حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ هونەر

11:06 - 2024-09-29
کەلتور
90 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

نوری حەمە ساڵح ساڵی 1940 لـــــــــە سلێمانی گەڕەکی دەرگەزێن هاتۆتە دنیاوە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەڵییە خوێندووە.
سەرەتا لای مەحمودە فەندی رەسام فێری پیشەی وێنەگری بووە، بەڵام خولیای بۆ شانۆ و دەرهێنان وای کردووە لەو بوارەدا کاربکات، لەگەڵ هونەرمەند عومەر هەڵمەت زیاتر کاری کردووە.
لە ساڵەکانی شەستەکاندا ستۆدیۆی خۆی بە ناوی ستۆدیۆ هونەر داناوە، لە شەقامی مەولەوی نزیک سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی بووە، ئەو ناوەش لەوەوە هاتووە کە خالید دلێر ناز ناوی هونەری لێناوە بەهۆی کارە هونەرییەکانییەوە.
لەبەر تایبەتمەندیی و سەلیقەی لە وێنەگریدا کاری وێنەگرتنی بۆنەکانی زانکۆی سلێمانی  و یاریگای سلێمانی و شانۆگەرییەکانی شاری سلێمانی لە ئەستۆ گرتووە، بەو هۆیەشەوە فلاشگێری زۆری هەبووە لەوانە جەعفەر، قادر مەجید، بەکر، تەها و...هتد.
لە ساڵی حەفتاکان بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی کردووە، لە دەربەندی (رایەت) سنووری چۆمان لە بەشی راگەیاندن لەگەڵ م/عەلی جۆڵا، م/ نوری ئیسماعیل، م/ نوری تۆفی بووە و وێنە و ڤیدیۆی شەڕەکانی گرتووە و کردوویەتی بە فیلم و خۆی دەرهێنەری فیلمەکە بووە.
کاتێک چۆتە شاخ کەسێک بە ناوی فەتاح دوکانەکەی بۆ بردووە بەڕێوە، بەڵام لەلایەن ئەمنەوە هەڵیان کوتاوەتە سەری و قفڵیان لە دوکانەکەی دا و تا کاتی گەڕانەوەی لە شاخ کە رژێم لێبوردنی گشتی دەرکردووە هەر داخرابوو.
ساڵەکانی 1975 بۆ 1976 جارێکیتر ستۆدیۆکەی کردۆتەوە و دەستی بەکاری وێنەگرتن کردەوە.
لەماوەی کارکردنی وێنەی زۆربەی خوێندکارەکانی زانکۆ و یاریزانەکانی سلێمانی و کەسایەتییە ناودارەکان و هونەرمەندان و شاعیرانی گرتووە، وەک: عەلی مەردان، ئەنوەر قەرەداغی، شێرکۆ بێکەس، خوشکە گەزیزە، لە جامخانەی دوکانەکەی دای ناون.
ستۆدیۆ گوڵشەن کە خاوەنەکەی عوسمانی قادر ئاغایە، هەموو فیلم و جامەکانی داوە بە ستۆدیۆ هونەر و ئەرشیفەکەی زیاتر و گەورەتر کردووە.
ساڵی 2012 توانای کارکردنی نامێنێ و کەل پەلەکانی کۆ دەکاتەوە و دوکانەکەی دەکات بە وەکیلی کۆڕەك تاچەند مانگێك پێش مردنی، بەداخەوە لە 15/8/ 2017 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و لە سلێمانی لەگردی کاسە و کەوچك نزیك گردی سەیوان بە خاك دەسپێردرێت.
ئەم وێنەگرە دوو جار خێزانی پێك هێناوە، خاوەن دوو کورە، ئێستا دووکانەکەی کراوە بە شیرینی فرۆشی و کەل وپەل و فیلم و جامەکانی لەلایەن  بڕوای کوڕییەوە پارێزراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان