پلاستیک ژەهری سروشتە

12:27 - 2022-07-03
ژینگە
1095 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

مادە پلاستیکییەکان بەتایبەت ئەوانەی بۆ یەکجار بەکاردەهێندرێن و فڕێ دەدرێنە ناو سروشت وەک (قاپ، کەوچک، چەتاڵ، پەرداغ و زەرفی نایلۆنی بەقاڵەکان) جگە لەوەی ژینگە پیس دەکەن و دیمەنێکی ناشیرین دەبەخشن، زیانێکی زۆر گەورەش بە مرۆڤ و گیانلەبەرانی ناو ژینگە دەگەیەنن، هەموو ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەو مادانە کراون ئەو راستیە دەسەلمێنن وەک ژەهر وان و سروشت و ژینگە و مرۆڤ و گیانلەبەرانی تر نەخۆش دەخەن و لەناویان دەبەن.
تازەترین توێژینەوە کە لە بەریتانیا و هۆڵەندا کراون سەلماندویەتی کاتێک ئەو مادە زیانبەخشانە لەناو خاک یان لەناو ژینگەی دەوروبەری مرۆڤ ورد دەبن بەشێکیان لێ دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ و وەک ژەهر کاری نەرێنی دەکەنە سەر خانەکان و گەشەی دڵ و نەخۆشی جیاجیای لێ پەیدا دەبێت، ئەو زانایانە ئەزمو ونیان لەسەر 13 نەخۆش کردووە کە گومانیان هەبووە بەهۆی ئەو وردیلە پلاستیکیانە نەخۆش کەوتبن و بۆیان رونبۆتەوە کە 11 لەوانە لە ئەنجامی ئەو میکرۆپلاستیکیانەی چوونەتە ناو خوێن و جگەریان نەخۆش کەوتوون.
توێژینەوەیەکی تری Science of the Total Environment  یش هەمان ئەو ئەنجامە نەرێنیەی هەبووە و دەرکەوتووە وردیلە پلاستیکیەکان دەچنە ناو خوێن وهاوسەنگی سوڕی خوێن و کارایی جگەر تێکدەدەن و دەبنە هۆی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان، زانا بەرازیلیەکانیش لێکۆڵینەوەیان لەسەر 20 تەرم لە تەمەنی جیاجیادا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە 14 لەو مردوانە بەهۆی میکرۆپلاستیک گیانیان سپاردووە و ئەو مادەیە لەڕێی خوێنیانەوە چۆتە هەردوو بەشی جگەر و دڵ و دەماغ و خانەی شێرپەنجەی لێ دروست بووە و کوشتوونی، زانایانە کاریگەری خراپی ئەو مادانەیان  بۆ رۆنبۆتەوە لەسەر ژنی دووگیان و کۆرپەکانی ناوسکیان.
بۆیە رێکخراوی نێودەڵەتی ژینگە WWF هۆشداری داوەتە حکومەت وهاووڵاتیان لە بەکارهێنانی مادە پلاستیکییەکان دوربکەونەوە و کۆمپانیاکان هەوڵ بدەن ئەو کەرەستانە لەجۆری تر تەندروست بکەن.
فڕێدانی مادە پلاستیکییەکان لەسەر زەوی و ناو باخ و سەوزایی و ناو رووبار و دەریاکانیش ئەو زیانانە خێراتر دەکات و وادەکات مرۆڤ و ژینگە و گیانلەبەرە ئاوی و وشکانیەکان و باڵندە و پەلەوەر و هەرچی گیانداری ناو سروشت هەیە نەخۆش بخات و دواتر لەژێر کاریگەرییەکەیدا گیان لەدەستبدەن، تازەترین راپۆرتی ئەو دەزگایە دەڵێت: ئێستا لەناو دەریاکاندا زیاتر لە 100 ملیۆن تۆن لە مادەی پلاستیک هەیە و پێنج تریلیۆن میکرۆپلاستیکیان لێ دروست دەبێت کە کارەساتی ژینگەی دەریایی بەدواوەیە، ئێستا لەزۆر وڵاتدا ئەو کەرەستە پلاستیکیانە قەدەغە کراون و بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر کەمکراوەتەوە، لە ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە دروستکردن و بەرهەمهێنانی کەرەستەپلاستیکیەکان قەدەغە کراون لە بازاڕو مارکێت و دوکانەکانیش تەنها زەرفی کاغەز یان قوماش بەکاردەهێندرێت.

سەرچاوە: Cupassion

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان