مەڵبەندی سێی هەولێر لە پەیامی ئەمڕۆدا رایگەیاند، دەمێکە پێگە عیراقیەکانیش سەلماندویانە کە بەڕازیلیە سوورەکە هی بەغدابوو، ئاساییە دەست بە بەڕازیلییە سورەکەوە بگرن، هەر ئەوەتان هەیە وەکو پنچکە گیا بەری نەدەن.
دەشڵێت، ئەوە قسەی ئێمە نییە، بەڵکو قسە و ژمارەی ڕێکخراوە بیانییەکانی ناو هەولێرە، وتیان لەڕۆژی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ لە یازدە هەزار ئوتۆمبێلی ئەوکاتەی ناوشاری هەولێر شەش هەزاریان بەزۆر لە خەڵك سەند، بە ئوتۆمبێلەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتیشەوە.
مەڵبەندی هەولێر دەشڵێت، دەتانەوێت لەم ڕێگەیەوە شەهیدبوونی ٤٥٠ پێشمەرگەی یەکێتی و هاوڵاتی و بێسەروشوێنەکان بشارنەوە؟
یان دەتانەوێ لەڕێگەی ئەم کردەوە شەرمەزاریەتان شەهیدبوون و شوێنبزرکردنی ١٥٠٠ کەس لە ئەندامانی سوننە و شیعە و کلدۆئاشوری سەر بە ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و ٢٨٧ شەهیدی بەرەی تورکمانی لەبیر کەسوکاریان و خەڵکی عیراق ببەنەوە؟
بەتەنیا لەیەکەم شەوی ٣١ی ئابدا، شەش هەزار حاڵەتی دزیکردن و تاڵانکردن و هەڵکوتانە سەرماڵانتان ئەنجامدا، تەنانەت دزی و تاڵانییەکان ماڵی پەڕلەمانتارەکانی ئەوسای پارتیشی گرتەوە.
راشیگەیاندووە، فەرمانگەی تاقیگەی بیناسازی لەسەر ڕێگەی عینکاوە لەتەنیشت تەلاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو، بایی ملیۆنان دۆلار میزانی ئەلیکترۆنی و ئامێری پشکنینی مەوادی خانوبەرەی تێدابوو، تا ئەوکاتەی هێزەکانی حەرەس جمهوری بەعس لەوێ بوون، نەدزران ، بەڵام دوای ئەوەی کەوتە دەست ئەوان هەموویان دزی.
دەشڵێت، باسی دزینی ئەو کۆمپیوتەرانەی زانکۆ و پەیمانگەی تەکنیکی هەولێرێش ناکەن کە ڕێکخراوە بیانییەکان دابینیان کردبوو، لە ٣١ی ئاب هەموویان تاڵانکرد، ''بۆیە جارێ هەر ئەوەندەتان بەسە''.