دانیشتوانی سنووری ناحیەی شێخ تەویل-ی گەرمیان پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی 129 دووپاتکردەوە

08:11 - 2024-10-03
کوردستان
413 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی تەشرینی یەکەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی بەکر بایەف-ی سەر بە ناحیەی شێخ تەویل-ی سنووری گەرمیان، لەگەڵ دانیشتوانی گوندی بەکر بایەف و گوندەکانی دەوروبەری کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا. هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ناوچەکەی لەپێناوی ئازادی و سەرفرازی میللەتی کورد بەرزنرخاند و رایگەیاند: هەر لەکاتی دروستبوونی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێوە، بەهۆی دڵسۆزی خەڵکی ناوچەکە و هەڵکەوتی سەختی جوگرافییەوە، ئەم ناوچەیە مەکۆی شۆڕش بووەو گوندنشیانی تێکۆشەری ئێرە لە لایەک بە ماڵ و حاڵی خۆیان لە خزمەتی پێشمەرگەدا بوون و لەلایەکی تریشەوە گیانی پیرۆزی رۆڵەکانیان دەکردە قوربانی خاک و وڵات. بەوهۆیەشەوە رژێمی بەعس زۆر دڕندانە، لە ئەنفال و پێش ئەنفالیشدا رووبەڕوویان دەبووەوەو خەڵکەکەی ئەنفال دەکردو خاکەکەشی سووتماک دەکرد.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لەم ناوچەیەدا کراون، زۆر کەمن و لە ئاستی فیداکاریی و قوربانیدانی بێ شوماری دانیشتوانی ئەم ناوچەیەدا نین، بۆیە یەکێتی بەرنامەی ئەوەی هەیە لە داهاتوودا باشتر خزمەتیان بکات، ئەوەش بەوە بەدەست دێت کە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا یەکێتی بتوانێت پێشەنگ بێت لە بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران، تا بتوانێت هاوسەنگی هێز بگۆڕێت و حکومەتێکی سەرتاسەری کوردستانی گەلپەسەند دابمەزرێنێت کە داخوازییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات و چیتر نەبێتە مایەی ماندووکردن و توڕەکردنی کۆمەڵانی خەڵک.

بۆ ئەو مەبەستەش، ئامادەبوانی هاندا، لە رۆژی 20ی ئەم مانگەدا، خۆیان و خێزان و کەسانی دەوروبەریان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بەلیستی 129 و ئەوە بۆ دەسەڵاتداران بسەلمێنن  کە خستنەسەر دەسەڵات و لادانیشیان لەسەر دەسەڵات هەر بەدەنگ و  بڕیاری گەلی کوردستانە، بۆیە دەبێت رێز لە ئیرادەی گەل بگرن.

پاشان ژمارەیەک لە کاندیدانی یەکێتی لە سنووری بازنەی سلێمانی خۆیان بە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە ناساند، هەروەک ژمارەیەک لە ئامادەبووان چەندین پێشنیار و سەرنجیان خستەڕوو.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پێکهابوون لە دانیشتوانی گوندەکانی بەکر بایەف، بێستانە، چەمی شۆر، قەڵا تەبزان، پارێوڵە، کەڵەشێرە، ئیمام محەممەد، تیلەکۆ، گۆڕی ئەسپ، کانی گوڵ، تمتمە، تەپەکەڕوس، قەڵای تەپەکەڕوس، براوەل، زەردەلیکاو، چرچەقەڵا، دەرەدۆین، گوڵمکەوە، دڕکە، بساکان، دارەوەنە، مراوا، تازەدێ، نزارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان