شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و داستانێکی کەموێنەی دیموکراسی تۆماربکەن

06:32 - 2024-10-10
کوردستان
901 جار خوێندراوەتەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) و هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری ناحیەی عەربەت کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و هەڤاڵان جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، رایگەیاند: یەکێتی هەڵقوڵاوی ناوجەرگەی سنوورەکەی ئێوەو ناوچەکانی دیکەی هاوشێوەی ناوچەکەی ئێوەیە کە بە فیداکاری و جوامێریی بەناوبانگن و مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ لە سنووری ئێوەوە سەریانهەڵدا و گەشەیانکرد و گەورەبوون. 
باسی لەوەشکرد، کەم ماڵی سنوورەکەتان هەیە شەهیدو قوربانی لەپێناوی کوردایەتیدا نەدابێت، بۆیە ئێوە خاوەنی راستەقینەی کوردستان و دەستکەوتەکانن و مافتان بەسەر حکومەتی خۆتانەوە هەیە.

پاشان تیشکیخستەسەر رەوشی سیاسی هەرێم و ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی و دۆستەکانیشمان زۆر هەوڵی یەکڕیزیی و تەبایی دەدەن، بەڵام هەندێک لایەن هەموو دەستپێشخەرییەکی پەیوەست بەو هەوڵانە رەتدەکەنەوە. ئێستاشی لەگەڵدابێت یەکێتی خاوەن هەمان مەبدەئی سەردەمی سەرۆک مام جەلالە کە ئەویش مەبدەئی هاوپەیمانیی و شەراکەتی راستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەو چەشنەی بەرژوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەیخوازێت.

هەڤاڵ شێخ جەعفەر، باسی لە بایەخی هەڵبژاردن کرد و جەختیکردەوە؛ گرنگە خەڵکی کوردستان بگەنە ئەو قەناعەتەی تاکە ئامراز بۆ گۆڕینی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە ناعەدالەتی هەڵبژاردنە، تاکە رێگاش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پاڵپشتیکردنە لیستی 129ی یەکێتی، بۆیە پێویستە لە رۆژی 20ی مانگدا هەمووان بەپەرۆشەوە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و داستانێکی کەموێنەی دیموکراسی تۆماربکەن.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێتی پێداچوونەوەی بە تەواوی سیاسەت و پەیوەندییەکانیدا کردووەو گۆڕانکاریی گرنگی لەو بوارانەدا کردووەو پەیوەندییەکانی لەسەر هەردوو ئاستی کوردستان و عیراق پەرەپێداوە، هاوکات بەرنامەی گرنگ و بەپێزی داڕشتووە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و کۆتاییهێنان بە ئازارو مەینەتییەکانیان، روونیشیکردەوە کە پرسی مووچەو تەوتین لەلایەن یەکێتییەوە کاری بۆکراوە، بۆ ئەوەی چیتر کۆمەڵانی خەڵک نەبنە قوربانی سیاسەتی حوکمڕانی بێ دەربەستی هەرێم.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەڤاڵان زیادی شەهید جەبارو سالار مەحمود وتەیان پێشکەشکرد و تەئکیدیان لەسەر گرنگی سەرخستنی لیستی 129ی یەکێتی کردەوە.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان