یەکەم کچە لە ئاکرێ کاری وەرگێڕان ده‌كات

فاتمه‌ حاجی: گروپەکەمان لە 24 کچی چالاك پێکهاتووە

10:12 - 2024-10-14
دیدار
75 جار خوێندراوەتەوە


سازدانی/ ئه‌یاز هه‌ركی 

 

 
فاتمه‌ حاجی ئاكره‌یی یەکەم کچە لە قەزای ئاکرێ کتێبی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و گروپێکی دروستکردووە بۆ هاندانی کتێب خوێندنەوە، بەتایبەتی بۆ هاندانی کچان و ژنان، تا کتێب خوێندنەوە ببێتە کەلتور لەنێو گه‌نجاندا. فاتمە ئێستا سه‌رقاڵی کتێبێکی دیکەیە بۆ وەڕگێڕان، لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ فاتمه‌ حاجی وتی: لە ساڵی (2019) دا دەستم بە كاری وەرگێڕان کردووه‌، بەڵام بەهۆی خوێندن و چالاکیی ترەوە نەمتوانی بەردەوام بم، کتێبێکم لە عەرەبیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بە ناوی (295 پەندی ناوداران) و خوێنەرێکی زۆری هەبووە و ئێستا سەرقاڵی بەرهەمێکی ترم، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2021 کۆمەڵەیەکم بە ناوی (رۆناهی) بۆ خوێندەنەوەی کچان لە قەزای ئاکرێ دامەزراندووە.‌ لە 24 ئەندام پێکهاتووە، مانگانە کتێب دەخوێنینەوە و گفتۆگۆی ورد لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکان دەکەین. بە مەبەستی ئەوەی خوێندنەوەی کتێب بکرێتە کەلتور و گرنگی زیاتری پێبدرێت له‌ناو گەنجاندا لە قەزای ئاکرێ، چونکە کەلێنێکی گەورە لە بواری خوێندنه‌وه‌ی كتێب لە شاری ئاکرێ هەیە و رۆڵی کچان لەو بوارەدا وەک پێویست نییە.

کتێبەکانمان لە شارەکانی ترەوە دەهێنین
فاتمە حاجی وتیشی: لە قەزای ئاکرێ کتێبخانەی پێویست نییه‌ و ئەوانەی خوێندەوارن ناتوانن سەرچاوەی باشیان دەستبکەوێت. کتێبەکانمان لە بەغدا و دهۆک و هەولێر و سلێمانیەوە دەهێنین. هەروەها زۆر گرنگە ئێمە وەک کچان بتوانین رۆڵی خوێندنەوەی كتێب لە قه‌زای ئاکرێ چالاك بكه‌ین بەبێ هیچ پشتیوانییەک. هاوکات گەنجانی هەردوو رەگەز ئێستا ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە کە ئاستەنگەکانیان بكه‌نه‌ بەهانه‌یەک بۆ خوێندن و پێشکەوتن و گەشەپێدانی خۆیان، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێستا خێزان و خزمەکانمان پشتیوانیمان ده‌که‌ن بۆ خوێندن و هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی باش و زانستی، که خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی کۆمەڵگە بگەیەنێت. هاوکات کاتێک کتێبەکەم وەرگێڕا و چاپ و بڵاومكرده‌وه‌، خوێنده‌واران و زۆر خه‌ڵكی تر ده‌ستخۆشییان لێ کردم.
هه‌روه‌ها فاتمه‌ ئاكره‌ی وتیشی: من وەک کچێکی خەڵکی ئاکرێ دەمەوێت ئاکرێ وەک زۆربەی شارەکانی تری کوردستان پێشکەوتن به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت لە بواری رۆشنبیری و گەشتیاری و کشتوکاڵ و هەموو بوارەکانی تردا. بەتایبەتی لە بواری خوێندنەوەی کتێبدا، دەمانەوێت ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لە دەڤەری ئاکرێ و زیادکردنی ژمارەی خوێندەواران لە نێو کچان و کوڕانی ئەو دەڤەرەدا، چونکە ئەگەر مرۆڤ کار لەسەر هزر و بیرۆکەکانی بکات دەتوانێت وردە وردە گۆڕانکارییەکی گەورە دروستبکات.
بووه‌ ده‌رگایه‌ك بۆ هاندانی کچان
فاتمە باسی لەوەش کرد ئێستا گروپەکەیان لە 24 کچی خوێندەواری چالاك پێکهاتووە و جددین لە خوێندنەوەی کتێب و هیوایەکی زۆریان هەیە بۆ کاری باشتر لە داهاتووی شارەکەماندا. كاتێك کتێبەکەم وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی بووم بە یەکەم کچ کە كاری وەرگێڕانم کردووە لە مێژووی قەزای ئاکرێدا. هه‌روه‌ها بووه‌ ده‌رگایه‌كیش بۆ هاندانی زۆرێک لە کچانی تری ئاکرێ بۆ ئەوەی ئارەزووی وەرگێڕان بکەن، چونکە بەڕاستی خوێندنەوەی کتێب و وەرگێڕان کاریگەری لەسەر خوێنده‌واران و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە. هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری ئاكرێ ژمارەی کتێبخانەکان له‌ شاره‌كه‌دا زیاد بکەن و کتێبی پڕ لە زانیارییان بۆ دابین بکەن کە ناوەڕۆکەکانیان بەسوود بێت بۆ بیری مرۆڤ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان