لە بازگەی شێراوە، گێچەڵ بە کاندیدانی یەکێتی دەکرێت

09:59 - 2024-10-01
ڕاپۆرت
237 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئیدریس جەبار


لەکاتی گەڕانەوەیدا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، شێرزاد شێخانی کاندیدی ی.ن.ک لەسەر لیستی بازنەی هەولێر، لە بازگەی  ئاسایشی پارتی  گێچەڵی پێدەکرێت. لەوبارەیەوە شێرزاد شێخانی لە لێدوانێکیدا بە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانی راگەیاندووە: «رۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی یەکێتی لە سلێمانی، گەڕاوەتەوە بەرەو هەولێر، بازگەی شێراوەی ئاسایشی پارتی رایانگرتووە و داوای ناسنامەی خۆی و کوڕەکەیان کردووە».
وتیشی: «سەرەتا بابەتەکەی بە ئاسایی و رێوشوێنی رۆتینی وەگرتووە، بەڵام دواتر وتویەتی سندوقەکە هەڵبدەنەوە، کە هەڵماندایەوە کارتۆنێک کارتی بانگەشەی منی تێدابوو، کە بینیان رەنگەکە سەوزە و هی کاندیدی یەکێتییە، ئیترپێیانوتین دەبێت ئۆتۆمبێلەکەتان لادەنە لاوە و بچنە ئیدارەی بازگەکە».
دەشڵێت: «کوڕەکەم چووە ئیدارەی بازگەکە زۆری پێچوو، بۆیە نیگەران بووم و چووم بۆ سۆراغی تا بزانم چ کێشەیەک هەیە، بەڵام کە چووم پرسیارم کرد، کەسێکی بێ ئەتەکێتی لێبوو، وەڵامی نەداینەوە، بەڵام  بینیم هەموو بەڵگەنامەکانی خۆم و کوڕەکەم و مۆڵەت و سەنەویی ئۆتۆمبێلەکەیان خستووەتە ناو ئامێری فۆتۆکۆپییەوە، لەناو کۆمپیوتەرەکەدا خەزنیان دەکات.
شێخانی روونیشی کردەوە کە سەیرە ئەوانە کاریان بە بەڵگەنامەی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکەیان چییە و بۆ دەیخەنە ناو داتای ئاسایشەوە؟».
لەلایەکی دیکەوە ئەوەی ئاشکرا کرد، هەر هەمان رۆژ خاتوو هێرۆ بەرزنجی کە ئەویش یەکێکە لە کاندیدە ژنەکانی لیستی 129ی یەکێتی، هەمان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. 
شێخانی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەو ترسەی پارتی لە هەڵبژاردن و وتی: «ئەم مامەڵە پۆلیسی و موخابەراتییە لەبەرامبەر کاندیدان و خەڵکی ئاسایی مایەی سەرسوڕمانە».
وتیشی: «ئێمە وەکو یەکێتی کە باسی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی دەکەین، دەمانەوێت ئەو جۆرە مامەڵانە کۆتایی پێبێت، چونکە هاووڵاتیی زۆر ئاساییە و مافی خۆیەتی سەفەر بکات و بێت و بڕوات».

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان