لە میدیای تورکییەوە

11:41 - 2024-09-26
جیهان
38 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریكا و توركیا سەبارەت بە سوریا كۆبوونەوە
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سوریا، نوح یڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و وەفدێكی یاوەری لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆن باس جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی كۆبۆتەوە، تیایدا جگە لە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا، گفتوگۆ لەسەر قەیرانی سوریا و چالاككردنی رێگاكانی چارەسەری سیاسی كراوە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشدا.
بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەی حورییەت، لایەنی توركیا لە میانی گفتوگۆكاندا وەرەقەیەكی داخوازییان پێشكەش بە وەفدەکەی ئەمریكا كردووە كە 25 بڕگە لەخۆدەگرێت و تیایدا باس لە دیدگای توركیا و ئەوەی چاوەڕوانی دەكات لە واشنتۆن كراوە، سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات كە دیارترینیان  پشتیوانی ئەمریكایە بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) .
دوابەدوای گفتوگۆكانیش هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بەیاننامەیەكدا، ئاماژەی بە پشتیوانی ئەمریكا بۆ یەپەگە كردووە، كە بە وتەی ئەو یەپەگە رێكخراوێكی جوداخوازە و یەك لەسەر سێی رووبەری سوریای كۆنترۆڵكردووە.
فیدان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جۆن باس، ئاماژەی بەوەداوە، سامانی سروشتی كە لەو ناوچانەدا هەیە سوودێكی زۆری بۆ سوریا دەبێت، بەتایبەتی نەوت، دەشڵێت: پێموایە ئەگەر چارەسەرێك بۆ پرسی سوریا بەو شێوەیەی كە توركیا دەیەوێت بدۆزرێتەوە سوریا دەتوانێت كێشەكانی دیكە بە ئاسانی چارەسەر بكات.
روونیدەکاتەوە، توركیا پێیوایە دوو كێشەی گرنگ هەیە كە پێویستە پێش ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق چارەسەر بكرێن، ئەوانیش كێشەی پەنابەران و تیرۆرە.
حورییەت
ئەمریكا ژمارەی هێزەكانی لە خۆرهەڵات زیاددەكات
دوای فراوانبوونی پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و جزبوڵڵای لوبنانی، ئەمریكا بڕیاریداوە ژمارەی سەربازەكانی لە ناوچەكەدا زیاتر بكات.
لەو بارەیەوە مەیجر جەنەڕاڵ پات ریدەر  وتەبێژی رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند، دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ئەمریكا سەربازی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیردەكات.
ریدەر وردەكارییەكانی ژمارەی هێزە زیادکراوەکان و ئەو ئەركەی كە  پێیان دەسپێردرێت روون نەكردۆتەوە، بەڵام بەپێی هەندێك سەرچاوە، ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەیەنێتە زیاتر لە 40 هەزار سەرباز.
یەنی شەفەق

گەورەترین كێشەی گەلی توركیا
لە راپرسییەكی نوێدا كە رۆژنامەی “جمهوریەت” بڵاویكردۆتەوە، گەورەترین كێشەی ئاشكرا كردووە كە ئێستا توركیا رووبەڕووی بۆتەوە.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەزگای توێژینەوەی «ASAL» راپرسییەكی لە 26 پارێزگای تورکیا ئەنجامداوە و تیایدا پرســیار لە توركەكان كـــراوە: گەورەترین كێشە لە وڵاتدا چییە؟، كە 54.5 %ی ئەوانەی راپرسییان لەگەڵ كراوە وەڵامیان داوەتەوە كە ئەوە ئابووریی و تێچووی ژیانە و دواتر نەبوونی «دادپەروەری» بە رێژەی %10.8 و «پەنابەران» بە ڕێژەی %5.2 پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
پێشتر ئۆمەر پۆڵات وەزیری ئابووریی توركیا دابەزینی كورتهێنانی بازرگانیی توركیای راگەیاندبوو، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەكردن و دابەزینی هاوردە.
جمهوریەت

بابەتە پەیوەندیدارەکان