ساڵی داهاتوو سەرۆکی مونتەداکە لە یەکێتی دەبێت ...

وەفدێكی یەكێتی بەشداری لە دوو كۆبوونەوەی گرنگ لە میسر و شیللی دەكات

01:26 - 2024-09-29
کوردستان
414 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قاهیرە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری لە دوو كۆبوونەوەی گرنگ لە میسر و شیللی دەكات.
د. یاسین رەئوف نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قاهیرە لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی دارا خەیلانی، فریاڵ عەبدوڵڵا - ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، زانا بێستون و بەندە، بەشداریمانكرد لە مونتەدای (الدیمقراطی الاجتماعی فی العالم العربی) كە (حزب المصری الدیمقراطی الاجتماعی) سازیدەكات و لە كۆمەڵێك هێزی ئەوروپی و ئەفریقی و ئاسیایی و چەپەكان و ئیشتراكی پێكدێت، ئەمەش وەك ئامادەكارییەكە بۆ ئەو كۆنگرەیەی بڕیارە لە 5  و 6ی مانگی داهاتوو لە وڵاتی شیللی ببەسترێت و نوێنەرەكانی یەكێتی (دارا خەیلانی و زانا بێستون) بەشداردەبن تێیدا.
وتیشی: ئەمساڵ مونتەداکە لە میسر بەستراوە و سەرۆکەکەی هەڵبژێردراو کە (فەرید زەهران) بوو و سەرۆکی حزب المصری الدیمقراطی الاجتماعی-یە، بەپێی پەیڕەوی مونتەداکەش ساڵی ئایندە لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ئەم مونتەدایە لە کوردستان دەبێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت سەرۆکی مونتەداکە.
وتیشی: لە رۆژی دووەمی و ئەو مونتەدایەدا، بەندە پانێڵێکم هەبوو سەبارەت بە ئەو تەحەددییە گەورانەی رێکخراو و حزبە چەپەکان هەیە لەکاتێکدا کە راستڕەوی توندڕەو روو لە هەڵکشانە.
نوێنەری یەكێتی لە قاهیرە باسی لەوەشکرد: دۆسێی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دۆسێیەكی گرنگە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەو تەحەددییانەی كە رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لەو پرسانەی لە كۆبوونەوەكەدا زۆر باسی لێوەكرا مەسەلەی كورد بوو، هاوشان بە پرسی فەلەستین و غەززە باسی لێوەكرا، دۆستەكانی کورد و یەکێتی هەم لە تونس و هەم لە وڵاتانی تر، زۆر بەگرنگییەوە باسی پرسی كوردیان كرد لە هەر چوار بەشەكەی كوردستاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان