هێمن ئەحمەد
بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاشكرایدەكات: لەسەر راسپاردەی پارێزگار، كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ چارەسەری كێشەی پرۆژەكانی شارەوانییەكان و تاوتوێكردنی ئاستەنگەكانی بەردەمیان، بەڕێوەچوو.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر، راشیگەیاندووە: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كەموكوڕی و دواكەوتن و شێوازی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان كرا، بەتایبەتی پڕۆژەی شەقامی یەكی حوزەیران لە گەڕەكی پیشەسازی و كردنەوەی میحوەر و شەقامی دووسایدی یەكی ئازار بەرەو سەیادە بە درێژایی كەناری رۆژئاوای رووباری خاسە و كردنەوەی شەقامەكان لە كۆبانی باشووری دۆمیز و دروستكردنی پردی پیادە و پەرەپێدانی شەقامی فولكەی ئیخوان و كردنەوەی رێگەی شەقامی عروبە بەرەو نەخۆشخانەی نەسر، وتیشی: بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانە جەنجاڵی هاتوچۆ لەنێو سەنتەری شار تاڕادەیەكی زۆر نامێنێت.