میدیای ئەڵمانیا: هەموو ئەوروپا بوون بە ناتۆ

09:13 - 2022-07-03
جیهان
617 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین، ئەڵمانیا

لە دوای جەنگی روسیا و ئۆكرانیاوە، پەیوەندیی نێوان ناتۆ و روسیا لە دۆستایەتی و هاوبەشەوە بووە بە ململانێ ‌و تەنانەت دوژمنداری ‌و وەك میدیای ئەڵمانیا لێكدانەوەی بۆ دەكات، بەهۆی سوید و فنلەنداوە، ناتۆ چووە سەر سنووری روسیا و بە ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لەناو هاوپەیمانێتییە سەربازییەكەدا، ئەوروپای كردە پارچەیەك لە ناتۆ، شیكارییە جیاجیاكانیش لەو بۆچوونەدا خۆیان دەبیننەوە.
جیهان دەگۆڕێت
رۆژنامەی فرانكفۆرتەر رۆندشاو لەسەر كۆڕبەندی رۆژانی رابردووی هاوپەیمانی ناتۆ نووسیویەتی: دەركەوت كە یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ و وڵاتانی G7 گۆڕانكاریی مێژوویی گەورەیان دروستكرد و خاڵی وەرچەرخانیان بنیات نا، یەكگرتویی خۆرئاوا بە تایبەتی ئەمریكا و ناتۆ و ئەوروپا بوونە بەرەیەكی یەكهەڵوێست لە دژی روسیا.
رۆژنامەی سود دۆیچەزایتۆنگ لە پەرەگرافێكدا نووسیویەتی: لە دە ساڵی رابردوودا ناتۆ و خۆرئاوا لەلایەك و روسیاش لەلایەكی ترەوە، ناراستەوخۆ هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێكی سەرتاسەریان لە یەكتر دەكرد و ئەنجامەكەشی ئەوەبوو كە روویدا، مەیلی سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەوروپا لەلایەن ڤلادیمێر پوتین و نزیكبوونەوەی ناتۆش لە سنوورەكانی روسیا، ئەو ئەنجامەیان لێكەوتەوە كە ئۆكرانیا ببێتە قوربانیی جەنگێكی سەخت، كە هەموو جیهان پێوەی گرفتار بووە، برسێتی و دڵەڕاوكێ و برینداربوونی ویژدانی مرۆڤایەتی لێكەوتۆتەوە.
رۆژنامەی فرایە پرێسە نووسیویەتی: هەرچەندە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ‌و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ناتۆیان بە جەستەیەكی لاواز ‌و مردوو وەسفكردبوو، بەڵام دەركەوت هێشتا زیندووە و لە توانایدایە خۆی گەورەتر و فراوانتر بكات، ئەندامێتیی سوید و فنلەندا بەڵگەی ئەوەن كە ناتۆ و ئەوروپا خۆی بەهێزتر دەكات، بە تایبەتی لە دوای بڕیاری بڵاوەپێكردنی 300 هەزار سەربازی نوێ ‌و  ئامادە لە بەری خۆرهەڵاتی ئەوروپا و بڕیاری ئەڵمانیاش بۆ تۆكمەتركردنی سوپاكەی وەك وڵاتێكی گەورەی ناو ناتۆ، ئەمانە زەنگی جەنگێكی درێژخایەن لێدەدەن.
سایتی دۆیچەڤێللا لە راپۆرتێكیدا دەڵێت: ئەو جەنگە سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوای بەرامبەر بە روسیا گۆڕی، لە ساڵی 2010 دا هاوپەیمانی ستراتیژی یەكتربوون و ئەمڕۆ یەكتر بە هەڕەشە بۆسەر خۆیان دەزانن، بۆیە سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاندووە، كە روسیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، گەورەترین قەیرانی نێودەوڵەتی دروستكردووە و دەبێت خۆی باجەكەی بدات.
ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم
كەناڵی تەلەفزیۆنی NDR لە ریپۆرتاژێكیدا لەسەر كۆبوونەوەكانی ناتۆ و دیداری سیاسەتمەدارە باڵاكان، لە زاری دیپلۆماتەكانی ناتۆوە، روسیایان بە دوژمنی هەرەگەورەی خۆرئاوا وەسفكردووە و بڕیاریانداوە تا كۆتایی پشتیوانی لە ئۆكرانیا بكەن. لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی ناتۆ و خۆرئاواشدا، حكومەتی مۆسكۆ هەنگاوی خێراتر دەنێ و بەپێی پێشبینی میدیا و چاودێران كە لە كەناڵەكانی میدیاوە شیكاری بۆ دەكەن، پێدەچێت روسیا لە رێی بێلاڕوسیا فشار بخاتە سەر سوید و فنلەندا و كۆچەران بە لێشاو رەوانەی ئەو دوو وڵاتە بكات. جگەلەوەش كارتی بەهێزی تری بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمە كە ناوەناوە هەڕەشەی پێدەكات. 

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا 

#ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان