شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی سلێمانی کۆبووەوە

06:34 - 2024-10-05
کوردستان
563 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە 5ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی سنووری سلێمانی کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە هەڤاڵان زیادی شەهید جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و دکتۆر میران، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە بازنەی سلێمانی و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر ئامادیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لە رۆڵی دیارو کاریگەریی بەڕێوەبەر و مامۆستایان کرد لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا و پێی راگەیاندن؛ ئەرکتان زۆر پیرۆزە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر قورسیشە، بۆیە پێویستتان بەکارئاسانی و پشتیوانی حکومەتی هەرێم هەیە.

دووپاتیشکردەوە، سەرکردایەتی یەکێتی بەچاوی رێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ماندووبوونی مامۆستایان دەڕوانێت و بەپێشەنگی کۆمەڵگەیان دەزانێت و هەرچی پێبکرێت بۆ پاڵپشتیکردنیان درێغی ناکات، هاوکات تیشکیخستەسەر رۆڵی مامۆستایان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا کە بەهۆی پێگە گرنگەکەیانەوە دەتوانن کاریگەریی بەرچاویان هەبێت، هەربۆیە پێویستە جێدەستیان دیاربێت لەو گۆڕانکارییە گەورەیەی چاوەڕوان دەکرێت لە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمدا بکرێت، بەئاراستەی هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە جێی خستنەڕووی داواکارییەکانی خەڵک بێت، لەوێشەوە حکومەتێکی خزمەتگوزاری کارا دابمەزرێت.

هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، دوا پێشهاتە سیاسییەکانی بۆ ئامادەبووان باسکردو ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی هەوڵی زۆریاندا هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمدا دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت پارێزگاری لە شکۆ و ناوبانگی هەرێم بکرێت، لانیکەم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام لایەنی بەرانبەر هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەی رەتکردەوەو بەوهۆیەشەوە  تەواوی دەستکەوتەکانی خستەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون، بۆیە پێویستە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم کە بەرهەمی خوێن شەهیدان و رەنج و ماندووبوونی تێکۆشەرانی گەلەکەمانە، هەروەها بۆ گۆڕینی بارودۆخی نالەباری وڵات بەرەو باشتر، هەمووان کاربکەن بۆ سەرخستنی لیستی 129ی یەکێتی و کاندیدە دڵسۆزەکانی.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هەڤاڵان زیادی شەهید جەبارو دکتۆر میران و دابان شەدەڵە، لەچەند وتەیەکی جیاجیادا  کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی پەروەردەیان خستەڕوو و بەبایەخەوە باسیان لە رێگاچارەکان کرد.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان