خاتوو عایدە روبەیعی بۆ کوردستانی نوێ :

بەهیوام كۆلێژێكی هونەرەجوانەكان لە كەركوك دابمەزرێنم

11:17 - 2024-10-02
هەمەرەنگ
102 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی ئەكادیمی و پسپۆری شێوەكاری و رەخنەگری هونەریی خاتوو دكتۆر عایدە روبەیعی لە نەتەوەی عەرەبە، دەرچووی بەكالۆریۆسی هونەرە جوانەكانی زانكۆی بەغدا و بڕوانامەی ماستەری پەروەردەی هونەری بەشی وێنەكێشانی لە زانكۆی حلوان -ی میسر و دوكتۆرا لە زانستی هونەر لەزانكۆی لوبنان بەدەستهێناوە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی بەشی پەروەردەی هونەر لە كۆلێژی پەروەردەی كراوەی كەركوك.
خاتوو عایدە روبەیعی بە دوالاپەڕەی وت: لە سەرەتای هونەریمدا هەریەك لە شێوەكارانی جیهانی بابلۆ بیكاسۆی فەرەنسی و دینامیە ئیمبرتۆبۆتشیونی كاریان تێكردم و توانیم خشتەكی (تكعیبی) بیكاسۆ و شەفافیەتی ئیمبرتۆ پێكەوە بنووسێنم، تاكو دەرچم بە شێوازی تایبەتی خۆم و دوور لە شێوازی لاساییكردنەوە و تابلۆكانیشم شێوازی تازەگەری هاوچەرخانە دەگرێتەبەر.
 وتیشی: تاكو ئێستا لەچوار پێشانگەی شێوەكاریی تایبەت و چەند پێشانگەی هاوبەش لە كەركوك و بەغدا و قاهیرە و سوید بەشداریم كردووە و توانیم یەكەمین پێشانگەی شەش پاڵوو (تركیبی) بكەمەوە بەناوی (هونەر باشترین برادەری ژینگەیە) كە بەم دواییانە لەشاری كەركوك بەڕێوەچوو.
 روونیشكردەوە چەند پڕۆژەی هاوكاری هونەریم لەناوكەركوك و دەرەوەی عیراق پێ سپێردراوە بۆ جێبەجێكردنیان، هەنووكە خۆم ئامادەكردووە بۆ كردنەوەی پێنجەمین پێشانگەی تایبەتی خۆم، هەروەك دەستنووسێكم بەناوی (هونەری هاوچەرخ لە عیراق)دا ئامادەكردووە، خوا یار بێت لەدووتۆی كتێبێكدا بەچاپی دەگەیەنم ، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەكی هاوچەرخی تایبەت بە هونەری شێوەكاری. لە كۆتاییدا د. عایدە هیوای خواست بتوانێت كۆلێژێكی هونەرەجوانەكان لە كەركوك دابمەزرێنێت جیاوازتر لە كۆلێژەكانی تری عیراق بۆ  پێگەیاندنی شێوەكاری ئەكادیمی هاوچەرخ .
رزگار شوانی – كەركوك 

بابەتە پەیوەندیدارەکان