كەشتییەكەی سیسیۆس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

01:09 - 2024-10-03
ئەدەب و هونەر
458 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان


(10)

زانین

ئێمە هەموومان حەزدەکەین بزانین؟ بەڕاست! ئایا ئەم قسەیە بۆ هەموو کاتێک دروستە؟ تۆ هەست ناکەیت لە کەلتوری ئێمەدا ئاڕاستەیەکی فراوان هەیە بەرەو نەزانی و ستایشکردن و بەرزڕاگرتنی! یانی، تۆ بەردەوام ئەم قسانە دەبیستیت: نازانم، رەحەتی گیانم! هەتا کەمتر بزانیت ئاسودەتریت. بەڵام با ئەمە لێگەڕێم، چونکە ئەگەر بەم ئاڕاستەیەدا بڕوانم، جگە لە نائومێدیی هیچی دیکەم دەستناکەوێت.

مرۆڤ بە غەریزە حەزێکی تێدایە بۆ زانین، کونجکۆڵییەکی هەیە بۆ کەشفکردنی نەزانراوەکان، ئەو ‹دەست بە کڵاوەکەی خۆیەوە ناگرێت› بەڵکو بە پێچەوانەوە دەیداتە بەر با، پرسیار دەکات، ورد دەبێتەوە، ئەرەستۆ گوتەنی، ئارەزوو دەکات بزانێت

بێگومان زانین بە ئاسانی بەدەست نایەت، پێویستی بە سەرفکردنی کات و توانا هەیە، دەبێت لە پێناویدا ماندوو ببین. ڕێگاکانی بەدەستهێنانی زانین لە ئێستادا زۆر زیاترن لە سەدەی ڕابردوو، بەڵام خواستەکانی زانین لەو سەدەیەدا لە ئێستا زۆر بەتینتر بوون. بۆچی؟ ئەمە هۆی زۆرە، لێرەدا ناتوانم جێگایان بکەمەوە.
ڕێگاکانی زانین چین؟ بۆ نموونە: خوێندنەوەی ئەم وتارەی من! کە ئەمەت کرد (دەزانیت) من باسی چی دەکەم. خوێندنەوەی کتێبەکان، بەکارهێنانی ئینتەرنێت، گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەوانیتر... هتد. بەڵام ئاگاداربە مەسەلەکە ئەوەندەش ئاسان نیە.
مرۆڤ بە غەریزە حەزێکی تێدایە بۆ زانین، کونجکۆڵییەکی هەیە بۆ کەشفکردنی نەزانراوەکان، ئەو ‹دەست بە کڵاوەکەی خۆیەوە ناگرێت› بەڵکو بە پێچەوانەوە دەیداتە بەر با، پرسیار دەکات، ورد دەبێتەوە، ئەرەستۆ گوتەنی، ئارەزوو دەکات بزانێت. بە دڵنیایی شایستەی ئەوەیە بزانێت. بەڵام فەیلەسوف بەوەندەوە ڕاناوەستێت! ئەو دەیەوێت لە سروشتی زانین خۆی تێبگات، دەیەوێت بزانێت ‹زانین› چیە! ئەمە یانی چی؟ یانی فەیلەسوف دەیەوێت بزانێت چۆن دەزانین شتێک دروستە، نەک تەنها وابیرکەینەوە یان وابزانین کە دروستە. ئەو کە دەپرسێت ‹زانین› چیە؟ بەسەر پێشنیارەکاندا دەچێتەوە و هەڵیاندەسەنگێنێت؛ بۆ نموونە ئایا زانین هەقیقەتە؟ دڵنیاییە؟ باوەڕە؟ پاساوهێنانەوەیە بۆ ڕایەک؟ نمایشکردنی بەڵگەکانە؟ دەبینیت! مەسەلەکە لەوە قورسترە کە سەرەتا بیرت لێدەکردەوە.
کاتێک پرسیاری ‹زانین چیە؟› بەرزدەکەینەوە، ڕووبەڕووی ژمارەیەک پرسیار و تەڵەزگەی ناڕەحەت، بەڵام چێژبەخش دەبینەوە. یانی! ڕەنگە خراپ نەبێت ئەگەر بڵێم زانین لەو جێگایەوە دەستپێدەکات کە هەست دەکەیت پرسیارت هەیە. پرسیارکردن هەنگاوی یەکەمی کەوتنە ڕێیە لە سەفەری زانیندا. پرسیار! ئەمە ئەو شتەیە کە کەلتور و ئایین و سیاسەت و هەموو شتێکی تر لێرە دەیانەوێت لێت قەدەغە بکەن. تەنانەت تێکستی پیرۆزیشت هەیە بۆ نەهیکردن لە پرسیار. یانی چی؟ یانی هەموو شتێک لە هەوڵدایە تۆ بە نەزانی بمێنیتەوە، تا ئێستاش لەوەدا سەرکەوتوو بوون. کەواتە ئەمە کلیلەکەیە: پرسیارکردن!
زانین چەند خاسییەتێکی هەیە، چەند تایبەتمەندێتییەکی هەیە، دەبێت هەوڵ بدەیت بیاندۆزیتەوە، کاریان لەسەر بکەیت. لێرەدا هەندێک سەرداوت پێدەدەم. بڕوانە فرمانی ‹دەزانێ، دەزانم› لە زمانی کوردیدا؛ بزانە بەکارهێنانەکانی چۆنن و چۆن لە پەیوەندیدا بە زانیندا ڕێکدەخرێت، هاوماناکانی چین و چ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا هەیە. جیاوازی چیە لەنێوان ئەوەدا کە دەڵێم: من ئینگلیزی دەزانم، هەروەها: دەزانم هۆڵێ هونەر لەکوێیە؟ یان سەیری ئەم ڕستەیە بکە: ئەو شەکسپێر دەناسم! شەکسپێر لە سەردەمێکی دیکەدا ژیاوە و لە وڵاتێکی دیکە بووە، من چۆن دەیناسم وەک ئەوەی ‹دانا فایەق› دەناسم؟ ئایا مانای ئەوە ناگەیەنێت کە من زانیارییم لەبارەی شەکسپێرەوە هەیە؟ واتە ڕاستر من شەکسپێر ‹دەزانم›. ئەم گەمەیە لە زماندا زۆر دوورمان دەخاتەوە، بەڵام سەرنج بدە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ ناسینی کەسێک و زانینی شتێک، هەردووکیان فرمانی (Know) بەکاردەهێنرێت.
هەروەها سەیری ئەم دوو ڕستەیە بکە:
من دانا فایەق دەناسم!
من قەراتی هەولێر بەڵەدم! 
لە هەردووکیاندا من بە تۆ دەڵێم ‹زانیاری›م هەیە دەربارەی هەریەک لەوانە. بەڵام دەستت بخەرە ژێر سەرت، کۆکردنەوەی زانیاری زۆر، مانای زانین نیە. زانیارییەکان بۆ زانین پێویستن، بەڵام زانین لەوە زیاترە کە بەتەنها هەر کەڵەکەکردنی زانیاری بیت. ئایا بیرۆکەکەم ڕوونکردەوە؟ شتێکت پێ بڵێم: ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە جۆرێکە لە هەڵەی لۆجیکی، ناوێکی دیاریکراویشی هەیە: ‹بیرکردنەوەی بازنەیی، یان خولانەوە لەناو بازنەدا›. کە لەمەسەلەی زانین بوومەوە، یەکسەر دەچمە سەر لۆجیک و کاتێکیش تەرخان دەکەم بۆ هەڵە لۆجیکییەکان.
ئەگەر بە یەک ڕستە هەموو بڵێم زانین چیە: بریتییە لە زانینی فاکتەکان. بەڵام فاکت چیە؟ ئەها! ئەمە سەرەتای ڕێگاکەیە، پرسیارکردن! بێ ئاڵۆزکردن پێت دەڵێم ‹فاکت› شتێکە کە سەلمێراوە ڕاستە. دەی باشە، هەر بۆ لەسەرەتاوە نەمووت: زانین بریتییە لەو ‹ڕاستی› یانەی سەلمێنراون. بێشک ئەمە چۆرێکە لە زانین، هەروەها ڕاستییەکانیش کێشەی خۆیان هەیە، چونکە پرسیاری ئەوەی بەچی دەوترێت ڕاستی (هەقیقەت)، ڕەوایی خۆی هەیە، هەروەها گەرەنتی چیە بۆ ئەوەی هەقیقەتەکان هەمیشە هەروا بمێننەوە. مێژووەکەمان پڕێتی لە هەقیقەتی وەها کە دواتر بۆمان دەرکەوتووە هەڵەن. بەڵام بۆ ئەوەی کارەکە ئەنجام بدەم، لێرەدا تەنها لەگەڵ فاکتەکان دەمێنمەوە.
لە پەیوەندیدا بە فاکتەوە دەتوانم بڵێم، زانینمان جۆراوجۆرە، هەندێک لە زانینەکان پەیوەندییان بە ‹کات›ەوە هەیە، هەندێکی تریان بە ‹شوێن›ەوە و لیستەکەش زۆر درێژە. بۆ نموونە: ‹من دەزانم کۆنسێرتەکە لە تەلاری هونەر سازدەکرێت.› ئەمە زانینێکە لە پەیوەندیدا بە شوێنەوە؛ کە تۆش دەڵێیت ‹دەزانم کۆنسێرتەکە ئێوارەی چوارشەممە سازدەکرێت› ئەمەیان لە پەیوەندیدا بە کاتەوەیە› ئەمانە فاکتن و زانینیش لەئامێزگرتن و کارکردنە لەگەڵ فاکتەکاندا، پرۆسەکەش ئەو ڕێگایەیە کە دەمانباتە لای فاکتەکان. یانی دەبێت من پێشتر ئەوەم زانیبێت کە کۆنسێرتەکە لە تەلاری هونەر سازدەکرێت و ئەو تەلارەش لە کوێیە، تۆش بە هەر رێگایەک بێت زانیبێتت کە کۆنسێرتێک سازدەکرێت و کاتەکەشیت وەرگرتبێت.
بەڵام هێشتا گرفتەکە هەر ماوە! کاتێک دەڵێم ‹من شتێک دەزانم› ئەمە مانای چیە؟ تۆ بڕوانە، ئێمە وشەیەکی دیکەشمان هەیە: باوەڕ! ئەمە وشە زێڕینەکەی ناو کەلتوری ئێمەیە، خەڵکی ئێرە بەردەوام باوەڕیان بە شتگەلێکی زۆر هەیە بێ ئەوەی بیانزانن. لەڕاستیدا ئەوان وادەزانن کە مادام باوەڕیان بە شتێک هەیە، ئیتر ئەو شتە دەزانن. ئەمەش ئەو هەڵە کوشندەیەیە کە دەیان سەدەیە بەدەستیەوە گیرمان خواردووە: مامەڵەکردن لەگەڵ باوەڕەکاندا وەک زانین. تۆ سەیری ئەم دوو ڕستەیە بکە: 
من دەزانم ئێستا باران دەبارێت.
تۆ باوەڕت وایە ئێستا باران دەبارێت.
بێگومان! من چوومەتە دەرەوەو سەیرم کردووە باران دەبارێت، بەڵام لە ژوورەوەیت و لەو باوەڕەدایت باران دەبارێت. من بە تاقیکردنەوە زانیومە کە باران دەبارێت، بەڵام تۆ دوێنێشەو هەورەکانت بە ئاسمانەوە بینیوە و باوەڕی ئەوەت لا دروست بووە کە سبەینێ باران دەبارێت.
جیاوازی نێوان من و تۆ چیە؟ ئەوەی من فاکتە (هەقیقەتە)، بەڵام ئەوەی تۆ باوەڕە! ئەمە یانی چی؟ یانی قسەکەی من ئەگەری ئەوەی تێدا نیە کە هەڵە بێت، چونکە خۆم ئەزمونم کردووە و بەڕاستی بینیومە کە باران دەبارێت، بەڵام گوزارشتەکەی تۆ قابیلی ئەوەیە کە ڕاست بێت یان هەڵە. دەبینیت! ئەزمونکردن یەکێکە لە ڕێگاکانی زانین. من بە تاقیکردنەوە بۆم دەرکەوت کە باران دەبارێت. ئەوە ڕاستە کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا باران دەبارێت، بەڵام ئەوەی تۆ تەنها ڕێکەوتێک بوو، واتە گەرەنتی نەبوو، چونکە زۆرجاری تریش ڕوویداوە کە هەور بە ئاسمانەوە بووە و بارانیش نەباریوە. 
ئەم قسانە چیمان پێدەڵێت؟ باوەڕەکان ئەگەری ڕاستی و هەڵەییان تێدایە، بەڵام فاکتەکان وا نین. ئەمە قسەیەکە ماوەیەکی یەکجار درێژە کەس بەگوێیدا نەداویت، کەس گومانی نەخستۆتە سەر باوەڕەکانت، هەمیشە وەک هەقیقەت وەرتگرتوون و لەگەڵیاندا ژیاویت. لەکاتێکدا پێویستە کارێکی زۆر بکەیت بۆ ئەوەی لە باوەڕەوە بگوێزیتەوە بەرەو هەقیقەت. بە کورتی مەرج نیە هەرچی تۆ باوەڕت پێی بوو هەقیقەت بێت. 
شتێکی ئاساییە باوەڕەکان هەڵە بن، دەتوانرێت لە ئەنجامی تاقیکردنەوە و بیرلێکردنەوە و پەیداکردنی فاکتی نوێتردا، باوەڕەکان ڕاستبکرێنەوە. بەڵام کاتێک دەردەکەوێت شتێکمان بە هەقیقەت زانیوە، بەڵام وا نیە، ئەوە گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر دنیاکەماندا دێت، وەک تۆماس کوون دەڵێت: پارادایمەکان دەگۆڕێن. بەڵام ئەمەیان باسێکی دیکەیە.
با کۆتاییەکەی بە قسەیەکی خۆش بهێنم: جارێکیان خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی (718 - 786) وتوویەتی: پیاوەکان چوار جۆرن: پیاوێک دەزانێت و دەزانێت کە دەزانێت، ئەوە زانایە، پرسیاری لێ بکەن. پیاویکیش دەزانێت و نازانێت کە دەزانێت، ئەوە لەبیری کردووە، بیری بخەنەوە. سێهەمیش نازانێت و دەزانێت نازانێت، ئەوە نەزانە فێری بکەن. دواهەمینیشیان نازانێت و نازانێت کە نازانێت، ئەوە گەوجە خۆتانی لێ لابدەن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان