ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی
شەهید یوسف خەڵەف ئەلیاس یوسف، لە دایكبووی ساڵی 1992ی هۆزی (دنا)ی گوندی (زۆراڤای)ی سەر بە ناحیەی سنوونە لە قەزای شنگال.
ساڵی 2003 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتییەوە لە كۆمیتەی ڕێكخستنی سنوون، ساڵی 2012 بوو بە پێشمەرگە بە پلەی (ر.ع) لە فەوجی 2ی لیوای 111ی هێزەكانی 70.
بەشداریی لە چەندین خولی ئەكادیمی و سەربازیدا كردووە، پێشمەرگەیەكی چالاك و بوێر بووە و شانبەشانی هەڤاڵانی لە شەڕی دژ بە گروپە تیرۆریستییەكانی سنووری قەزای شنگال و دەشتی نەینەوا بەشدار بووە.
رۆژی 3/8/2014 و كاتی داگیركردنی دەڤەری شنگال و لەناوبردنی خەڵكی ئێزدی لە قەزای شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، شەهید یوسف و چەند پێشمەرگەیەكی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەئەنجامی بەرگرییەكی كەم وێنە لە خەڵكی دەڤەری شنگال، لە مەفرەقی كۆمەڵگەی (بۆڕگ) شەهیدكران، یەكێك لە شەهیدەكان مامێكی خۆی بوو بەناوی عەلی ئەلیاس یوسف كە كادرێكی دیار بوو لە سنووری كۆمیتەی رێكخستنی یەكێتی لە سنوون.
شایانی باسە، لە رۆژی 3/8/2014 سەدان پێشمەرگە وكارمەندی ئاسایش و پۆلیس و ئەندامانی رێكخستن و كادرانی حزبی و كۆمەڵایەتی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش، شەهید و بێسەروشوێن كران.