وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی لە شاری هەولێرەوە رایگەیاند، یەکێتی کۆتایی دەهێنێت بە کپکردنی دەنگی ئازاد، کۆتایی بە کێشەی مووچە و یاریکردن بە چارەنووسیان دەهێنین.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند: داوای بانگەشەیەکی هێمن و شارستانی دەکەین، ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و دەنگی هاووڵاتیانی هەرێم سەنگی مەحەک و یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی چارەنووسێکی روون.
وتیشی، هەرێم لەبەردەم دوو ئاڕاستەدایە ، ئاڕاستەی باڵێکی خۆسەپێنی تاکڕەو و شەڕانگێزە، ئاڕاستەی دووەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکە بەهێزەکەیەتی بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و دەنگدەران خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن.
وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی وتیشی: لەبەر رۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێتی کۆتایی دەهێنێت بە کپکردنی دەنگی ئازاد و کۆتاییش بەوە دەهێنێت کە لەسەر وشەیەک رۆژنامەنووس زیندانی بکرێت و ئەشکەنجە بدرێت، کۆتایی بە زیندانیکردنی کوردستان لەهەرێمی کوردستان دەهێنین، کۆتایی بە کێشەی مووچە و یاریکردن بە چارەنووسیان دەهێنین، کە چەندین ساڵە مووچەی هاووڵاتیان دەدزرێت، کۆتایی بەدەستی حزب لە حوکمڕانی دەهێنین، کۆتایی بە حکومەتی پۆلیسی دەهێنین لە سایەی حکومەتێکی ئاژاوەگێڕدا.
ئاماژەشی کرد کە دەبێت حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزار بێت و گەنجەکانمان لەناو وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە، دەبێت جیاوازی نەکرێت لە خزمەتگوزاری لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، کۆتایی هێنان بە عەقڵیەتی شەڕانگێز و تاکڕەو تەنها بەیەکێتی و سەرۆک بافڵ دەکرێت، یەکێتی باوەڕی بەخەباتی مەدەنی هەیە و لە رابردوو و داهاتووش ئەوەی دەیڵێین کردوومانە و دەیکەین، چارەنووسی کوردستان و راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی لە دەستی هاووڵاتیان و دەنگدەراندایە و متمانەمان پێبکەن و با کۆتایی بەو دەسەڵاتە تاکڕەوە بهێنین.