شێوەكار، محەمەد عەبدوڵڵا: هونەرمەند ناتوانێت لە رێگەی هونەرەكەیەوە بژی

12:06 - 2024-10-10
هەمەرەنگ
178 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی شێوەكار محەمەد عەبدوڵڵا ساڵی 1999 لە شاری هەڵەبجە لە دایكبووە، خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆمە لە هونەری شێوەكاریدا و ماوەی 11 ساڵە لەو بوارەدا كار دەكات و بەشداریی لە زیاتر لە 17 پێشانگەی هونەریی لە هەرێم و دەرەوەی هەرێم كردووە.
محەمەد عەبدوڵڵا سەبارەت بە كێشانی وێنە بە دوالاپەڕەی وت: هەر وێنەیەك لەلایەن هونەرمەندە دەكێشرێت هەڵقوڵاوی ناخی خودی هونەرمەندەكەیە و مەبەستێكی لە پشتە، زۆربەی كارەكانی من لەسەر سروشتە، چونكە سروشت كانگەیەكی لەبننەهاتووی جوانییە و سەرچاوەی جوانی و چێژە، سروشت وەك قوتابخانەیەك وایە كە مرۆڤ بە بەردەوامی لێوەی فێر دەبێت، هەر بۆیە هونەر هەموو جوانییەك دەگەیەنێت.   وتیشی: لە وڵاتانی جیهان لە هەر شارێك راوێژكارێكی هونەری هەیە بۆ جوانكردنی سیمای شار لە بواری هونەریدا، كەواتە گرنگیدان بە هونەر بە ئامانجی جوانتركردنی شارەكان شتێكی زۆر پێویستە و دەبێت گرنگی پێبدرێت، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان ئەو گرنگییەی پێنەدراوە و هونەرمەند ناتوانێت لە رێی هونەرەكەیەوە بژی و پێداویستییەكانی ژیانی خۆی دابین بكات.
سەبارەت بە پشتگیریكردنی هونەرمەندان وتیشی: پاڵپشتیكردنی هونەرمەندان لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆئەوەی بتوانن لە دەرەوەی كوردستان بەشداری لە كارە هونەرییەكان بكەن و پەیام و ئازاری هەرێم بگەیەنە وڵاتان، ئێستا وڵاتانی جیهان لە رێگەی هونەر و كەلتورەوە شوناسی نەتەوەیی خۆیان بە وڵاتانی دیكە ئاشنا دەكەن.
محەمەد تۆفیق نەوڕۆڵی - هەڵەبجە 

بابەتە پەیوەندیدارەکان