توركیا: ئەم جەنگە هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە
وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند: رێوشوێنی خۆپارێزی پێویستیان گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی ئیقلیمی، بەهۆی پەلامارەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچەكە. سەرچاوەكەی وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێت: «هێزە چەكدارەكانمان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەك بۆ سەر ناوچەكە یان هەڕەشە بێت بۆ سەر مانەوەمان.»
جەنەراڵ زەكی ئاكتورك راوێژكار لە وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێت: «وەك وەزارەتی بەرگریی و هێزە چەكدارەكانی توركیا، لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكانی ناوچەكەمان و جیهان دەكەین، سەبارەت بە بەرگری و ئاسایشی وڵاتەكەمان، بە ستراتیژی ئەمنیی فرەڕەهەند هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.
هێرشە نامرۆڤانەکانی ئیسرائیل كە یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكەن، بەردەوامن لە هەڕەشەكردن لە ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەقامگیریی جیهانی و ناوچەیی.
بارودۆخی ئێستا دەریخستووە كە نیگەرانییەكانمان چەندە رەوایە لەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل تەنیا لە غەززەدا سنووردار نابێت، بەڵكو لە هەموو ناوچەكەدا بڵاودەبێتەوە».
ئەردۆغان: ئیسرائیل خەون بە سەرزەمینی میعادەوە دەبینێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وتارێكدا لەبەردەم پەرلەمانی توركیادا، دەستی خستە سەر گرژییەكانی ناوچەكە و ئاماژەی بەوەدا كە ئیسرائیل لە خەونی «سەزرمینی میعاد»دایە. ئەردۆغان هۆشداری دا كە «ئیسرائیل چاوی لە توركیایە». ئاماژەشی بەوە دا، كە پێشتریش گەورەترین لایەنگری ئیسرائیل، عەقید دۆگلاس مەكگریگۆر، عەقیدی خانەنشینكراوی سوپای ئەمریكا، وتبووی: «ئێمە پەكەكە لە سوریادا ئامادە دەكەین بۆ هێرشكردنە سەر توركیا».
ئەردۆغان دەڵێت: «ئەگەر راشكاوانە بڵێم، ئەو شوێنەی كە ئیدارەی ئیسرائیل بە وەهمی «خاكی بەڵێندراو- سەرزەمینی میعاد» مامەڵەی لەگەڵدا دەكات و چاوی تێبڕیووە، دوای فەلەستین و لوبنان، بە بیروبۆچوونێكی ئایینی، زێدی ئێمە دەبێت.
ئێستاش هەموو «حیساباتەكان لەسەر ئەوەن».
ئاماژەشی بەوەداوە كە سنووری لوبنان بە دووری 170 كیلۆمەتر لە سنووری سوریاوە لە قەزای «یایلاداغی هاتای» دوورە و بە ئۆتۆمبیل بە دوو سەعات و نیو دەبڕدرێت، تەئكیدیشی كردەوە، گرنگ نییە تێچووی هەرچییەك بێت، توركیا بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە دژی ئیسرائیل».
یاداشتێك لە نێوان عیراق و توركیادا ئیمزا دەكرێت
ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ عەلی یەرلی كایا وەزیری ناوخۆی توركیادا ئیمزا كرد بۆ پشتیوانیكردن لە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی عیراقییەكان لەو وڵاتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیر رایگەیاندووە: ئیمزاكردنەكە لە پەراوێزی سەردانەكەی وەزیردا بووە بە سەرۆكایەتی شاندێكی وەزاریی بۆ ئەنقەرە، بە ئامادەبوونی مەجید جەماوی باڵیۆزی عیراق لە ئەنقەرە و ژمارەیەك بەرپرس لە وەزارەتی ناوخۆ و خزمەتگوزاریی كۆچبەرانی توركیا».
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاكراوە، پاڵپشتیی و هاوكاری ئەو عیراقییانە دەكرێت كە ئارەزووی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان بۆ عیراق هەیە و ئاسانكاریی بۆ هەموو رێكارەكانیان دەكرێت.