خاوه‌نكارێكی ئه‌مریكی: قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری به‌ڕێوه‌یه‌

11:11 - 2024-10-01
ئابووری
249 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌گه‌ر پێشبینییه‌كه‌ راستیش نه‌بێت، خۆئاماده‌كردن بۆ قه‌یران شتێكی خراپ نییه‌

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید


رۆبه‌رت كیوساكی خاوه‌نكاری ئه‌مریكی و هه‌روه‌ها خاوه‌نی كتێبی (باوكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و باوكێكی هه‌ژار)، له‌م رۆژانه‌دا له‌ پۆستێكی خۆیدا له‌ ماڵپه‌ڕی ئێكس (تویته‌ری جاران)، داوای له‌ خه‌ڵك كرد خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ داهاتوو، له‌به‌ر‌ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین قه‌یرانی دارایی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ڕێوه‌یه‌، قه‌یرانێك كه‌ له‌ مێژوودا بێوێنه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها داوای له‌ خه‌ڵك كرد، ئه‌گه‌ر توانای پاشه‌كه‌وتیان هه‌یه‌، زیو پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، نه‌ك پاره‌ی وشكه‌.
كیوساكی ده‌ڵێ: باشتر وایه‌ خه‌ڵكیی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ دیار ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ دابنیشن، بچن كتێبه‌كه‌ی جیم ریچاردز بخوێننه‌وه‌، به‌ ناونیشانی (Money GPT) و خۆیان بۆ داهاتوویه‌كی پڕ له‌ قه‌یران ئاماده‌ بكه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: هه‌ر كه‌ كتێبه‌كه‌ی (جیم)م خوێنده‌وه‌، پاره‌ی وشكه‌ی خه‌رجیی دوو مانگم جیاكرده‌وه‌ و له‌سه‌ر پێشنیازه‌كه‌ی جیم گۆڕیم به‌ پاره‌ی زیو و له‌ شوێنێكی جیاواز هه‌ڵم گرت، چونكه‌ له‌ كاتی قه‌یراندا ئه‌گه‌ر پاره‌ی زیوت هه‌بێت به‌ كێشی یه‌ك ئۆنسه‌، ئه‌وا ده‌توانی بیگۆڕیته‌وه‌ و پاره‌ی نه‌ختینه‌ت ده‌ست بكه‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من زیو پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌م نه‌ك پاره‌ی كاغه‌ز.

كیوساكی: باشتر وایه‌ خه‌ڵكیی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ دیار ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ دابنیشن، بچن كتێبه‌كه‌ی جیم ریچاردز بخوێننه‌وه‌، به‌ ناونیشانی (Money GPT) و خۆیان بۆ داهاتوویه‌كی پڕ له‌ قه‌یران ئاماده‌ بكه‌ن

كتێبه‌كه‌ی جیم
جیم، له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسی كاریگه‌رییه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌كات له‌سه‌ر ئابووری و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك و پێشبینیش ده‌كات به‌م نزیكانه‌ قه‌یرانێكی ئابووری دروست ببێت، كیوساكی ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر پێشبینییه‌كه‌ی جیم راست بێت، تۆ ئه‌گه‌ر پێشوه‌خت خۆت ئاماده‌ كردبێت و پاشه‌كه‌وتت كردبێت، ئه‌وا ده‌بوژێیته‌وه‌ و له‌ گه‌شه‌كردندا ده‌بیت، له‌ كاتێكدا جیهان سه‌رقاڵی قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شی خه‌رجیی دوو مانگ پاره‌ی دانراوت هه‌یه‌ و هه‌ندێك پاره‌ی زیوی وه‌ك هه‌ڵۆی زیوینی ئه‌مریكیت هه‌یه‌، پاره‌ی زیوی زیاتر بكڕه‌ و خه‌می هیچت نه‌بێت.
كیوساكی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ وارن بافیت، وه‌به‌رهێنه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌مریكا، به‌م نزیكانه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی له‌ كۆمپانیای ئه‌پڵی فرۆشت و كردی به‌ پاره‌ی نه‌ختینه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌گه‌ری روودانی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری.

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زیو
بۆچوونه‌كه‌ی كیوساكی تا ئێستا روون نییه‌ راسته‌، یان هه‌ڵه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆئاماده‌كردن بۆ رۆژی ره‌ش و خۆپاراستن له‌ قه‌یران به‌ هه‌نگاوی باش هه‌ژمار ده‌كرێت، بابه‌ته‌كه‌ راست بێت یان هه‌ڵه‌، قسه‌ له‌سه‌ر گرنگیی زیو و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زیو ده‌كرێت، له‌ راستیشدا نرخی زیو هه‌فته‌ی پێشوو به‌رز بۆوه‌ و گه‌یشته‌ 32,53 دۆلار بۆ یه‌ك ئۆقێ، كه‌ له‌ ساڵی 2012وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ به‌رز بێته‌وه‌.
پێشتریش پسپۆڕێكی بواری كڕین و فرۆشی ئه‌ڵمانی به‌ ناوی كارستن فرێچ، كه‌ له‌ بانكی كومێرتسی ئه‌ڵمانی كار ده‌كات، پێشبینی كردبوو كه‌ نرخی زیو به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بێت، كه‌ زیو له‌ زۆر پیشه‌سازیدا به‌كار دێت، بۆ نموونه‌ له‌ دروستكردنی چیپی ئه‌له‌كترۆنیدا كه‌ پێویستییه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ زیره‌كیی ده‌ستكرد، كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی زیره‌كیی ده‌ستكرددا، ره‌نگه‌ خواست له‌سه‌ر زیو زیاد بكات.
CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان