دوو شیعر

11:57 - 2025-07-03
ئەدەب و هونەر
15 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل بەرزنجی



دڵتەنگی

بەرخۆلەکە بە چنگەڕنێ
خۆی دەگەیێنێتە گوانی دایکی،
کەڵەبابەکە کۆڵیتی بزرکردووە و 
بانگدانیشی بیر چۆتەوە.
گوجیلەکە بە هانکە هانك 
روو لە بەرزایی دەکات،
کێشکەیەک
بەدوای دەنکە گەنمێکدا وێڵە
راوکەرێکی دڵڕەق
کەروێشکێکی لە خوێن و بەفردا گەوزاندووە
منیش لە ژوورەکەمدا، تەنیا تەنیا
هانا بۆ گرانتس دەبەم
سەری موعەلەبێک هەڵدەپچرم و
دەگەڕێمەوە بۆ خوێندنەوەی دۆزەخی هێنری باریۆس.

بۆ کەریم کاکە

بریا ساڵێك 
دراوسێی حەسەن زیرەك بوومایە
تا بمزانیبا شلکەی ڕرن
لە کوێوە دەستی بۆ درێژ دەکرێ!
ژنە چاوبگێڕەکان، چۆن رایی دەکرێن؟!
بریا ساڵێك
دراوسێی حەسەن زیرەك بوومایە
تا ئێواران جاجکم بۆ بکردایە و
گۆشتم بۆ ببرژاندبا!
بریا ساڵێك
نا سەفەری حەسەن زیرەك بوومایە
تا مریەم بۆکانی و
سستەر سەبریی پێ ناساندبام.
بریا ساڵێك تەلەبەی بوومایە
تا باسی نهێنی
 بێستوون و ناڵەشکێنەی بۆ بکردبام.
بریا ساڵێك
شاگردی حەسەن زیرەك بوومایە
تا لەنێو شڕەجانتاکەی
مشت مشت، گەوهەرە وشەم دەرهێنابا.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان