جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان : دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتیی نییە

10:35 - 2024-10-12
کوردستان
290 جار خوێندراوەتەوە

لە راگەیەندراوێکدا جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە و داواش لە تەواوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان دەکات پابەندی دەستوور و جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو بن.

دەقى راگەیەندراوەکە:
هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازانی خۆشەویست

بەهۆی بەردەوامبون لە لادان و پێشێلکاری دەستوری و قانونی، لە بەکارهێنانی ناوی بزوتنەوەی گۆڕان، بە تایبەت جڤاتی نیشتمانی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساختە بۆ رێکخەری گشتی ئەم حەقیقەتە بەڵگەنەویستانە بۆ هەمووان ئەخەینەڕوو:

1. هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستوری ناوخۆ روون و رەوان دیاری کردووە. ژوری هەڵبژاردن رۆژی هەڵبژاردن دیاری ئەکات، ماوەی خۆ کاندیدکردن رائەگەیەندرێ، ژووری یاسایی کاندیدەکان پەسەند ئەکات و لە دەنگدانی نهێنیدا بە ئامادەبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجام ئەدرێ. نەک بە دەست هەڵبڕین . 

هەر کات هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستور و بەشێوەیەکی قانوونی ئەنجام درا بۆ هەموو پێگەکان زیاتر لە کاندیدێک هەیە بە تایبەت رێکخەری گشتی.

2. دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نیە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانونی و داتاشراودا.  لە (بە ناو) کۆبونەوەی (بە ناو) جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژی چوار شەممە ٩ی ١٠ی ٢٠٢٤ لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەست هەڵبڕینەوە ، لەو کۆبونەوەدا تەنیا (١١) کەسیان لە کۆی (٣٢) ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین.

3. هەڕەشە کردن و پەلاماردانی هەڵسوڕاوی دیار و ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان (هۆشیار اسماعیل علی) ناسراو بە (هۆشیار شێرکاوەیی) لەلایەن (زانا دانا ئەحمەد مەجید) کە سنوری ئەخلاق و قانونی بەزاندووە قبوڵ کراو نیە. کردەوەیەکی قێزەونە. نامۆیە بە هەموو ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. پشتیوانی تەواوی خۆی و خێزانە بەڕێزەکەی ئەکەین. ئەوانەی پەنا ئەبەنە بەر هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دژی بنەما ئاکارییەکانی کوردبوون و گۆڕان بوونن. تەنیا نەفرەتی خەڵک و گۆڕانخوازانیان بۆ ئەمێنێتەوە.

‎جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە. پێویستە تەواوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان پابەندی دەستور و جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوبن.

‎جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان

‎2024/10/12

#بزووتنەوەی گۆڕان

بابەتە پەیوەندیدارەکان