هێمن ئەحمەد
دوای تێپەڕبوونی 11 دانیشتنی دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی رژێمی بەعس، بڕیارە رۆژی 13/11/2024، كۆتا بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدرێت، نوێنەری جووتیارانیش رایدەگەیەنێت: ئومێد دەكەین بڕیارێكی دادپەروەرانە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنە بدرێت.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەرجەم بەڵگە و دۆكیومێنتەكانیان پێشكەش بەو دادگایە كردووە، هەوڵەكانیش لەڕێگەی هەردوو فراكسیۆنی كورد و توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە بەشێوەیەكی یاسایی چارەسەر بكرێت. وتیشی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورە، بۆ جووتیارانی كورد و توركمانی كەركوك گرنگە، چونكە تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنە مافەكانیان وەردەگرنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەكە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، ئومێد دەكەین لیستە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەكگرتووبن و پێداگربن تاكو ئەو پرۆژەیە تێپەڕێنن.