هەناردەی چەک بۆ تورکیا دەستیپێدەکاتەوە
لەدوای ساڵێک گرژی لەپەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا و وەستانی فرۆشتنی چەک و جبەخانە لەلایەن ئەڵمانیاوە بۆ تورکیا، سەرەنجام حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا هەناردەی چەکی خۆی بۆ ئەو وڵاتەی ئەندامی ناتۆ دەستپێبکاتەوە، هەناردەی یەکەم بەبڕی 336 ملیۆن یۆرۆیە و بریتییە لە پڕچەککردنی هێزی دەریاوانیی تورکی بەتۆربیدا و موشەکی گەورەی سەر کەشتی.
Spiegel Online
داواکاری گشتی دۆسێیەکی تایبەت بە داعشی جوڵاند
لە جەژنی قوربانی رابردووەوە سێ گەنجی ئیسلامیی رادیکاڵ لە شاری دوسلدۆرف دەستگیرکراون بەتۆمەتی نەخشەسازیی بۆ تەقاندنەوەی ژمارەیەک شوێنی ستراتیژیی لە وڵاتی ئەڵمانیا لەوانە، وێستگەی شەمەندەفەر، کەنیسە، بنکەی پۆلیس، هۆڵەکانی دادگا، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی تاوانەکان پۆلیس دەستگیریکردوون و بۆیان دەرکەوتووە کە سەر بە گروپی تیرۆریستی داعشن.
DPA
هەناردەی ئەڵمانی بۆ روسیا بەردەوامە
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵیSW، لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا یەکێکە لە دوژمنە سەرسەختەکانی روسیا لەبەرەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەش چەندین سەرەداوی پەیوەندیی نێوانیان هەر ماوە، راپۆرتەکە ئاماژە بە کەرتی بازرگانی نێوانیان دەکات و دەڵێت تەنها ساڵی رابردوو روسیا 300 باری گەورەی کاڵای پیشەسازیی وەک ماکینە و ئامێری جۆراوجۆری لە ئەڵمانیا هاوردەکردووە و ئێستا بۆ کەرتی سەربازی و دروستکردنی چەک بەکاریان دەهێنێت.
Tagesschau
راپرسییەک:زۆربەی ئەڵمانەکان پارە بۆ قەیرانەکان هەڵدەگرن
بەپێی راپرسیەکی ئینستیتۆی Forza بێت کە لەناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا نمونەی لە چینوتوێژەکان وەرگرتووە، قسەی لەگەڵ کردوون و دەرکەوتووە کە 79,9 ٪ ی هاووڵاتیان ئێستا بەهۆی مەترسیی جەنگ و زۆری قەیرانەکان، پارە هەڵدەگرن و خەرجی ناکەن، 13,2 ٪ شیان موچەکەیان بەشی گلدانەوە ناکات، راپرسییەکە دەڵێت ئەڵمانەکان زەبر و مەترسیی جەنگیان بینیووە بۆیە لەچەندبارەبوونەوەی دەترسن، بەپێی راپرسیەکی کۆمپانیاTolunaش بێت، سێ بەشی وەربەرهێنەکانی ئەڵمانیا ئاڵتون هەڵدەگرن بۆ کاتی قەیران.
DW
داوادەکرێت باڵیۆز و کونسوڵخانەکانی ئێران دابخرێت
«بۆریس راین» سەرۆک وەزیرانی هەرێمی هیسن داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد کە باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەڵمانیا دابخرێت بەهۆی ئەوەی کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئیسرائیل، لە نامەکەی ئەو دەسەڵاتدارەدا هاتووە کە دەبێت رێگریی لە هەژموونی ئێران بگیرێت لە ناوچەکەدا.
Tagesspiegel
بورهان ئەمین ئامادەی دەکات