بارودۆخی خراپی كۆچەرە ئەفریقاییەكان لە سنووری مەغریب و ئیسپانیا

10:13 - 2022-07-03
ڕاپۆرت
465 جار خوێندراوەتەوە
#کۆچەرانی ئەفریقی لە سنووری نێوان مەغریب و ئیسپانیا

ئا: یادگار عەلی

دەسەڵاتدارانی مەغریب سەرپێچی گەورە بەرامبەر بەو گەنجە ئەفریقییە كۆچەرانە دەکەن كە هەوڵیانداوە لەڕێگەی وڵاتەكەیانەوە بگەن بە ئیسپانیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. بەپێی راپۆرتی دەزگاكانی راگەیاندنی ئەو وڵاتە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان بێت، كە بەڵگەكانیان بە وێنە و دەنگ بڵاوكردۆتەوە: دەیان گەنجی وڵاتانی ئەفریقا بەتایبەتی سودان لەسەر دەستی پۆلیس لە سنووری مەغریب و ئیسپانیا بەتایبەت لە سنووری شاری مەلەیلیە كوژراون و بریندار كراون.
18 كۆچەری ئەفریقی كوژران و سەدانیش بریندار كران
بەپێی هەواڵی دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسپانیا بێت، شەوی هەینی رابردوو زیاتر لە 2000 گەنجی كۆچەری ئەفریقی هەوڵیانداوە لەو تەلە دڕكاویانە بپەڕنەوە كە لە سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە دانراون، تاوەكو لە شاری (مەلەیلیە)ی ئیسپانییەوە بەرەو ئەوروپا بڕۆن، بەڵام لەوكاتەدا، پۆلیسی مەغریب بەتوندی رووبەڕوویان بۆتەوە و گازی فرمێسكڕێژ و توندوتیژی زۆریان بەرامبەریان بەكارهێناوە.
بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە میدیاکان بڵاویان كردۆتەوە، ئەو گەنجانەی كە دەستگیر كراون، لە بارودۆخێكی زۆر خراپی نامرۆیی و قێزەون مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. بەپێی هەواڵی راگەیاندنە رەسمییەكانی مەغریب بێت: تەنها لەو شەوەدا لە کاتی پەلاماری پۆلیسدا، زیاتر لە (18) گەنجیان گیانیان لەدەستداوە و دەیانی تریان دەستگیركراون و سەدانی تریشیان رووبەڕووی ئەشكەنجەی زۆر توند كراونەتەوە.
ئەوەی زانراوە ئەوەیە كە ئامادەگی ئەو هەموو هاووڵاتییە ئەفریقییە لەسەر خاكی مەغریب جێگەی پرسیارە، چونكە هەموو سنوورە وشكانییەكانی ئەو وڵاتە داخراون، سنووری خۆرهەڵاتی لەگەڵ جەزائیر دەیان ساڵە داخراوە، سنووری باشووری لەگەڵ كۆماری سەحراوی دیموكراتی لە 13ـی شوباتی 2020 و هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ بەرەی پۆلیساریۆ داخراوە.
زۆربەی ئەو هاووڵاتییە ئەفریقیانەی لەناو مەغریبدان، ئەوانەن كە بەشێوەیەكی شەرعیی و لەڕێگەی ئاسمانی و بەهێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە گەیشتوون بە مەغریب، ڤیزای رەسمیان وەرگرتووە، مافی نیشتەجێبوونیان پێدراوە، ئەو رووداوانە لەكاتێكدان كە دەسەڵاتدارانی ریبات لە هەوڵی كردنەوەی هێڵی ئاسمانین لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەفریقی بەتایبەت ئەوانەیان بەزمانی فەرەنسی قسە دەكەن، بۆئەوەش ئاسانكارییان بۆ سەدان كەس لە گەنجان كردووە كە ئارەزووی دەستكەوتنی هەلی كار دەكەن، بەڵام ئێستا كە گەیشتوونەتە، ئەو وڵاتە، وەك كارتی گوشار بۆسەر ئەوروپا و لەڕێگەی ئیسپانیاوە بەكاریان دەهێنێت.
لەو چەند ساڵەی دواییشدا،  مەغریب لە چەندین وێستگە و قۆناغدا، بەتایبەتی لەكاتی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێ‌ باكوورییەكەی، ئاسانكاری بۆ سەدان كۆچەر كرد تا بگەن بە وڵاتەكەی، لەوێ‌ رایانبگرێت، سەركوتیان بكات و بیانكوژێت، بۆئەوەی رەزامەندیی ئەوروپییەكان لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە بەدەستبهێنێت.
بۆچی مەغریب وا دەكات؟
چاودێرانی سیاسی هۆكاری نواندنی ئەو مامەڵە توندە پۆلیسییەی دەسەڵاتدارانی مەغریب لەگەڵ گەنجانی كۆچەری ئەفریقی بۆئەوە دەگەڕێننەوە كە ئەو وڵاتە دەیەوێت ئەو پەیامە بە ئیسپانیا و ئەوروپاش بدات، كە ئەوان لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئامارەكانی كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا، رێوشوێنەكانیان زۆر توند كردۆتەوە، تا باوەڕیان پێبهێنن كە هەوڵەكانیان لەو پێناوەدا بەردەوامە و نایانەوێت ئەو سەدان ملیۆن دۆلارەی ساڵانە لەبەرامبەر ئەوە لە ئەوروپای وەردەگرن، لەدەستی بدەن.
سەبارەت بەو مامەڵە توند و نامرۆییەی دەسەڵاتدارانی مەغریب لەگەڵ كۆچەرانی ئەفریقی، حەمادە سەلما  وتەبێژی رەسمی و وەزیری راگەیاندنی حكومەتی سەحراوی دیموكراتی عەرەبی، بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەكەی راگەیاندووە:دەوڵەتی داگیركەری مەغریب، تاوانێكی گەورەی مرۆیی کردووە، هەموو ئەوەش بۆئەوەی سوپاسێكی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا وەربگرێت.
وتیشی: قبوڵكراو نییە ئەو تاوانە مرۆییە لەسەر سنووری وڵاتێكی ئەوروپی بکرێت، بەتایبەت كە مەغریب لەسەر خواست و داوای ئەوان ئەو كارە تاوانكارییە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی ئەفریقی دەكات، ئەوەی دەسەڵاتدارانی ریبات دەیكەن دژی مافی مرۆڤە و مامەڵەیەكی تەواو نامرۆییە و هەموو جیهان بە دەنگ و وێنە شاهیدی ئەو كارە قێزەونەن. ئەو قسانەش، وەك وەڵامێك بۆ لێدوانی بەرپرسێكی ئیسپانی لێكدەدرێتەوە كە دوای رووداوەكە باسی لەوەكرد كە دەسەڵاتدارانی مەغریب بە سەركەوتوویی رێگەیان لە شەپۆلێكی كۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتەكەیان گرتووە.
وتەبێژی حكومەتی سەحراوی داوای لە یەكێتی ئەفریقا و نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ و كۆچەران كرد، دەستوەردانی بە پەلە لەپێناو رزگاركردنی گیانی ئەو هەزاران كۆچەرە ئەفریقییە بكەن كە ئێستا لە مەغریب ژیانیان لە مەترسیدایە، چونكە بینیویانە بەشێوەیەكی هەمەجی و سەركوتكارانە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.
مامەڵەی دەسەڵاتداران و چیرۆكی تراژیدی
مامەڵەی دەسەڵاتدارانی مەغریب و ئیسپانیا لەگەڵ كۆچەران و ئەوانەی نیشتەجێی كامپەكانن لە سەر سنوورەكان لەئاستێكی خراپدایە و كۆچەران ناڕازین و بەسەرهاتی تراژیدی ژیانیان دەگێڕنەوە.
رەفیق كۆچەرێكی سودانییە و لە مانگی ئازاری رابردووەوە لە ناوچەی سیتی لە سنووری شارە ئیسپانیەكەیە باس لەوە دەكات توندوتیژییەكی بەرنامە بۆداڕێژراو لەبەرامبەر كۆچەران بەكاردەهێنرێت.
ئەو، دەڵێت: پێنج رۆژ پێش ئێستا گەنجێكی سودانی هاوڕێی بەناوی موهەنەد، ئەو كاتانەی پرسیاری خواردنی كردووە، بە توندی لەلایەن پۆلیسی شارەكەوە لێیدراوە. موهەنەد نەخۆشی شەكرەی هەیە، پسووڵەی پزیشكی هەیە، تاوەكو لە ریز نەوەستێت بۆ وەرگرتنی خواردن و بەخێرایی وەریبگرێت، ئەو پسووڵەكەی پیشانی پیاوانی پۆلیس دابوو، یەكێكیان بەتوندی پاڵی پێوەنابوو، كردبوویە ریزەكەوە، ئەوكاتەشی كە موهەنەد سوور بوو لەسەرئەوەی لە ریزەكە نەوەستێت، بەپاڵ بەرەو رووری پاسەوانەكە بردوویان.
رەفیق باس لەوەش دەكات، پاسەوانەكە لەڕێگە پەلاماری سەروچاوی موهەنەدی داوە و دەموچاوی بریندار كردووە، كەس نازانێت لەسەرچی وادەكەن، چۆن دەبێت بە چوار پۆلیس لە نەخۆشێكی شەكرە بدرێت و لەژووری پۆلیس زیندانی بكرێت و دەرگای لەسەر  دابخرێت. وتیشی: بەهۆی لێدان و ئەشكەنجەوە، موهەند چەندین شوێن لە جەستەی بریندار بووە، چاوی چەپیشی تووشی خوێنبەربوون هاتووە.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان چی دەڵێن؟
مانگی ئایاری رابردوو كۆمەڵەی كاری كۆمەڵگەیی بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی چاودێریی زیانلێكەوتووانی خراپی مامەڵە و ئەشكەنجە، راپۆرتێكیان لەبارەی بارودۆخی كۆچەرانی سەر سنووری مەغریب و ئیسپانیا بەناونیشانی (كوولەمەرگی سنوور) بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بەوە كرد، %11.3ی ئەوانەی نیشتەجێی ناوەندی شاری سیتیـن بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە، %37.7یشیان بەكردار ئەو هەوڵەیان داوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە: %61.7یان دانیان بەوە داناوە كە لەكاتی تێپەڕبوونیان بەو سنوورەدا رووبەڕووی ئەشكەنجە بوونەتەوە، هاوكات باسیان لەوەشكردووە كە ئامانجی سەرەكیان گەیشتنە بە ئیسپانیا. هەروەك %25.9ی كۆچەران هیچ هاوكارییەكیان بەدەستناگات و %50 ئەوانەشیان لە شاری مەلەیلیەی ئیسپانیا نیشتەجێن لەلایەن پۆلیسی ئەو ناوچەیەوە تووشی لێدان و ئازار كراونەتەوە.
نەمانی تایبەتمەندی
هەندێك لە كۆچەرانی نیشتەجێی ئەو ناوچە سنوورییەی نێوان مەغریب و ئیسپانیا باسیان لەوە كردووە، بەهۆی قەرەباڵخی شوێنەكەوە هیچ شتێكی تایبەتیان نەماوە، وەك مرۆڤ ناتوانن بژین، یەكێكیان باسی لەوە كردووە كە ناوێرن بۆ مەلەكردنیش پێڵاوەكانیان لەپێ دابكەنن، دوای كەمێك دەدزرێت، بەوهۆیەشەوە كەم رۆژ هەیە شەڕ لەنێوان دانیشتوانی كامپەكە دروست نەبێت و كارگێڕی ناوچەكە و پۆلیسیش هیچ رۆڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی ژیان لەو ناوچەیە ناگێڕن.
چاودێریی تەندروستی و سەلامەتی
لەبارەی چاودێریی و سەلامەتی تەندروستیشەوە: ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوە كردووە، %52.8ی ئەو كۆچەرە ئەفریقیانەی لەو ناوچەیە نیشتەجێن، چاودێریی و سەلامەتی تەندروستیان لەبارێكی خراپدایە و ناتوانن دەستیان بەچارەسەری پزیشكی بگات، بۆ نموونە چەندینجار روویان لە بنكە تەندروستییەكەی ناوچەكە كردووە، تەنها پێیان دەڵێن: فڵان نەخۆشیتان هەیە، بەڵام هیچ دەرمان و چارەسەرییەكیان پێنادەن.
سەرچاوەكان:
- ئاژانسی هەواڵی حكومەتی سەحراوی.
- ماڵپەڕی مهاجر نیوز.
- ماڵپەڕی دوێتچە ڤیللەی ئەڵمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان