دەستەواژەی کۆیی و خۆیی لە چییەوە هاتووە؟

12:30 - 2022-07-03
ژینگە
136 جار خوێندراوەتەوە
#رەهبەری سەید برایم: ئێستا کۆیایەتی و خۆیایەتیمان گۆڕیوە بۆ کۆیایەتی و کوردایەتی

هاوژین عەبدولواحید

قەزای کۆیە یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای ھەولێر، مێژووی دروستبوونی بۆ 2500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی 95 هەزار و 246 کەسن، هەر لە دێر زەمانەوە دانیشتوانەکەی زۆر یەکیان خۆشویستووە و یەکگرتوو بوون لەگەڵ یەکتریدا، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ دەستەواژەیەک بۆ خەڵکی کۆیە زۆر بەکارهاتووە ئەویش (کۆیی و خۆیی یان کۆیایەتی و خۆیایەتییە).
مێژووی دەستەواژەکە
لەوانەیە دەستەواژەیەکی سادە و ساکار بێت بەلای زۆر کەسەوه، بەڵام زۆر مانای تایبەت لەخۆ دەگرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی چەند کەسایەتییەکی کۆیە کرد.
نووسەر و روناکبیر عەبدولکەریم شێخانی لەبارەی ئەم دەستەواژەیەوە وتی: ئەم دەستەواژەیە کۆیایەتی و خۆیایەتی لە رووی زمانەوانییەوە جگە لە ماناکەی ریتمێکی مۆسیقایە و وەک ئاوازێک دەزرینگێتەوە لە گوێچکەی کۆییەکاندا. 
هەروەها لەبارەی بنچینە و مێژووی ئەم دەستەواژەیەوە دڵدار جەلیلزادە ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژیان و بنیادنانی کۆیە بەحوکمی ئەوەی کۆیە مێژوویەکی کۆنی هەیە و هەڵگری ریفۆرمێکی شارستانیەت بووە ژن و ژنخوازی و تێکەڵاوی و تەبایی و خۆشەویستی وایکردووە ئەم دەستەواژەیە بەکاربهێنن. بۆ نموونە ئەگەر دوو کەس دڵیان لەیەک شکابێت، بەڵام لە دەرەوەی کۆیە تووشی یەکتربن بەوپەڕی سۆز و خۆشەویستییەوە توند یەکتر لە باوەش دەگرن، هەروەها لایەنێکی تری ئەم دەستەواژەیە لەوەوە سەریهەڵداوە هەر بارودۆخێکی نالەبار هاتبێ  لە ناوخۆ تەنها یارمەتی یەکتریان داوە، واتە قەدری خۆیان بۆ خۆیان زانیوە.
دەستەواژەکە گۆڕاوە
رەهبەری سەید برایم لەم بارەیەوە دەڵێت: ئێستا کۆیایەتی و خۆیایەتیمان گۆڕیوە بۆ کۆیایەتی و کوردایەتی، کۆیایەتی و خۆیایەتی زیاتر کێش و سەروایە، بەڵام ئێستا ناومان لێی ناوە کۆیایەتی و کوردایەتی.
کۆییەکان لە دەرەوەی کۆیە ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنن لە نامۆییدا ئەگەر کاریان بەیەک بێت  یەکگرتوون و بەدوای یەکدا دەگەڕێن و کۆیایەتی خۆیان دەکەن، بەڵام لەناو کۆیە وانین.
لە شاری کۆیە بە سەدان کەسایەتی مەزن و کارامە هەڵکەوتوون، بەڵام وەک پێویست ئەو کۆیایەتی و خۆیایەتییەی لەگەڵ ناکەن، رەنگە کەسانێک هەبن لە دەرەوەی کۆیە شانازی بەو کەسانەوە بکەن، بەڵام لەناو کۆیە وانییە.
هەر لەدرێژەی ئەم باسەدا لەبارەی ژن و ژنخوازییەوە لە کۆیە دکتۆر جەمال فەتحوڵڵا وتی: پێشتر ئەم خزمایەتییە لەناو خۆیدا بوو زیاتر، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و ژن و ژنخوازی فراوان تربووە، دەشڵێت: ئەوانەی لەناو كۆیه  دهژین خزم و خۆیین و نزیكن له یهكترو داكۆكی له یەكتر دەكەن وەكو دەڵێ هی خۆمانن.
شێروان غەفوری 26 ساڵە لە سوید دەژی وەک کۆییەک دەڵێت: زۆر هەست بەغوربەت دەکەم لێرە حەزدەکەم هەفتانه لەگەڵ کوردی سوید ئەوێ کۆببمەوە بەتایبەت کۆییەکان هەستدەکەم خۆیین و لە من نزیکترن، کۆدەبینەوە و کاتێکی خۆش لەگەڵ یەک بەسەر دەبەین، هەروها لە کاروبارەکانماندا لەوێ زۆر هاوکاری یەکتر دەکەین و زۆر یەکترمان خۆشدەوێت، مساڵانە جارێک تا دووجار حەزەکەم بێمەوە کۆیه و دڵم پێی ئاسوودە دەبێت، چونکە کەسوکارم لێرەیە و کۆیە بۆ من زێدی باب و باپیرانە ئەگەریش لەوپەڕی دونیابم کۆیە بۆ من ماڵ و خێزانه.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان