لە میدیاکانی سوریاوە

02:39 - 2024-09-29
جیهان
70 جار خوێندراوەتەوە

ئەسەد سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کابینەی نوێی سوریا دەکات
رۆژنامەی (تشرین)ی چاپی دیمەشق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی کابینەی نوێی حکومەتی سوریای ئاشکراکرد کە بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەسەد داوای لە سەرۆک و وەزیرەکانی کابینەکە کرد کە هەوڵی پەرەپێدان و بوژاندنەوەی گشتی لە وڵاتەکەدا بدەن و لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن کە خراوەتە ئەستۆیان.
هەروەک داواشیکردووە کە هاوکاری و هاوئاهەنگیی تەواو هەبێت لەنێوان تیمی کابینەکە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەشێوەیەکی گشتی.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەسەد رایگەیاندووە کە لە دەستپێکدا بە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا رەت دەبن، ئاساییشە کە دەبێت ئامانجی لەپێشینەی هەر دامەزراوەیەک سەرەتا بە کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان دەستپێبکات، بۆیە داوایکرد کابینەی نوێ کابینەی واقیعەکە بێت نەک کابینەی خەون و خەیاڵ.
 
وەفدی یونیسێف و خاچی
سوور سەردانی وێستگەی عەلوک دەکەن لە پارێزگای حەسەکە
رۆژمانەی (الوطن)ی چاپی سوریا ئاشکرایکرد کە وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریی منداڵان (یونیسێف) و لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە سوریا سەردانی وێستگەی (عەلوک) یان کرد لە شارۆچکەی سەرێ کانی باکووری پارێزگای حەسەکە، بەمەبەستی کارپێکردنەوەی ناردنی ئاو بۆ شارۆچکەکە کە خەڵکی ئەو شارۆچکەیە بۆ خواردنەوە پشتیان بەو سەرچاوەیە بەستووە.
لەو رووەشەوە وەفدەکە بە هاوڕێیەتی و لەژێر پارێزگاریی سەربازیی ئاسمانی و زەویی روسیادا روویان لەو ناوچەیە کرد لە شارۆچکەی دەرباسییەی باکووری قامیشلییەوە رووەو وێستگەکەی سەرێ کانی.
جێی ئاماژەیە ئەوە پێنجەمین جارە کە وەفد روو لە (عکوک) دەکات بەمەبەستی ناردنی ئاو کە بەهۆی داگیرکاریی تورکیاوە ئاو لە دانیشتوانی پارێزگای حەسەکە بڕاوە کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی تێدا دەژی. 



لەبارەی دۆخی لوبنانەوە 
داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکرێت
رۆژنامەی (الثورة)ی زمانحاڵی حزبی بەعسی فەرمانڕەوای سوریا راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەنووکەیی لوبنان بڵاوکردۆتەوە کە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە پشتی بە داواکارییەکی جۆزێب بۆرێل نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا  بۆ کاروباری دەرەوە بەستووە کە تێیدا داوا دەکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆڵی بەرپرسیارانەی خۆی بگێڕێت سەبارەت بە هەڵکشانی مەترسییەکان لە لوبنان، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس بوونەتە قوربانی و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن.
ئەو لێپرسراوەی ئەوروپا جەختیشی لەسەر پێویستیی رێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە هەردوولا ئاگربەست بچەسپێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان