرە بۆ فەراهەمكردنی هەلی كار، بە دیاریكراویش لەو بوارە پیشەییانەدا كە تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی بواری ئابووریی مەعریفە بەكار دەهێنن و هەلی كارەكانیشی جۆراجۆر و روو لە زیادبوون و فراوانن
نموونەی چەند وڵاتێك
تا ئێستاش ئابووریی مەعریفی لە میسر بە شێوەیەكی شەرمنانە گەشە دەكات، ئەویش لە ساڵی 2009وە، بەڵام میسر دەتوانێ ئابوورییەكەی لەسەر بنەمای مەعریفە بنیات بنێت، بۆ ئەوەی رۆڵی پێشەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ خۆی بگێڕێتەوە و ببێتە هێزێكی مەزن.
سعودیە هەر لە سەرەتای پلانەكانییەوە بەرەو گۆڕینی ئابوورییەكەی بۆ ئابووریی مەعریفی لە ساڵەكانی نێوان 2005 بۆ 2008دا هەنگاوی نا و هەنگاوەكانیشی خێرا بوون، بۆ گەیشتن بە وەبەرهێنان لە مەعریفەدا، پلانەكەشی بە رێگەچارەی ستراتیجی دانا بەرەو گەشەی بەردەوام، كە پشت بە تەكنەلۆجیا و داهێنان دەبەستێ.
ئیمارات پێشەنگە
ئاماژەپێدەری مەعریفەی جیهانی بۆ ساڵی 2023 شیكردنەوەیەكی گشتگیری ئاراستەكانی مەعریفەی جیهانی خستۆتەڕوو، ئەنجامەكەشی دەریخستووە، كە لەسەر ئاستی عەرەبی ئیمارات پێشەنگە و لە ریزبەندیی وڵاتانی عەرەبیدا یەكەمە.
ئەم سەركەوتنەی ئیمارات، رەنگدانەوەی هەوڵ و ماندوبوونی تایبەتە لە پێناو بەهێزكردنی چەمكی مەعریفە و بڵاوكردنەوەی و ئاڵوگۆڕپێكردنی و بنیاتنانی ئابوورییەكی پتەو كە لەسەر پایەكانی مەعریفە وەستابێت.
مەعریفە یارمەتیدەرە بۆ فەراهەمكردنی هەلی كار، بە دیاریكراویش لەو بوارە پیشەییانەدا كە تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی بواری ئابووریی مەعریفە بەكار دەهێنن و هەلی كارەكانیشی جۆراجۆر و روو لە زیادبوون و فراوانن.
لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید