راپۆرتی: ئەسرین محەمەد
نموونە و بەڵگەکان...
ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال- دا، بە لە دەستدانی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان نیگەران بوون و پشت و پەنایەکی گەورەیان لەدەست چوو، لەبەرئەوەی مام جەلال بەردەوام لە خەمی ئارامی و ئاسایشی هەموواندا بوو، بە لێهاتوویی خۆی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوور و باشووری دەدا بە رێگەیەکی ئاشتییانە.
عەلی کەریمی سیاسەتمەدار و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کوردستانی نوێ : مام جەلال هەر لە تەمەنی لاوییەوە خولیای ئەوەی هەبووە سەرکردەکانی کۆماری کوردستان بناسێت و پێیان ئاشنا بێت
ئاشتی سەرتیپ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: سەرۆك مام جەلال جگە لەوەی كە گرنگی بە باشووری كوردستان دەدا، لە گرنگیدان بە پارچەكانی دیكەشدا درێغی نەكردووە و هەموو کورد بەلایەوە گرنگ بوو، بە شێوەیەك كاتی خۆی لە ئیدارەی سلێمانی بڕیاریدا بوو كە رێژەی 5 % کورسی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگەكانی ئیدارەی سلێمانی بۆ خوێندكارانی پارچەكانی دیكەی كوردستان تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی خوێندكاران بتوانن لە زانكۆ و پەیمانگەكان درێژە بە خوێندن بدەن.
وتیشی: مام جەلال گرنگییەكی تایبەتی بە هونەرمەندان و نووسەران و رووناكبیرانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدا و لە هاوكاری مادی و مەعنەوی درێغی نەكردووە، لە فێستیڤاڵ و دیدارە هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیرییەكاندا مام جەلال گرنگی پێدەدان و گوێی لە پێشنیاز و رەخنە و گازەندەكانیان دەگرت، هەروەها مام جەلال ئاگاداری رەوتی سیاسیی و هونەری و ئەدەبی پارچەكانی دیكە بوو و پردێكی بەهێزی لە نێوان نووسەران و رووناكبیرانی باشوور و پارچەكانی دیكە بە تایبەتی رۆژهەڵات دروستكردبوو.
مام جەلال هاوکاری سەرجەم کوردان
راستە مام جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق و سکرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بەڵام ئەو بە تەنیا لە خزمەتی كوردی باشووردا نەبوو، بەڵکو هاوکاری كوردی هەر چوار پارچەکەی كوردستان بوو و هیچ کاتێک جیاكاری نەکردووە لە نێوان كوردی پارچەکانی كوردستاندا.
نازلی عوسمان کوردی رۆژئاوای کوردستانە و وتی: ئەز وەك كوردێكی رۆژاڤای كوردستان دەبینم كە رۆڵی مام جەلال لە هاندانی كوردی رۆژاڤای كوردستان بۆ دەستپێكردنی بزوتنەوەی سیاسی گەلەك مەزن و بەرچاڤ بوو، ئەو كاریزمایەک بوو هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی دۆزی گەلی كورد تەرخانکرد.
وتیشی: ئێمە لە رۆژاڤای كوردستان و لە سوریاش سوودمان لە سیاسەت و رێبازی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال وەردەگرت کە سیاسەتێكی نەرم و راستگۆیانەیە، هەروەها لەناو كوردی رۆژاڤادا تێڕوانینی فەلسەفییانەی مام جەلال بڵند تێنە نرخاندن و بوونەتە ئەزموون لە پەروەردەكرنی سیاسییانەی نەوەی نوێدا، وەک دەبێژێ: لە پێش هەر تشتەكی دەبێ مرۆڤ ناسنامە و نەتەوەی خۆی بپارێزێت و لەو رێگەشەوە خۆی بە جیهان بناسێنێت.
پشتیوانی کوردانی رۆژهەڵات
مام جەلال بەردەوام وەڵامی ئەو چاکانەی دەدایەوە کە بەرامبەری دەکران و ئەو کەسانەی لەبیر بووە کە لە رۆژە سەختەکاندا هاوکاری یەکێتی بوون.
عەلی کەریمی سیاسەتمەدار و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: مام جەلال هەر لە تەمەنی لاوییەوە خولیای ئەوەی هەبووە سەرکردەکانی کۆماری کوردستان بناسێت و پێیان ئاشنابێت، هەروەها خولیای ئاشنابوونی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی هەبووە و هەستی نەتەوایەتی بەرامبەریان هەبووە.
وتیشی: بەداخەوە زوو لە دەستمان چوو ئەگەر مام جەلال ئێستا لە ژیاندابوایە هەوڵی پێکهێنانەوەی کوردانی رۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدیهێنانی ئاشتی نێوانیانی دەدا، مام جەلال سەرکردەیەک بوو بە جوڵە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆست و نەیاردا دەگونجا.
سیاسەتمەدار عەلی کەریمی ئاماژەی بەوەکرد: لە سایەی مام جەلال لە دوای راپەڕینەوە زۆربەی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی ماونەتەوە و بەردەوام ئاگای لێیان بووە و پشت و پەنا بوو بۆ هەمووان، دوای کۆچی دوایی مام جەلال هەموو لێمان قەوما، لەبەرئەوەی نازی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانی دەکێشا و لەسایەی ئەودا هەموومان گیانمان پارێزراو بوو.
مام جەلال بۆ هەمووان کەسێک خەمخۆر و پێشەنگ بوو و بەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردانی دەدا لە هەر چوارپارچەی کوردستان.
پاراستنی کوردانی باکوور
فەخری فەوزی کوردی باکووری کوردستان دەڵێت: کۆچی دوایی مام جەلال بۆ کوردانی باکووری کوردستان بێ شانسییەکی گەورەبوو لەبەرئەوەی بەردەوام لەسەر کێشەکانی کوردانی باکوور دەوەستا و هەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی دەخستەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی و دەیپاراستن.
وتیشی: داوا لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم هاوشێوەی مام جەلال پارێزگاری لە کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن و بە رێگە و رێبازی ئەودا بڕۆن و ئاماجێکی گەورەیان هەبێت بۆ هەمووان.
وەلید عەفرینی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: مام جەلال سیاسەتێکی هاوسەنگی هەبوو لەنێوان دۆست و نەیاردا و کەسێکی لێهاتوو بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا. خەمی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانی هەبوو و هەوڵی دەدا بە رێگەی ئاشتییانە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و لەو پێناوەدا هاوکاری گەورەی پێشکەش بە کوردان کردووە.
پاڵپشتی کوردانی رۆژئاوا
هۆزان عەفرینی سەرۆکی ئەنجومەنی پەنابەرانی کوردانی رۆژئاوا – سوریا دەربارەی کەسایەتی کاریزمایی و رێبازی راستەقینەی سەرۆک مام جەلال دەگێڕێتەوە، دکتۆر خەلیل محەمەد عەبدوڵڵا یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی کوردی رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 1959 مام جەلال ناردوویەتی بۆ روسیا بۆ خوێندن و دەڵێت: لە روسیا خوێندم و بڕوانامەی دکتۆرام بە دەستهێنا لە ئابووریدا، لە ساڵی 1964 پەیوەندیم بە مام جەلال-ەوە کرد و وتم من خوێندنم تەواو کرد و ئێستا ئامادەم بگەڕێمەوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی خزمەت بکەم، بەڵام مام جەلال وتی پیرۆزبێت و کارێکی باشە، تۆ وەک کوردێکی کوردستانی سوریا کار بۆ دۆزی کورد بکە و من حەزناکەم خزمەتی ئێوە بکەم بە بەرامبەر.
هۆزان عەفرینی دەڵێت: دکتۆر خەلیل بە منی راگەیاند کە مام جەلال خاوەنی کەسایەتییەکی کاریزما بووە و خزمەتی دۆزی کوردی بەبێ بەرامبەر کردووە، لە کاتێکدا ئەگەر سەرکردەیەکی دیکەی کورد بوایە ئەوە هەڵویستی نەدەبوو، ئەمەش گەورەیی کەسایەتی سەرۆک مام جەلال دەردەخات.
کوردانی کۆماریی سۆڤیەتی پێشوو کەسایەتی مام جەلال بەرزدەنرخێنن و پێیانوایە توانیویەتی تەواوی کوردان بپارێزێت.
هاوکاریکردنی کوردانی سۆڤیەت
رەمەزان کەریم رۆژنامەنووس و کوردی کۆماری سۆڤیەت دەڵێت: جیاکردنەوەی بەشی رووسی لە puk media کە ماڵپەڕێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بڵاوکردنەوەی مێژوو و تەواوی زانیارییەکانی کوردانی سۆڤیەت تیایدا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پاراستنی مێژووی کوردان لە سۆڤیەت.
مام جەلال و هێرۆخانیش بەردەوام پشتیوانی کوردانی سۆڤیەت بوون و لە هەموو بۆنەیەکی تایبەتدا پێشوازییان لێ دەکردن.
رەمەزان کەریم رۆژنامەنووس و کوردی کۆماری سۆڤیەت وتی: مام جەلام بەردەوام هاوکاری مادی و مەعنەوی پێشکەشی هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و کەسایەتییەکانی کوردی سۆڤیەت دەکرد کە هەنگاو و پاڵپشتییەکەی گەورە بوو.
وتیشی: سەرەڕای پشتیوانییە بەردەوامەکانی، مام جەلال لە ساڵی 2011 لە پلانیدا بوو رێکخراوێکی مەدەنی بۆ پەنابەرانی کوردانی سۆڤیەت دابمەزرێنێت تایبەت بە زمانی کوردی بۆئەوەی لەناو کوردانی سۆڤیەتدا زمانی کوردی بپارێزرێت و لەناو نەچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کوردانی سۆڤیەت پێیانوایە ئەگەر مام جەلال کۆچی دوایی نەکردایە دۆخی کوردان لە سەرجەم پارچەکان باشتر دەبوو لەوەی ئێستا هەیە لەبەرئەوەی بەردەوام پاڵپشتی کوردان بوو بەبێ جیاوازی.