ئامادەکردنی: دانای شەدەڵە
ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردنی گشتی لە نەمسا بەڕێوەدەچێت و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پتر لە شەش ملیۆن و شەش سەد کەس (بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ) مافی دەنگدانیان هەن.
لە ناو پەرلەمانی نەمسادا نوێنەری چەندی پارتی گەورە و بچووک هەن و گرنگترینیان بریتین لە پارتی سۆسیالدیموکراتی نەمسا SPÖ، پارتی گەل (مەسیحیی کۆنەپارێز) ÖVP، پارتی ئازادی(نەتەوەپەرست) FPÖ، پارتی سەوز Grüne، پارتی لیبراڵ NEOS،
بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە سیانزە هەزار کەس بۆ سەرپەرشتیکردنی هۆڵەکان و گواستنەوەی سندوق و ڕێنومایی کردنی دەنگدەران ئامادەکراون، هەشت هەزار کەسیش لە ڤیەننا خەریکی کاری لۆجستیکی ئەو هەڵبژاردنەن.
هەروەها لە 1.100 هەزار و سەد هۆڵی دەنگداندا 2.400 دوو هەزار و چوارسەد کابینەی دەنگدان دروستکراون. سێ هەزار و دووسەد مێز و پێنج هەزار و هەشت سەد کورسیی لە نزیک یەکترەوە دانراون.
سەبارەت بە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن و نەهاتنە پێشی هیچ کۆسپێک لەبەردەم هاووڵاتییاندا و بۆ سوودوەرگرتن لە مافی دەنگدان و پڕۆسەی دیموکراسی، یورگێن چێرنۆهۆڕسکی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ڤیەننا دەڵێت، هەڵبژاردن هەر لەخۆیەوە ڕوونادات، بەڵکو بریتییە لە نەخشەکێشان و ئەرک و ماندووبوونی هەزاران مرۆڤ لە نەمسا کە پێویستە سوپاسیان بکەین.
لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2019 دا رێژەی دەنگی پارتەکان بەمشێوەیەی خوارەوە بوو: پارتی گەلی مەسیحی 37.5، پارتی سۆسیالدیموکرات 21.2، پارتی ئازادی (نەتەوەییەکان) 16.2، پارتی سەوز 13.9، پارتی نیۆس(لیبراڵ) 8.1.
ماوەتەوە بڵێم پارتی سۆسیالدیموکراتی نەمسا کە دەستە خوشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە لە رێکخراوی سۆسیالیستی ئینتێرناسیۆناڵ IS، حەوت ساڵە ئۆپۆزیسیۆنە و دوایین پرۆگنۆز و پێشبینیی میدیاکان پێیانوایە هاووڵاتییانی نەمسا لە رۆژی یەکشەممە بەمجۆرە دەنگ بە پارتە گەورەکان دەدەن
پارتی گەل ی مەسیحی ÖVP: %26، پارتی سۆسیالدیموکرات SPÖ %21، پارتی ئازادیی نەتەوەپەرست FPÖ %26.