نەخۆشخانەی گشتیی شۆڕشی فێركاری، خزمەتکردنی دەیان هەزار نەخۆش

10:35 - 2024-10-02
ڕاپۆرت
200 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ محەمەد رەزا

 

نەخۆشخانەی گشتیی شۆڕشی فێركاری دیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، چەندین ساڵە کراوەتەوە و بەبێ بەرامبەر چارەسەری پزیشکی پێشکەشی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دەکات.
لە نەخۆشخانەکەدا چەندین بەشی جیاواز هەیە و رۆژانە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ خزمەتگوزاری تەندروستی بەشێوازی پێشكەوتوو و سەردەمیانە پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکەن.

 

لە هەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە 52000 نەخۆش سەردانی بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕشی فێرکارییان کردووە و پشکنینیان بۆ کراوە


نەخۆشخانەی گشتیی شۆڕشی فێركاری سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگەیە و جگە لە کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە، هاووڵاتیانی ئاساییش بۆ چارەسەر رووی تێدەکەن و کارمەندانی بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی گشتیی شۆڕشی فێركاری، بە بەردەوامی لە هەوڵدان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان .
هێمن محەمەد لێپرسراوی گشتیی تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕشی فێركاری بە کوردستانی نوێی راگەیاند، رۆژانە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە شێوازێکی پێشكەوتوو و سەردەمیانە بە ئامێری پێشكەوتوو لە ژێر سەرپەرشتی کارمەندی تەندروستیی بە ئەزموون و شارەزادا بەرجەستە دەكەین بۆ ئەو نەخۆشانەی روومان تێدەکەن.
وتیشی: رۆژانە پشكنین بۆ زیاتر لە 150 نەخۆش لە بەشی تاقیگەكەی نەخۆشخانەکەماندا دەکرێت.
لێپرسراوی گشتیی تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕشی فێركاری دەڵێت: جگە لەوەی رۆژانە لە قاوش و بەشەكانی تریش كە پەیوەست بە نەخۆشخانەكەوە نەخۆشمان بۆ دەنێرن بە مەبەستی پشكنین بۆ كردنیان، بەردەوام لەلایەن پزیشكەکانی قاوشی ژنان و پیاوانیشەوە نەخۆشمان بۆ دەنێردرێت بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکەین.
بەپێی ئامارێکی بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕشی فێركاری، لە هەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە 52000 نەخۆش سەردانی كردون و لە بەشی تاقیگەدا پشکنینمان بۆ کردون. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان