قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ژمارەیەک لە گوندەکانی سنووری پشدەر لە ئیدارەی راپەڕینی بەسەر کردەوە.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە سەردانەکەیدا بۆ گوندەکانی شێنێ، زەڵێ و چەند گوندێکی دیکەی سنوورەکە لەگەڵ دانیشتوانی ئەو گوندانە کۆبووەوە و سڵاوی سەرۆکی یەکێتی و پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێگەیاندن و رایگەیاند یەکێتی ئێستا، یەکێتی چەند ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵکو هەمان ئەو یەکێتییە بەهێزەیە کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێت.
وتیشی یەکێتی ئێستا لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک بافڵدا ئەو هێزەیە کە هەر بەڵێنێک بدات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکات و بڕیاریشی داوە کە لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستاندا رێڕەوی حکومڕانی لە هەولێر راست بکاتەوە و دەشیکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا وەکچۆن لە سەردەمی شۆڕشدا، یەکێتی بەبێ پشتیوانی گوندنشینان نەیدەتوانی رژێمی بەعس بە چۆکدا بهێنێت، ئێستاش بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە حکومڕانی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، یەکێتی لە گوندەکانەوە دەستپێدەکاتەوە.