بزانن چۆن بیردەکەنەوە و کار بۆچی دەکەن؟

كاندیدانی گەرمیان بە پلانەوە روودەكەنە پەرلەمان

11:31 - 2024-10-13
ڕاپۆرت
177 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گەرمیانی لانکەی شۆڕش و قوربانیدان، ژمارەیەک ژن و پیاوی کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەو هیوایەی هاووڵاتیان بە دەنگەکانیان بیاننێرنە پەرلەمان تا کاربکەن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێم و نەهێشتنی جیاوازییەکان.

یەکەکانی نیشتەجێبوون
د. رێبوار محەمەد ساڵح كاندیدی ژمارە (٥٠) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیاریکردووە لە پەرلەمان کاریان لەسەر بکات و وتی: گەرەنتیكردنی مووچە و بژێوی ژیانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتی عیراق بۆ هێنانەوەی روفاتی تەواوی ئەنفالكراوان و كردنەوەی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە ناحیەی رزگاری لە گەرمیان کاری سەرەکیمان دەبێت.
وتیشی: دەرچواندنی یاسایەكی تایبەت بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو كێشەوگرفتانەی لە ئەنجامی كڕین و فرۆشتنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی یاسا رووبەڕووی هاووڵاتیان دەبنەوە. هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە خانووە زیادەڕۆكان هەیە بە مەبەستی تاپۆكردنیان لە پلانی کارکردنماندایە.

کەرتی پەروەردە
نیان یاسین ساڵح ناسراو بە مامۆستا نیان، كاندیدی ژمارە (٤٥) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی: كاردەكەم بۆئەوەی پرۆسەی پەروەردە لەسەر بناغەیەكی تەندروستتر بنیادبنرێت و گرنگیی زیاتر بدرێت بە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن.
 وتیشی: کاردەکەم لەسەر نەهێشتنی سێ دەوامی لە خوێندنگەکاندا و دابینكردنی هۆیەكانی فێنككەرەوە و گەرمكەرەوە بۆ قوتابخانەکان، بەتایبەت بۆ ناوچەی گەرمیان و ناوچە شاخاوییەكان.

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان
ئارام محەمەد حەمەساڵح قادر ناسراو بە ئارام شەهید حەمە كەلاری، كاندیدی ژمارە (٦٢) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کارکردن لەسەر سێكتەرەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، گەنجان و وەرزشكاران، تەندروستی و باج بنەمای کارکردنی دەبێت و وتی: لە بواری سەربازی و ئەمنیدا ئەزموونم هەیە و كار بۆ هەمواری یاسای خانەنشین و هاوتاكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكە دەکەم، لەگەڵ رێكخستنی شێوازی وەرگرتنی خۆبەخش بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دەرچواندنی یاسای تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەو پێشمەرگە و هێزە ئەمنییانەی  بە رووداوی جۆراوجۆ لەكاتی ئەركی فەرمیدا گیان لە دەست دەدەن.

کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان
بێستون حاجی كەریم، كاندیدی ژمارە (٢٠) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت: کارکردن لەسەر یاسای چاكسازی هێزەكانی ئاسایش ناوخۆ و دەچواندنی یاسایەك كە خزمەتی زیاتر بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان کاری لە پێشینەم دەبێت.
وتیشی: كاردەکەم بۆ ئەوەی كەسوكار شەهیدان و ئەنفالکراوان لە تێچووی خوێندن و نەخۆشخانەكان ببەخشرێن، یان داشكاندیان بۆ بكرێت، هەورەها فشار دروستدەکەین بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەی كشتوكاڵ و خانووبەرە.
پەیمان ئەحمەد محەمەد كاندیدی ژمارە (٤٢) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: پارێزەری مافی هەموو لایەك دەبم لە كاروباری یاساییدا و لە خەمی هەموو چین و توێژەكاندا دەبم بەبێ جیاوازی، خەم و ئازارەکانیان بەهی خۆم دەزانم.

زانستە ئیسلامییەكان
ئیدریس ساڵح محەمەد ناسراو بە مەلا ئیدریس ژاڵەیی كاندیدی ژمارە (١٣) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند تەوەرێکی دیاریکردووە بۆئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان کاریان لەسەر بکات، كاركردن لەسەر گرنگیدان بە خوێندنی زانستە ئیسلامییەكان و دامەزراندنی دەرچوانیان، بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی مامۆستایانی ئاینی، بە یاسا توندکردنی سزا لەسەر ئەو كەسانەی بەناوی ئاین و ئابڕو ژنان بە ناحەق دەکوژن، گەڕانەوەی پێشینەی هاوسەریی، کارکردن لەسەر یاسای رێكخستنی سۆشیال میدیا بە شێوەیەك خزمەت بە بنیاتنان بكات نەك داڕوخان.

وەرزش و تەندروستی و كشتوكاڵ
عوسمان عەبدولكەریم حەمەعەلی ناسراو بە مامۆستا عوسمان كەلاری كاندیدی ژمارە (٤٩) لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی: لە پەرلەمان فشار دروستدەكەم بۆ گەڕانەوەی پێشینەی هاوسەریی و هەموو پێشینەكانی دیكە كە راگیراون، كاركردن بۆ دەرچواندنی چەند یاسایەك كە خزمەتی زیاتر بە كەسوكاری  شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بكات.
وتیشی: گرنگیدان بە كەرتەکانی وەرزش، تەندروستی، پەروەردە و كشتوكاڵ، هەوڵدان بۆ كردنەوەی لقی نەخۆشخانەی هیوا لە گەرمیان کاری لەپێشینەم دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان