پزیشکێکی کورد توێژینەوەیەکی گرنگ لە بواری شێرپەنجەدا دەکات

دەرباز نیاز عەدنان: ژیانی مۆدێرن کاریگەریی لەسەر زیادبوونی شێرپەنجەی قۆڵۆن هەیە

11:27 - 2024-10-01
دیدار
96 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ لاپەڕەی زانست و تەکنۆلۆژیا

دکتۆر دەرباز نیاز بۆ کوردستانی نوێ   : 
ئەم توێژینەوەیە، یەکەمینجارە چالاکییەکی باوی کۆمەڵگە وەک مەترسییەک بۆ دروستبوونی گرێی قۆڵۆن دەستنیشان دەکات، ئەوەش گرنگە بۆ کەمکردنەوەی شێرپەنجەی قۆڵۆن 

دکتۆر دەرباز نیاز عەدنان پزیشکی گشتی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بایۆلۆجی شێرپەنجەدا، هاوکات کاندیدی دکتۆرایە لە بایۆلۆجی شێرپەنجە لە زانکۆی رەش لە شیکاگۆ -ی ئەمریکا، لە نوێترین توێژینەوەیدا کە لە گۆڤاری نێودەوڵەتی ئەوروپی بۆ خۆراک (European Journal of Nutrition) لە مانگی ئەیلولدا بڵاوبۆتەوە، باسی لەوە کردووە چەندین هۆکار و شێوازی ژیانی مۆدێرن (لایف ستایل) لەوانە زیادەڕۆیی لە خۆراکی خراپ و خواردنەوەی ماددە کهولییەکان، جگەرەکێشان و کەمی چالاکیی جەستەیی پەیوەندییان بە زیادبوونی رێژەی شێرپەنجەی قۆڵۆنەوە هەیە. هەرچەندە هەموو ئەو هۆکارانەی مەترسیی ئەو شێرپەنجەیە زیاد دەکەن هێشتا روون نین.

نانخواردن لە درەنگانی شەودا
دکتۆر دەرباز لەبارەی توێژینەوەکەیەوە دەڵێت: لەگەڵ هاوکارەکانم لە زانکۆی رەشی ئەمریکی لە شیکاگۆ، لێکۆڵینەوەمان لەسەر کاریگەرییەکانی نانخواردن لە درەنگانی شەودا لەسەر زیادکردنی گرێی قۆڵۆن کرد. لەو توێژینەوەیەدا، 663 بەشداربوومان تۆمار کرد، لەماوەی 4 ساڵدا لە نەخۆشخانەکەمان پشکنینی سکۆپی قۆڵۆن (نازور)یان بۆ دەکرا، زانیاریی تەواومان لەسەر کاتی نانخواردن، جۆری خۆراک، کاتی خەوتن و بەئاگابوونەوە و لایف ستایلی تر لە رێگەی راپرسییەوە کۆکردەوە. هەروەها درەنگ نانخواردنمان پێناسە کرد بە خواردنی خۆراک لە ماوەی سێ سەعات نزیک لە کاتی خەوتن، بوون و جۆری گرێکانی قۆڵۆن لەلایەن پزیشکی شیکارییەوە دەستنیشان کرا. 
دکتۆر دەرباز باسی لەوەش کرد یەکێک لە خەسڵەتەکانی ژیانی کۆمەڵگەی مۆدێرن، تێکچوونی ریتمی بایۆلۆجییە.  ئەویش بە خولی خەوتن و بەئاگابوون پێناسە دەکرێت. بە جۆرێک لەماوەی 24 سەعاتدا، مرۆڤ گۆڕانکاری لە جەستە و دەروون و رەفتاریدا روودەدات. وەک ئەوە وایە لەناو مێشکدا رێبەرێک هەبێت، بە درێژایی ئەو 24 سەعاتە کۆنتڕۆڵی هەموو پرۆسە بایۆلۆجییەکان بکات. ئەم ریتمە بە جەستەت دەڵێت کەی بخەویت و کەی لە خەو هەڵبستیت. هەروەها کاریگەریی لەسەر چەندین پرۆسەی گرنگی تر هەیە، لەوانە دەردانی هۆرمۆنەکان، پلەی گەرما، پەستانی خوێن، لێدانی دڵ و ئارەزووکردن و هەرسکردنی خواردن.

ریتمی بایۆلۆجی ناهاوسەنگ دەبێت
هاوکات دکتۆر دەرباز سەبارەت بە کاریگەریی کاتی نانخواردن و خەوتن لەسەر تەندروستی وتی: تیشکی خۆر و تاریکیی شەو زۆرترین کاریگەرییان لەسەر چالاککردنی سەعاتی بایۆلۆجی مێشک هەیە، بۆ رێکخستنی ئەو ریتمە. هەروەها چەندین فاکتەری تریش وەک کاتی نانخواردن و چالاکی جەستەیی، کاریگەرییان لەسەر ئەو ریتمە هەیە. بۆ نموونە لەکاتی شەودا ئامرازەکانی هەرسکردن لە رووی بایۆلۆجییەوە پشوو دەدەن. کە مرۆڤ بە شەو (لە کاتی پشوو یان نزیک لەکاتی خەوتن) ژەمێک دەخوات، ئەو ریتمە ناهاوسەنگ دەبێت و ئەو ناهاوسەنگییە هۆکارە بۆ مەترسی زیادبوونی کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی، لەوانە: قەڵەویی و شەکرە و سستبوونی بەرگریی لەش، وەک زانراوە خووی نانخواردن لە درەنگانی شەودا نزیک لە کاتی خەوتن لە کوردستانیش باوە، بە تایبەتی لە نێو گەنجاندا، کە مەیلیان هەیە شەوانە بچنە دەرەوە و خواردنی سەر شەقامەکانی ئیسکانی هەولێر و سەهۆڵەکەی سلێمانی و شوێنانی دیکە بخۆن، بەتایبەت لەو کاتانەی کەشوهەوا بە رۆژ گەرمە، ئەمجۆرە ستایلی ژیانە بۆ تەندروستی زۆر خراپە.
وەک لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا ئاشکرامان کرد، درەنگ نانخواردن هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ دروستبوونی گرێی قۆڵۆن. بە جۆرێک ئەگەری تووشبوون بە گرێی قۆڵۆن لەو کەسانەی ژەمێکیان لەکاتی درەنگدا و نزیک لە خەوتن خواردووە، زیاتر بووە وەک لەو کەسانەی بە درەنگانی شەو خۆراکیان نەخواردووە. 

مەترسییەک بۆ دروستبوونی گرێی قۆڵۆن
دکتۆر دەرباز نیاز دەڵێت: ئەم توێژینەوەیە، بۆ یەکەمینجارە چالاکییەکی باوی کۆمەڵگە وەک مەترسییەک بۆ دروستبوونی گرێی قۆڵۆن دەستنیشان دەکات، ئەوەش گرنگە بۆ پەرەپێدانی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی شێرپەنجەی قۆڵۆن، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە خەڵکێکی زۆر، بەتایبەتی گەنجان، بەردەوام لە درەنگانی شەودا ژەمێک دەخۆن. 
دواجار دەڵێت: راستە ئەم توێژینەوەیەمان لەسەر دانیشتوانی ئەمریکا کرد، بەڵام بە رای من پێویستە پرسیاری هاوشێوە لە دانیشتوانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی مەترسیی پەیوەست بە شێرپەنجەی قۆڵۆنەوە لە کوردستان.

*بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیزی، سەردانی لینکی گۆڤارەکە بکە لێرە:
 https://link.springer.com/article/10.1007/s00394-024-03499-4

بابەتە پەیوەندیدارەکان