تایبەتە بەو کەسانەی دەگەڕێنەوە ناو یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان

گەرمیان، لیژنەی لە خۆگرتن، رۆژانە لە پێشوازییاندایە

11:13 - 2024-09-29
ڕاپۆرت
111 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز    

لە سەرەتای دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە سنووری مەڵبەندی گەرمیان هەشت بازنەی هەڵبژاردن و سەدان لیژنەی بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن دروستكردووە، لیژنەی (لە خۆگرتن - ئیستیعاب) یەكێكە لەو لیژنە گرنگانەی كار بۆ ئاشتكردنەوەی یەكێتییەكان و پێشوازیکردن لەو كەسانەی لە پارتە سیاسییە جیاجیاكانەوە دێنە ناو ریزەكانی یەكێتی پێكهێنراوە.
لیژنەی لەخۆگرتن تائێستا سەردانی سەدان خێزان و كەسایەتییان لە دەڤەری گەرمیان كردووە و پێشوازییان لە ژماریەكی زۆر لەو كەسانە كردووە كە سیاسەتی یەكێتی كۆیان دەكاتەوە و دێنە ناو ریزەكانی یەكێتی و لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی پێدەدەن.

 

كاندیدی ژمارە 45 لە سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ  :
روو لە هەر بارەگایەكی یەكێتی و بازنەكانی هەڵبژاردن دەكەین پڕن لە گەنج کە ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگین

دەنگدان بە یەكێتی
محەمەد حەمەساڵح ئەندامی لیژنەی لەخۆگرتن بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لیژنەكە پێكهێنراوە و پلانی هەبووە بۆ چوونە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، لەم ماوەیەدا ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندووە، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ خەڵكی جیاواز و رازیكردنیان بە سیاسەتی یەكێتی و سەركەوتووش بووین لە جێبەجێكردنی كارەكانی لیژنەكەدا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی لەخۆگرتن وتیشی: بە رێژەی جیاواز لە بەشێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكانەوە خەڵك هاتۆتە ناو ریزەكانی یەكێتی و بڕیاریانداوە دەنگ بە یەكێتی بدەن لەم هەڵبژاردنەدا، کە ژمارەی زۆریان لە لایەنگران و دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕانن و گەڕاونەتەوە ناوی یەكێتی و پێشوازییان لێکراوە. لەبەرئەوەی خۆیان و كەسوكاریان مێژوویەكیان لەناو یەكێتیدا هەیە. هەروەها بەشێك لە بنەماڵە و كادیرە دیارەكانی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هاتوونەتە ناو ریزەكانی یەكێتییەوە لە دیارترین و بەناوبانگترین خێزانەكانی سەر بەو رێكخستنەبوون.

 

وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی بۆ کوردستانی نوێ :
خەڵك بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی  ئومێدیان بە یەکێتی هەیە و بە چارەسەری کێشەکانیانی دەزانن بۆیە  رووی تێدەکەن

 

ئومێد بە یەكێتی
عەلی دەروێش وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەو بارەیەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: خەڵك بۆی روونبۆتەوە ئەوەی هەیە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن هێزێكی پۆپۆلیست و بەرژەوەندیخوازە و ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان نییە.
وتیشی: خەڵك ئومێدی بە یەكێتی هەیە و بە چارەسەری كێشەكانی دەزانێت و گەنجان بەتایبەتی روو لە بارەگاكانی یەكێتی دەكەن و بڕیارە دەنگ بە یەكێتی بدەن. بەشێكی ئەم گۆڕانكارییەش لە شەقامی كوردستاندا پەیوەندی راستەوخۆی بە سیاسەتی ئێستای یەكێتی و جوڵەكانی سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانییەوە هەیە كە دڵخوز و جێگە متمانەی گەنجانە بە تایبەتی.
عەلی دەروێش باسی لەوەشكرد: ئاڕاستەیەك هەیە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێم كە یەكێتی پێشەوایەتی دەكات و خەڵكی كوردستان و گەنجانیش پشتگیریی لەو ئاڕاستە نوێیە دەكەن.

 

ئەندامی لیژنەی لەخۆگرتن بۆ کوردستانی نوێ :
ئەرکی لیژنەکە ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویرەکانی یەکێتی و پێشوازیکردنە لە ئەندام و لایەنگری حزبەکانی دیکە

 

ئەرکی لیژنەی لەخۆگرتن
نیان یاسین كادیری یەكێتی و كاندیدی ژمارە 45 لە بازنەی سلێمانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: جێگەی دڵخۆشییە روو لە هەر بارەگایەكی یەكێتی و بازنەكانی هەڵبژاردن دەكەین پڕن لە گەنج و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی دەكەن و ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگین لەگەڵ كاندیدەكانی یەكێتی.
وتیشی: لە كاتی بە سەركردنەوەی ماڵ و خێزانەكان لە چین و توێژ و تەمەنە جیاوازەكان هەست بەوە دەكرێت كە ئامادەیی پێشوەختەیان بۆ بە پیرەوەچوونی بانگەوازی یەكێتی هەیە لەم هەڵبژاردنەدا و متمانەیان بە سیاسەتی یەكێتی هەیە بۆ راستكردنەوەی حوکمڕانی و هاوسەنگی  لە دەسەڵاتدا، بۆیە گەشبینم بە ئەنجامی هەڵبژاردن و سەركەوتنی لیستی ژمارە 129.
محەمەد حەمەساڵح ئەندامی لیژنەی لەخۆگرتن وتیشی: لیژنەكەمان جگە لە پێشوازی لە ئەندام و لایەنگرانی لایەنەكانی تر بەشێكی تری كارەكانی ئاشتكردنەوەی ئەو یەكێتییانەیە كە بەهۆكاری جیاجیا لە رابردوودا لە یەكێتی نیگەران بوون و نەچوونەتە ناو هیچ لایەنێكی سیاسییەوە، سەردانیان دەكەین و گفتوگۆی برایانە و یەكێتییانەیان لەگەڵ دەكەین و ئەوانیش بە سینگ فراوانییەوە  گلەیی و ناڕەحەتییەكانیان دوادەخەن بۆ دوای هەڵبژاردن و بە دەم داواكاری  لیژنەكەمانەوە دێن بۆئەوەی لەم وێستگەیەشدا پێكەوە یەكێتی سەربخەین لە بەرژەوەندی خەڵك و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیدا.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان