پشتیوانیی لە لیستی ١٢٩ی یەكێتی دەكەین

شێخ سالار سەدرەدین سورچی و خانەوادەكەی پەیوەندییان بە یەكێتی-یەوە كرد

09:42 - 2024-10-01
کوردستان
88 جار خوێندراوەتەوە

شێخ سالار سەدرەدین سورچی ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و خانەوادەكەی، پەیوەندییان بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كرد.
دوێنێ، ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، بەهاوڕێیەتیی حاجی فارس یونس ئاغا رەشگەری، لە گوندی زێراف لە دەڤەری سورچیاتی سەردانی شێخ سالار سەدرەدین سورچی كەسایەتیی دیاری دەڤەری سورچیاتی كرد، كە خۆی و خانەوادە و كەسوكاری پەیوەندییان بە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كرد.
شێخ سالار سەدرەدین كەسایەتیی بەناوبانگی سورچیاتییە و برازای شێخ ئەحمەد سورچییە و ماوەی هەشت ساڵ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بوو لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە سەردانەكەیدا، ئاراس محەمەد ئاغا، رایگەیاند: یەكێتی، هەمیشە ماڵێكی گەورەیە و دەرگای واڵایە بۆ هەموو چینوتوێژێكی كۆمەڵگەكەمان لە كوردستاندا، وتیشی: حزبەكەی سەرۆك مام جەلال، خۆی بە خزمەتكاری هەموو هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دەزانێت و هەرچییان پێویست بێت درێغی ناكات لە جێبەجێكردنیدا.
لای خۆیانەوە، شێخ سالار سەدرەدین و كەسوكار و بنەماڵەكەی، سوپاسی ئاراس محەمەد ئاغا-یان كرد بۆ پێشوازیی گەرمی و بەڵێنیان دووپاتكردەوە كە لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كاربكەن و پشتگیری و پشتیوانیی لە لیستی 129ی یەكێتی دەكەن و هەوڵی سەرخستنی كاندیدانی دەدەن.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان