چیرۆکنووس مۆشی پۆڵس: ئەدەبی سریانی لە کەرکوک لە بەرەوپێشچووندایە

01:23 - 2024-10-10
ئەدەب و هونەر
211 جار خوێندراوەتەوە

چیرۆکنووس مۆشی پۆڵس

رزگار شوانی - کەرکوک

چیرۆکنووس و بیرۆکەنووسی ئاشوریی مۆشی پۆڵس مۆشی، ساڵی 1957 لەگەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک لەدایک بووە و خاوەنی 11 کتێبە و ئەندامی نوسینگەی راپەڕاندنی یەکێتیی ئەدیبانی عێراقە و جێگری ئەمینداری گشتییشە، لەهەمان کاتیشدا ئەندامە لە دەستەی کارگێڕیی لقی کەرکوکی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق. (ئەدەب وهونەر)  دیمانەیەکی لەگەڵ ئەم چیرۆکنووسە ئەنجامدا و لە سەرەتادا لێمان پرسیی:
* یەکەمین نووسینی مۆشی پۆڵس لەکەیەوە سەری هەڵدا؟
 - لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە نووسین بوو بە خولیام و سەرەتا بە بیرۆکەنووسین و دواتریش سەرکەوتوو بووم لە نووسینەوەی کورتەچیرۆکدا. لەبەرئەوەی دەروونم بچووکە و ژیانیش لە گۆڕانکاری دایە و بەپەلە هەنگاو دەنێت و کاتمان نییە بۆ خوێندنەوەی رۆمان. 
* ئەو نووسەرە ناسراوانەی کاریان تێکردی کێ بوون؟ 
- لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا مامۆستای زمانی عەرەبیی زۆر کاری تێکردم، ئەوەبوو لەو رۆژەوە عاشقی زمانی عەرەبیی بووم، هەروەها کاریگەر بووم بەهەریەک لە ئەدیبی عەرەب، سەلامە موسا و نووسەری بەریتانی کۆلن ویلسن. 
* ئامادەیی بەردەوامتان هەیە لە زۆربەی کۆڕو سیمینار و فێستیڤاڵە رووناکبیریی وئەدەبییەکاندا، هۆکار چییە؟
 - بەردەوام بە پەرۆشم لەگەڵ ئەدیبان و نووسەرانی کەرکوک بە هەموو نەتەوەکانییەوە کۆببمەوە و لەگەڵیاندا قسەوباس دەکەم لەسەر چۆنییەتی بەرەو پێشچوونی بزافی رۆشنبیریی لە شاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا.
 * پێت وایە ئەدەبی سریانیی لە چ ئاستێکدایە؟
 - ئەدەبی سریانی هەنگاوی بەرەوپێشەوە ناوە و ئەدیبانی ناسراوی لەخۆ گرتووە کە تاکو ئەمڕۆ بەردەوامن لە خزمەتکردنی رۆشنبیریی سریانیدا، لەبەر ئەوەی سوورن لەسەر بەهێزکردنی زمانەکەیان. 
* ئەی بزووتنەوەی ئەدەبیی لە کەرکوک بەشێوەیەکی گشتی چۆن دەبینیت؟
 - بێگومان رۆژ لەدوای رۆژ هەنگاوی بەرەوپێشەوە دەنێت و ئەدیبان و نووسەران بەهەموو پێکهاتەکانییانەوە، بەنووسینەکانیان گوزارشت لە پێکەوەژیان لەم شارە خۆشەویستەدا دەکەن. 
لەکۆتایی ئەم دیدارەدا کورتە چیرۆکێکی ئەدیبی سریانی مۆشی پۆڵس-مـــان لــــە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕایە ســـەر زمانی کوردیی بە ناونیشانی(سەدای ساڵان). 


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان