״90 هەزار كەس فۆرمیان بۆ شوقەکان پڕكردۆتەوە״

11:35 - 2022-07-04
ئابووری
419 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرسی یەكەكانی نیشتەجێبوون و وەرگرتنی زانیاریی ورد لەبارەی میكانیزمی دروستكردن و دابەشكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەسانی كەمدەرامەت، لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و وەفدێكی دەستەكە كۆبۆوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان، ئامانجی كۆبوونەوەكەیان روونكردەوە و رایانگەیاند: دەیانەوێت لە نزیكەوە ئاگادار بن لە وردەكاریی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و میكانیزمەكانی دابەشكردنی و جۆر و كوالێتی ئەو یەكانەی كە بڕیارە بۆ كرێنشینان و كەسانی كەمدەرامەت لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا دروستبكرێن.
کێ سوودمەند دەبێت؟
لەوبارەیەوە، د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم رایگەیاند: لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، پڕكردنەوەی فۆرمی دابەشكردنی ئەو یەكانە دەستیپێكردووە و تائێستاش نزیكەی 90 هەزار كەس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان فۆرمەكەیان پێشكەشكردووە، پڕۆسەكەش تا رۆژی 2ی 7ی 2022 بەردەوام بوو.
راشیگەیاند: جگە لەو خێزانانەی كە ژیانی هاوسەرگیرییان پێكهێناوە، ئەو كوڕ و كچانەی كە تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاترە و ژیانی هاوسەرگیرییان پێكنەهێناوە، مافی ئەوەیان هەیە فۆرمەكە پڕ بكەنەوە.
وتیشی: «شوقەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەش دەكرێت».
سەبارەت بە قەبارەی شوقەكانیش، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاشكرایكرد: یەكەكان لە سێ جۆر شوقەی جیاواز پێكدێن، بەشێكیان (80) مەترە و بەشێكیشیان (100) مەترە و بەشێكی دیكەشیان (120) مەتر دەبێت.
لە ماوەی (12 بۆ 15) ساڵ
بەوتەی ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرهێنان، شێوازی پارە وەگرتنەكەش بە رێژەی (%30)ی نرخی شوقەكە لە كەسانی سوودمەند وەردەگیرێت و بڕی پارەی قەرزەكە لە ماوەی (12 بۆ 15) ساڵ بە قیستی مانگانە تەواو دەكرێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەندامانی لیژنەكەی پەرلەمان كۆمەڵێك سەرنج و تێبینییان خستە بەردەستی سەرۆكی دەستەكە و راشیانگەیاند: پێویستە بەزووترین كات ئەم پڕۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێكردن و پڕۆژەی هاوشێوەی تری بەدوادا بێت، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵكی شایستە سوودمەند بن.
״زیاتر لە 200 هەزار كرێنشین هەیە״
پێشتریش، وتەبێژی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: «ئەو یەكانەی لە رابردوودا بۆ نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان دروستكراون، ئەوەندە بۆ مەبەستی بازرگانی و قازانج بووە، هێندە بۆ كەمكردنەوەی كرێنشینان نەبووە كە ئێستا ژمارەیان لە 200 هەزار كرێنشین زیاترە، بۆیە ئەگەر حكومەت بیەوێت كێشەی نیشتەجێبوون بۆ كەمترین ئاست دابەزێنێت، پێویستە خۆی چاوێری دروستكردن و فرۆشتنی ئەو یەكانە بكات كە بۆ نیشتەجێبوون دروست دەكرێن، پاشان نرخەكان بە جۆرێك جێگیر بكرێت، كەسێكی مووچەخۆر بتوانێت بە ئاسانی قیستی مانگانەی بدات».

بابەتە پەیوەندیدارەکان