پ.ی.د.پاڤێ جەمیل، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هێزی تۆ بۆ کوردستانی نوێ :

بە نیازین (هێزی تۆ) بكەین بە ناوەندێك بۆ تواناكانی ژنان

11:07 - 2024-10-02
هەمەرەنگ
182 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەری (هێزی تۆ) رایدەگەیەنێت، بەرنامەكەیان دوور مەودایە و مەبەستیان لە هێزی تۆ هۆشیاركردنەوەی ژنانە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا.
پ.ی.د. پاڤێ جەمیل بە دوالاپەڕەی وت: هێزی تۆ پرۆژەی بازنەی ژنانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی ژنان بچنە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەم پڕۆژەیە لەرێگەی كۆمەڵێك لە ژنانی خاوەن پسپۆڕی لە بوارە جیاوازەكاندا دارێژراوە و ئامانجی پرۆژەكە دوورمەودایە و تەنها بۆ قۆناغی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نییە، بەڵكو لە ئێستادا پرۆژەكە دوو ئامانجی سەرەكی هەیە، یەكەم بەشداریی زۆرترین رێژەی ژنان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەنگداندا، دووەمیش ژنان دەنگ بدەن بە كاندیدەكانی ژنان و بڕواهێنان بە توانا و لێهاتووەكانی ژنان لە هەموو بوارەكاندا.
سەبارەت بە بەرنامەی تەلەفزیۆنی (ماڵی هێزی تۆ) كە لە كەناڵی ئاسمانی كوردسات بڵاودەبێتەوە، وتی: ئەو بەرنامەیە لە چوار بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەم تایبەتە بە خێزان و كۆمەڵگە، بەشی دووەم تایبەتە بە گەنجان، بەشی سێیەم تایبەتە بە ئابووری و بەشی چوارەم تایبەتە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ كاندیدەكان، وتیشی ئەو بەرنامەیە دوای هەڵبژاردن كۆتایی دێت، بەڵام بە شێوازێكی تر بەردەوام دەبێت لەسەر هۆشیاركردنەوەی ژنان لە هەموو سێكتەرەكانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵامەیەتی و پەرەوەردەیی و زانستی. 
لە كۆتاییدا د. پاڤێ جەمیل وتیشی: بە نیازین هێزی تۆ بكەین بە ناوەندێك بە ناوی (هێزی تۆ) كە تواناكانی ژنان تێیدا كۆبكرێتەوە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە. 
جەواد حەیدەری 

بابەتە پەیوەندیدارەکان