لە میدیاکانی جیهانەوە

10:12 - 2024-10-06
جیهان
15 جار خوێندراوەتەوە

 هێرشی ئێران و چاوەڕوانیی کاردانەوەی ئیسرائیل

 هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و پێشبینیی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل، بووەتە باسوخواسی گەرمی نێو میدیاکانی جیهان، لەو رووەشەوە رۆژنامەی «نیهۆن کیزا»ی ژاپۆنی پێیوایە کە ئەو جەنگە جەنگی نێوان دوو زلهێزی جیهانی روسیا و ئەمریکایە و وا خەریکە ئەو ئاگرە دەکەوێتە ناو پەرێزی وڵاتانی دیکەوە و تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنێت.
 سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە پێیوایە تا کێشەی فەلەستین لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێت، مووشەکبارانەکان لە هەموو لایەکەوە بەردەوام دەبن.

ئیسرائیل بەدوای هەلێکدا دەگەڕا

 بەگوێرەی راپۆرتێکی شرۆڤەکاریی رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی  بەریتانییش، واچاوەڕوان دەکرێت ئێران بەشوێن جۆرێک لە چارەسەری سازاندا بگەڕێت، ئەو هێرشە زەبەلاحەشی بۆ ئەوە بووە بیروڕای شیعەکان لە ناوخۆی خۆی و لە لوبناندا هێور بکاتەوە و سۆزیان رابکێشێت تا ئەوان هەست بکەن لایەنێک هەیە کە داکۆکییان لێدەکات. 
خاڵی دووەمیش ئەوەیە دەیەوێت بە تۆڵەیەکی سوکی ئیسرائیل لێی دەربچێت، بەڵام بەگوێرەی شرۆڤەکان هەردوو ئەگەرەکە مەحاڵن، هەرچەندە نەیتوانیووە زەبرێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدات، بەڵام نەتانیاهو بەدوای هەلێکی لەو جۆرەدا دەگەڕا تا ئێران ئاگرباران بکات، هەرچەندە هێشتا دیار نییە سروشتی وەڵامدانەوەکەی چۆن دەبێت و لەکوێ دەدرێت، بەڵام پێدەچێت گورزەکانی کوشندەبن. 

عیراقیش پڕیشکی بەردەکەوێت
رۆژنامەی TAZ تاگسزایتۆنگی ئەڵمانی، پێیوایە کە جیهان خۆی بۆ جەنگێکی گەورە و فراوانتر ئامادەکردووە، جگە لە ئیسرائیل و لوبنان، ئەو وڵاتانەی کە زەمینەی جەنگیان بۆ رەخساوە و خەریكی خۆئامادەکردنن، بریتین لە ئێران، یەمەن، عیراق و سوریا.
 وەزیری دەرەوەی ئێران چووەتە لوبنان و هێزە عیراقییەکانیش لە ئامادەباشیدان بۆئەوەی ئەگەر مووشەکەکانی ئیسرائیل بۆسەر گروپە چەکدارەکانی دۆستی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاش خەریکی پلانی تۆڵەی مووشەکەکانی ئێرانن لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو گروپانە. 
لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل خۆرئاوای لەپشتە و لەهەر کاتێکیشدا دۆخەکە نزیکە لە تەقینەوە.


ئیسرائیل لە پرۆژە ئەتۆمییەکە نادات
لەبارەی کاردانەوەکانی ئیسرائیلەوە، زۆر باس لە مووشەکبارانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکرێت، بەڵام رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بەدووی دەزانێت و ئەو هۆکارانە باسدەکات کە وادەکەن ئیسرائیل لە پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران نەدادت، یەکەمیان ئەمریکا بەوە رازی نییە، دووەم خودی ئیسرائیل 1600 کیلۆمەتر لە ئێران دوورە و فڕۆکە سەربازییەکان دەبێت ئاسمانی ژمارەیەک وڵاتی وەک سعودیە و ئوردن و عیراق و سوریا و لەوانەیە تورکیاش ببەزێنن کە ئەمەش رێگەپێدراو نییە لەلایەن هیچ کام لەو وڵاتانەوە، جگەلەوەش ئەو پەلامارە ئاسمانییە، پێوستی بە زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی هەیە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، ئەمانە هەموویان هۆکارن، بەڵام مانای ئەوە نییە کە هیچ روونەدات، بەڵکو بەهۆی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن زەبرێکی کوشندە لە ئێران دەوەشێنێت.
 رۆژنامەی لارازۆن –ی ئیسپانیاش، بەهەمان شێوە وای دەبینێت کە ئیسرائیل ئەو تۆڵەیە دەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە لە بنکەی پرۆژە ئەتۆمییەکەی بدات، لەوانەیە گورز لە کۆمپانیاکانی نەوت و غاز بووەشێنێت و زیانی گەورەی ئابووریی پێ بگەیەنێت. 


نەتەوە یەگرتووەکانیش تێوەگلا

 بەهۆی سەرکۆنە نەکردنی هێرشەکەی ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، ئیسرائیل بڕیاریدا نەهێڵیت «ئەنتۆنیۆ گوتێرێز» ئەمینداری گشتیی UN سەردانی وڵاتەکەی بکات، لەدوای ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بە ئیمزای هەر 15ئەندامەکەی، پشتیوانیی خۆیان بۆ سکرتێری گشتیی UN راگەیاند و هەر پێنج ئەندامە هەیشەییەکەش «ئەمریکا، چین، روسیا، بەریتانیا و فەرەنسا» هۆشدارییان لەوە داوە کە هەر بڕیارێک لەدژی UN دەربچێت، ئەنجامی باشی نابێت، بەڵام ژمارەیەک کەناڵی میدیایی لەوانە پۆرتاڵی ئۆنلاینی سلۆڤاکی رەخنەیان لەو کەسایەتییە هەیە و لە بابەتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو پۆستە دەبێت یەکێکی تر وەری بگرێت کە خاوەن بڕوا و هەڵوێست و متمانەبێت، هەروەها باشتر وایە گەنجێکی بوێر بێت، تا بتوانێت ئیدانەی ئەو کارانە بکات کە نایاسایین و شەرمەزارکەرن.
 بەداخەوە ئەوەی ئێستا ناتوانێت لەگەڵ رووداوە جیهانییەکاندا قسەی دروستی هەبێت و هەڵوێستێکی بەرپرسانە بنوێنێت.

 بورهان ئەمین ئامادەی دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان