چیرۆکی دەقێکی شانۆیی

کات لەنێوان بوون و نەبووندا

12:14 - 2024-09-26
ئەدەب و هونەر
234 جار خوێندراوەتەوە


دانا رەئووف 


دووی مانگی هەشتی ساڵی 2019، کەسێک تەلەفۆن بۆ پۆلیس ده‌کات و دەڵێت: «سڵاو.. من هاوڕێیەکی خۆمم کوشت!» دوای چەند سەعاتێک پۆلیس لە دەرگای ماڵی نووسەر و دەرهێنەر «دیمیتری بلاخ» دەدات و پێی رادەگەیەنێت، کوڕە شانزە ساڵییەکەی لە رووداوێکدا کوژراوە. دیمیتری بێ ئەوەی بتوانێت هیچ بڵێت دەکەوێت. ئەم رووداوە، وەک نمایشێکی دۆکیومێنتاریی لەسەر شانۆی «ئۆریۆن» نمایش کرا. 
شانۆ هونەرێکە دەتوانێت شتە کەسییەکان، ئەزموونی مرۆڤ لە ژیاندا، تەنانەت ئەوانەیشی نامانەوێت بیرمان بێنه‌وه‌، بیانکات بە چیرۆکێک، فۆرمێک، ستایلێک کە لە ئاستێکی گشتیدا دەربکەوێت. بینەران بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبێت و ببێتە ئەزموونێکی گشتی. رووداوێک بێ ئەوەی ببێتە فۆرمێکی دۆکیومێنتاریی، لە پەراوێزەوە ببێتە چەقی هەواڵێکی گرینگی هونەریی کە پەیوەست بێت بە هەموو کەسێکەوە. هەندێجار لەوە دەگەین کە لە هەموو شتێک ناگەین. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە لە شتێک ناگەین، لەوە گەیشتووین که‌ لەو شتە ناگەین. لەم دەروازەیەوە، دەکرێت شانۆ ئەو فۆرمە بێت بۆ بەرجەستەکردنی ئەو شتەی لێی تێنەگەیشتووین. شانۆ ئەو ئامڕازەیە، شتە نادیار و نەبینراوەکان بکاتە شتێکی دیار و بینراو. ئەوەی لە ژیاندا ناتوانین تێی بگەین، ناتوانین پێی قایل بین، تێی بگەین و ناچاربین قایل بین. ئەم چەمکە چەندین لایەنی هەیە و لە رووی تیۆری و پراکتیکیشەوە شەن و کەوی زۆری بۆ کراوە. بەشێکی زۆری ئەم گفتوگۆیە لە کتێبەکەی پیتەر برووک ـ پانتایی بۆش ـ دا باسی لێوە کراوە. 
ئەوەی من دەمەوێت لەم نووسینەدا باسی بکەم شتێکی جیاوازە. لە هەندێک رووەوە لەگەڵ ئەم بۆچوونە تیۆرییانەدا یەک دەگرێتەوە و لە هەندێ رووی تریشەوە دوور دەکەوێتەوە. 
شانۆ چۆن دەتوانێت ئەو ئازارەی ناوەوەی مرۆڤێک پێوەی دەتلێتەوە، بێ هات و هاوار بەرجەستە بکات؟ مەرگی کەسێکی زۆر نزیک، جگەرگۆشەیەک، چی لە مرۆڤێکی تر دەکات. کات و یادەوەرییەکان لە کاتێکی تردا چۆن بەریەک دەکەون. وەک «هایدیگەر» ئاماژەی بۆ کردووە، بوونی مرۆڤ لە کاتدا چۆن بەرجەستە دەکرێ؟ « بوون لەوێ» و «بوون لێرە»، «ئێرە» ئەو شوێنەیە منی قسەکەری لێیە کە باوکە، «ئەوێ»یش ئەو شوێنەیە، ئەو نادیارەیە کە ئەوی قسە لە بارەکراوەی لێیە، کە کوڕەکەیەتی. 
«دیمیتری بلاخ» کتێبێک بەناونیشانی: پێ

"پێتەر.. کات" لەسەر مەرگی کوڕە تاقانە شانزە ساڵییەکەی دەنووسێت. ئەم کتێبە چەندە ئاوازێکی غەمناکە، چەندە سروتێکە لە ریتواڵێکی قووڵی مرۆڤێکی تەنیادا، هێندەیش پێناسەیەکی کاتە، کات لە دەرەوەی کات و شوێنەوە. چۆن کات لە پڕ لە روودواێکدا بۆ هەتا هەتایە دەوەستێت و میلی کاتژمێرەکە بێ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دواوە، ناشتوانێت یەک هەنگاو بەرەو پێشیشەوە، بەرەو ئایندە بڕوات. 
«پێتەر» کوڕەکەی دیمیتری لەلایەن هاوپۆلێکی خۆیەوە دەکوژرێت، بەم رووداوە کات لای «پێتەر» و هەروەها دیمیتریش دەوەستێت. کات لە دوو دیدی جیاوازەوە بۆ دیمیتری دەوەستێت، رابردوو، ئێستا و ئایندەیش. «پێتەر» دەمرێت و ئەو کاتەی ئەو لە ژیاندا هەیبوو دەوەستێت. بەمشێوەیە «پێتەر» لە رابردوودا، لەو شانزە ساڵەی تەمەنیدا دەمێنێتەوە. کات بۆ ئەو لەو ساتەدا کە لە ژیاندا نەماوە، وەستاوە، بەڵام بۆ دیمیتریش دەوەستێت، کە چیتر ناتوانێت «پێتەر» ببینێتەوە و چیتر ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لەگەڵ «پێتەر» بەرەو ئایندە بنێت. 
لەناو ئەم چیرۆکەدا هیچ کاتێک نییە، لە بری ئەوە یان راستتر ئەو کاتەی هەیە، تەنیا ئەو یادەوەرییانەن کە دیمیتری سەرلەنوێ به‌سه‌ریان دەکاتەوە. ئەم باوکە لە هەوڵێکی بەردەوامی بێ وچاندایە، هەموو ئەو شتانەی لەنێوان خۆی و کوڕەکەیدا روویان داوە، ئەوەی باسیان کردووە، ئەوەی کردوویانە، خەون و ئەندێشەکانیان، بهێنێتەوە بیری خۆی. لەو یادەوەرییانەدا و لەو کاتە بەسەرچووانەدا بژی، بەمشێوەیە «پێتەر»یش بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
ئەم کتێبە بووە بە نمایشێکی شانۆیی، مەنەلۆگێک لەگەڵ کۆرسێکدا، تراجیدیایەکی مۆدێرنی گریکیی. نمایشەکە گەڕانەوەیە بۆ 
 
ریتواڵەکانی تراجیدیای گریکی بەر لە سێ هەزار ساڵ. شانۆیەکی ئێجگار گەورە، هێندەی پانتایی شانۆ دێرینەکانی سەردەمی گریک، باڵکۆنێکی بەرز بە هەر چوار لای شانۆکەدا هەن و بینەران لەیەک لاوە رووبەرووی ئەم تراجیدیایە دانیشتوون. 
نمایشەکە چەندە باسی کات و مەرگ دەکات، هێندەیش باسی ترسمان بۆ دەکات. ترس لە هەموو شتێک. «ئۆدیپۆس» لە ترسی چارەنووسی خۆی رادەکات، بەڵام هەر ئەو چارەنووسە لەو ترسەی هەیەتی دەیگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆی و باوکی دەکوژێت و دایکی لە خۆی مارە دەکات. ترسی ئەم نمایشە لە روانگەیەکی ترەوە دەمانباتەوە بۆ مەرگ، لێرەدا بۆ مەرگی «پێتەر» کە هاوپۆلەکەی دەیکوژێت. هەموو دایک و باوکێک ترسێکی گەورەی لە دەستدانی وەچەکانی خۆیان هەیە، ترسی ئەوەی لە پڕ شتێکی نەخوازراو رووبدات. بەڵام بیر لەوە ناکەینەوە کە منداڵەکانمان دەچن بۆ قوتابخانە بکوژرێن و هەرگیز جارێکی تر نەگەڕێنەوە.
کتێبەکەی دیمیتری، لە ساڵی 2020 دا بڵاوکراوەتەوە، چەندین وێنەی ترس و خۆشەویستی لەخۆ دەگرێت. هاوکات سروودێکە بۆ خەمە گەورەکە، بۆ ئەو تراجیدیایە کە ئێستا لە کاتدا وەستاوە و لە نمایشێکی شانۆیدا بەرجەستە بووە.
«یاکۆب هێردواڵ» کە هاوڕێمە و لە شانۆی پادشایەتی پێکەوە کارمان کردووە، ئەم کتێبەی کردووە بە مەنەلۆگێک و هەر خۆشی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
پانتایی شانۆکە وەک ئاماژەم بۆ کردووە زۆر گەورەیە. دیمیتری کە پاڵەوانی نمایشەکەیە، «ئەندریاس لیلییەهۆڵم» رۆڵەکەی بەرجەستە دەکات. لە ناوەڕاستی ئەم پانتاییە گەورە رووت و قووتەدا وەستاوە، کە لە هەمان کاتدا رۆڵی کوڕەکەیشی دەبینێت. ئەم باوک و کوڕە بەردەوام رۆڵەکانییان دەگۆڕنەوە، بەڵام هەموو نمایشەکە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەم باوکە لە روانگەی دیالۆگێکی ناوەکییەوە، دەنگ و رەنگ بە کوڕەکەی ببەخشێت، تا بتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان بیگەڕێنێتەوە بۆ ئێستا و ئێرە.
کۆرسێکی چوار کەسی وەک تارمایی لێرە و لەوێ دەردەکەون، بە ریتم و گۆرانییەکی قووڵی ئۆپێراڵی قۆناغەکانی ژیانی «پێتەر» بەرجەستە دەکەن. ئەم کۆرسە به‌ به‌رده‌وامییه‌وه‌ «بوون، لەوێ، لە شوێنێکی نادیار دووپات دەکەنەوە» کۆرسەکە ژیانێکی تر بە چیرۆکەکە و بە کارەکتەری باوک و هەروەها بە کوڕەکەیشی دەبەخشێت. ئاوازێکی غەمگین بۆ مەرگ لە ژیاندا دەڵێن. کۆرسەکە ئامڕازێکی پاکژبوونەوەیە «کاتارسیس» کە بەپێی شانۆی گریکیی  بینەران دەخاتە بارێکی نیگەرانییەوە. کۆرسەکە چەندین فۆرم وەردەگرن و رۆڵێکی ئەکتیڤ دەبینن لە بەرجەستەکردنی ئەو تراجیدیایەدا. زۆرجار کۆرسەکە لە تایکییەوە لە شوێنێکی نادیارەوە، لە نەبوونەوە دەردەکەون. پانتایی شانۆکە پڕ دەکەنەوە، ریتواڵەکەی خۆیان لەنێو ئەو چیرۆکەدا بەرجەستە دەکەن. ئەوەی ئەوان دەیکەن ئاوازێکە بۆ خەمێکی قووڵ بۆ تراژیدیایەک لە کاتدا وەستاوە و چیتر ناچێتە ئایندەوە. زۆرجار کۆرسەکە بە ئاوازێکی غەمگین بە ئۆپێرایەکی چپەدوو، ئەوە بیری ئەو باوکە دەخەنەوە کە: کوڕەکەت مردووە، کوڕەکەت مردووە. 
کتێبەکەی «دیمیتری» و ئەم دەقە ئامادەکراوەیش بۆ شانۆ پڕن لە وردەکاریی رووداوەکانی ژیانی «پێتەر»، پریشکی ئەم رووداوانەش لەم نمایشەدا دەبنە وێنە. هەندێکیان لێوانلێون لە ژیان و وێنەی واش هەن، راوەستانی چرکە ترسناکەکەی ژیانی ئەم باوک و کوڕه‌ن. بۆ نموونە ئەو ساتەی کوڕەکەی تیا لە دەستداوە  یان کە بە خاک سپێردراوە. کۆرسەکە نایەڵێت ئەم باوکە ئارام بگرێت، وەک روویەکی کۆمەڵگە، جیهانێک لە دەرەوەی کاتەوە، ئاوێنەیەک بۆ تەماشکردنی ژیانی کوڕەکەی، ددان پێدانان بەو واقیعەدا هەمیشە ئەوەی بیر دەخەنەوە کە کوڕەکەی مردووە. ئەم باوکە ناتوانێت و نایەوێت باوەڕ بەوە بکات، قایل بێت بەوەی کوڕەکەی نەماوە، بەم قایلبوونە بەتەواوی لە کوڕەکەی دوور دەکەوێتەوە کە ددانی بەوەدانا کوڕەکەی نەماوە، ددان بەوەشدا دەنێت مەودایەکی بێ سنوور لەنێوان خۆی و کوڕەکەیدا هەیە. لەنێوان دوو دنیای جیاواز، ئەوەی هەیە و دەبینرێ، ئەوەی نییە و نادیار و شاراوەیە. لەبری ئەوە ئەم باوکە بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت لە کوڕەکەیەوە نزیک بێت. ئەم باوکە لە رێگای ئەوەوەی کە بەردەوام بەشداریی مانگانەی تەلەفۆنەکەی دەدات و گوێ لەپەیامەکەی دەگرێ، پەیوەندیی بکات بە هاوڕێکانییەوە، جلەکانی بشوات و قه‌دیان بکات و هەڵیان بگرێ تا سەرلەنوێ بیان شواتەوە و هەڵیان بگرێتەوە، دووپاتی بەردەوام بوونی «بوون»ی ئەو لێرە دەکاتەوە.
گەر کۆرسەکە دنیای دەرەوە بێت، ئەوە دنیای ناوەوە ئەو ساتانەیە باوک بە تەنیا تیایدا دەژی. «پێتەر» دەرناکەوێت، دەرنەکەوتنەکەیشی تراژیدیاکە دەکاتە واقیعێکی هەست پێکراو. هەستی پاکژبوونەوەکە دەبێتە رەوشێکی سایکۆلۆژی، چ بۆ باوکەکە، کە کارەکتەری «پاڵەوان»ی نمایشەکەیە و چ بۆ بینەرانیش. دەرهێنەری نمایشەکە چەندین کەرەستە و ئامڕازی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لەو پانتاییە فراوانەی شانۆکەدا، بتوانێ جۆرە هەمەچەشنەییەک دروست بکات، تا لە دووبارەبوونەوەی جووڵە و بەکارهێنانی پانتایی شانۆکەدا بە یەک شێوە دوور بکەوێتەوە. بۆ نموونە ئامێری پیانۆیەکی گەورە لە سوچی خوارەوە نزیک دەرگای هاتنە ژوورەوەی ناو شانۆکە دانراوە، کە پیانۆژەنێک ئاواز و ریتمی نمایشەکە رادەگرێ. هەندێکجار دیوارێکی گەورەی نایلۆن لە ساپیتەی شانۆکەوە دێتە خوارەوە و دیوارێک لەنێوان کۆرسەکە و کارەکتەرەکەدا دروست دەکات یان لە دیمەنێکی باران باریندا کۆرسەکە دەبنە کەسانێکی نامۆ و بە چەترەکانیانەوە لە ژێر بارانەکەدا وێنەیەکی تری ژیانی رۆژانەی ئەم باوک و کوڕە بەرجەستە دەکەن. لە سوچێکی تردا نزیک لە بینەرانەوە ستۆدیۆیەکی بچووکی رادیۆ هەیە جارناجار باوک لەم ستۆدیۆیەوە خەمەکانی تۆمار دەکات. کاتە جیاوازەکان دەبڕێ و لەگەڵ کوڕەکەی دەکەوێتە گفتوگۆوە. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا باوک لەگەڵ قاتێکی کوڕەکەی سەما دەکات، دیمەنێکی خەونئامێزە کە کوڕەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و خەونەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، بە تایبەتی ئەو خەونەی کە دەیەوێت ببێتە پیانۆژەنێکی پیشەیی.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان