ئا: جەمال ئارێز
دوێنێ، لە دهۆك لە شەشەمین كەرنەڤاڵی لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیامێكی گرنگی پێشكەشكرد.
لەسەرەتای پەیامەكەیدا سەرۆك بافڵ رایگەیاند: پەیامەكەی ئەمڕۆ تایبەتە بە دهۆك و هەموو ئەو دەڤەرەی بادینان كە غەدرلێكراون و وتی: با ئەمڕۆ كەمێك پێبكەنین، چونكە دەمەوێت كەمێك بە بادینی قسە بكەم، بۆیە ئەگەر هەڵەم كرد حەزدەكەم پێبكەنن.
پاشان وتی: هەڤاڵان.. نەیارەكەی ئێمە تۆقیووە، لە من نەتۆقیووە، بەڵكو لە ئێوە تۆقیووە. حەزدەكەم پێتان بڵێم ئەمڕۆ لە رێگەی هاتنم بۆ ئێرە من چیم بینیووە؟ ئەمڕۆ كە هاتم بۆ ئەم شوێنە پیرۆزە، كێ هەژاربوو سڵاو و رێزی هەبوو بۆ ئێمە، منداڵانم دەبینی بە جلی پارتی و ئاڵای پارتییەوە، بە منیان دەوت سەرۆك بافڵ، زابخودێ من بەوانم وت بێدەنگ بن، سبەی لە زانكۆ وەرتان ناگرن!، وتم بێدەنگ بن، سبەی تۆ تەعین نابیت!، جا دەپرسین ئەوە ئەو دۆخەیە كە لێرە دروستیان كردووە؟
رزگارتان دەكەین لەو رژێمە پۆلیسییەی ئێرە، لەو زیندانانەی كە كەس نازانێت لەكوێن و رۆڵەكانمانی لێ زیندانی دەكرێن و هەرگیز نایانبینین
پارتی باسی یەكڕیزیی كوردستان دەكەن، بەخوای گەورە ئەوەی نایزانن یەكڕیزیی كوردستانە
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆكی یەكێتی وتی: من بۆچی هاتووم بۆ ئێرە؟ بۆ پەیامێكی زۆر روون هاتووم كە بریتییە لەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و من وەكو برای خۆتان، هاتووینەتە بادینان، هاتووینەتە دهۆك، تا ئەو رژێمە دیكتاتۆرە دەربكەین، تا ئازادیی بگەڕێنینەوە بۆ ئێوە.
هەروەها وتی: بابزانین لەچی ترساون؟ ئەوان لە ئێوە ترساون، لەوەی كە بینیویانە، لە سلێمانی، لە هەڵەبجە، لە كۆیە، لە گەرمیان، لە راپەڕین، لە هەموو ئەو شوێنە پیرۆزانەی كە ئێمە گەڕاوین، ئەمە شۆڕشێكە.
دواتر وتی: با چەند شتێك هەیە ئێمە باسی بكەین و بە ئێوەی بڵێم، لەم رۆژانەدا رووداوێكی كەمێك ناخۆش روویداوە، برادەرانی نەوەی نوێ كە من پەیوەندیم باش نییە لەگەڵیاندا، چونكە سیاسەتی ئێمە جیاوازە، بەڵام هاتوون كەمپینی هەڵبژاردن بكەن، وایان زانیووە چۆن دەتوانن لە سلێمانی مامەڵە لەگەڵ حزبەكاندا دەكەن، هاتوونەتە ئێرەش بەو شێوەیە، بەڵام پارتی پەلاماری داون و راویناون، ئاخر پارتی شەرم لەخۆتان بكەن، بۆیە لێرەوە سوپاسی برادەرانی یەكێتی دەكەم كە لە بەغدا بەرگرییان لە برادەرانی نەوەی نوێ كردووە، چونكە ئەوەی بەرامبەر ئەوان كراوە، نموونەی ئەوەیە كە ئەم حزبە چەند تۆقیووە؟! ئەم حزبە رۆژبەڕۆژ بەرەو رووخان دەچێت. ئەو نواندنەی كە دەیكەن و دەست لەملی یەكتری دەكەن و باوەش بەیەكتردا دەكەن، كەس باوەڕی بەوە نییە، چونكە هەمووان دەزانن حاڵی ئێوە بە چ شێوەیەكە و هەمووشمان دەزانین لەم هەڵبژاردنەدا چی دەكەین.
دواتر سەرۆك بافڵ وتی: ئێمە هاتووین ئێوە لەچی رزگار بكەین؟ رزگارتان دەكەین لەو رژێمە پۆلیسییەی كە لێرە دامەزراوە، لەو زیندانانەی كە كەس نازانێت لەكوێن، كە رۆڵەكانی ئێمە زیندانی دەكرێن و هەرگیز نایانبینین، لەو هەموو غەدر و ستەمەی لە میللەتی ئێمەی دەكەن، ئەگەر تۆ پارتی نەبیت، لە قوتابخانە قبووڵ ناكرێیت، دانامەزرێیت، تۆ چالاكوان بیت یان نووسەر بیت، چارەنووسی ئێوە زیندانە، ئەمەیە حكومەت؟ بەخۆشت دەڵێیت خۆڕاگر! خۆڕاگر ئێوەن.
پاشان هاتە سەر باسی ئەوەی كە پارتی باسی یەكڕیزیی كوردستان دەكەن، بەخوای گەورە ئەوەی نایزانن یەكڕیزیی كوردستانە، كەی بووە كە باسی چوار پارچەی كوردستانیان كردووە؟ هەرگیز.. بیربكەنەوە لە رەفتارەكانیان، ئەو رۆژانە چییان لە ئێزدییەكان كرد؟ ئێوەیان فرۆشت، من ئەوەم بینی و هەرگیز بیرم ناچێتەوە كاتێك ئەو ئێزدییانە دەپاڕانەوە دەیانوت تۆ رادەكەیت چەكەكەتمان بدەرێ تا بەرگریی لە خۆمان بكەین، بەڵام چەكیشیان نەدانێ، ئەوەیە یەكڕیزیی كوردستان؟ ئەرێ دە ئیتر شەرم بكەن.
ئەوان لە ئێوە ترساون، لەوەی كە بینیویانە، لە سلێمانی، لە هەڵەبجە، لە كۆیە، لە گەرمیان، لە راپەڕین
بڕوانن 400 گوندی ئێمە چۆڵە، بەهۆی ئەو بەزمەی دەیكەن لەگەڵ داگیركەران
لە بڕگەیەكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەرۆك بافڵ باسی لە چۆڵكردنی گوندەكانی بادینان كرد و وتی: بڕوانن 400 گوندی ئێمە چۆڵە، بەهۆی ئەو بەزمەی دەیكەن لەگەڵ داگیركەران، رۆژبەڕۆژ خاكەكەی ئێمە و ئێوە دەفرۆشن بەو داگیركەرانە، ئەمە كوردایەتییە؟
هەروەها وتی: دەمەوێت شتێكی ترتان پێبڵێم، چەند ساڵێك پێش ئێستا من لای كاك مەسعود بووم، پێموت جەنابی كاك مەسعود لە ژیانمدا من داواكاریی شەخسیم لە تۆ نەكردووە، بەڵام داواكارییەكی شەخسیم هەیە، وتی چییە؟ وتم لەگەڵ هەڤاڵ مەزڵوم دابنیشە، بەڵام نازانم راوێژكارەكەی كێ بوو، قەناعەتی پێكرد نەیكات و نەیكرد، ئامانجی من چی بوو هەڤاڵان، ئامانجم ئەوەبوو ئەو كارەساتەی كە ئەمڕۆ روودەدات، روونەدات، من پێموت: وەرە تۆ باوكی هەموومان بە، وەرە با پرۆسەیەكی ئاشتی دروست بكەین، لەنێوان برادەرانی سوریا و شاخ و توركیا، بەڵام نەیانتوانی بیكەن. بۆیە ئەمڕۆ ئەنجامی ئەوەیە، چونكە راوێژكارەكانی ئێوە كورتبینن، نازانن چی لە دنیادا دەگوزەرێت، چۆن تۆ ئەو دۆخە ناخوێنیتەوە؟ توخوا ئەوە حوكمڕانییە؟
من بە ئێوەم وت ئەوان لە ئێوە تۆقیوون، (زابخودێ) من دوێنێ یەك تیشێرتم لەبەركردبوو، هەموویان ئەژنۆیان شكا بە یەك تیشێرت، كە ئەو تیشێرتەش بە رێكەوت بوو، بەڵام لەسەری نووسرابوو (ئەوەی هەیە هەموویتان لێ دەستێنین)، چونكە هەموو ئەوەی هەیانە، هی ئێوەیە.
پاشان روونیكردەوە ئێستا بەرنامەی ئەوان ئەوەیە گوایە خۆیان خۆشەویست بكەن، چۆن دەیانەوێت؟ جەماعەتی نەوەی نوێ دێن بۆ ئێرە دایانپڵۆسن، ماشەڵڵا چ خۆشەویستییەكە، دوكانی خەڵكی ئێمە داخەن، خەڵكی ئێمە دەردەكەن، هەڕەشە لە كادری ئێمە دەكەن، دایاننامەزرێنن، كار نادەنە كەس، (زابخودێ) ئەوە نەك خۆشەویستتان ناكات، بەڵكو چەند ناشیرینن بەو كردەوانە، دە هێندە ناشیرینتر دەبن. گەلی ئێمە لە تۆ ناترسێت، تۆ لە گەلی ئێمە دەترسیت، بۆیە داواتان لێدەكەم چیتر لەوان مەترسن، ترس تەواو، ئێستا ئەوان ترساون، ئەمڕۆ ترس، هاوپەیمانیی ئێمەیە، بڕۆن هەموو خەڵكی بادینان، نەك هەر یەكێتییەكان، بەڵكو هەمووتان، هیچ كەسێك ئەم دۆخەی بەدڵ نییە، بەخودا خەڵكی ناو پارتی پەیوەندیی بە منەوە كردووە و پیی وتووم زابخودێ دەنگ دەدەینە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، زابخودێ دوای پەیامەكەی من لە سلێمانی، خانەوادەی زیاتر لە 50 شەهیدی پارتی پەیوەندییان پێوەكردووم و وتیان دەستی تۆ خۆشبێت بافڵ، تۆ ئێمەت جیاكردەوە لەو خاكفرۆشتنە، لەوە تۆقیوون، سوور دەزانن بارودۆخیان چۆنە.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا، روونیكردەوە كە پارتی باسی دهۆك دەكەن كە زۆر گرنگە، بۆیە وتی: دەپرسین ئەگەر گرنگە چیتان كردووە بۆ دهۆك؟ مام جەلال بوو دهۆكی كرد بە پارێزگا، زانكۆكەتان كاك كۆسرەت دروستیكرد، ئێوە چیتان كردووە؟ من پێتان دەڵێم چییان كردووە، جیاوازییەكی گەورەیان لەنێوان چینی هەژار و دەوڵەمەنددا دروستكردووە، رۆژبەڕۆژ دەوڵەمەندەكانی ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندتر دەبن، هەژاریش تادێت ژمارەیان زیاتر دەبێت، وەك رێكەوتی فیلمی هیندیش هەموو ئەوانەی دەوڵەمەندبوون نازناویان بارزانییە!، بەڵام نەك هەموو بارزانییەكان، نەخێر شێخی بارزانیی گەلێك بەڕێزیان تێدایە، خەڵكی زۆری بارزانیی بەڕێز لە بادیناندا هەن و ئێوە چەندە لەم حكومەتە خۆسەپێنەرە بێزارن، ئەوان زیاتر بێزارن. بۆیە ئەرێ وەڵڵا دەیڕوخێنین.
بە پشتیوانیی ئێوە، بە دەنگی هەموو خەڵكی دهۆك و بادینان، بە پشتیوانیی خودای گەورە، دەتوانین هەموویان بنێرین لۆ مارێ.
باسی ئازادی دەكەن، كەس ناوێرێت قسە بكات، بڕۆن لەگەڵ مەلا و مامۆستا ئایینییەكانمان قسە بكەن، لێیان بپرسن ئەرێ ئێوە دەوێرن لە مزگەوتەكانی خۆتان قسەی خۆتان بكەن؟ نەخێر، بۆیە دەپرسین ئەمە ئازادیی ئێوەیە، ئەمە كوردایەتیی ئێوەیە؟
هەروەها روو لە خەڵكی بادینان و دهۆك، وتی: لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانیی ئێمە بكەن، خەڵكی شەنگال، هەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە دەتوانێت ئەم زوڵمە رابگرێت، دوو ساڵ پێش ئێستا من وتم ئەم دەسەڵاتە دەوەستێنم، ئەرێ وەستاندمان یان نا؟ بزانن چەندجار بەر یەكتری كەوتین بردمانەوە، لەبەغدا شەڕمان كرد، ئێمە بردمانەوە، لە هەڵبژاردن بەریەككەوتین، ئێمە بردمانەوە، لەناو دادگا شەڕی یاساییمان كرد، ئێمە بردمانەوە، لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان كێ بردییەوە؟ ئێمە بردمانەوە، لە كەركوك كێ بردییەوە؟ هەر ئێمە بردمانەوە. هەموو جیهانیان هێنایە سەر خەت، وتیان هەرگیز پارێزگار نابینن، ئەرێ دە شەرم بكەن، ئێمە چیمان كرد؟ ئێمە نەك پارێزگارمان دانا، ئێمە كوردمان دانا و یەكێتیمان دانا.
بۆیە وتی: بە پشتیوانیی خەڵكی بادینان من یەك سەركەوتنی دیكەم دەوێت، ئێمە دەبێت بادینان و دهۆك و شەنگال سەوز بكەینەوە، بڕۆن دەنگ كۆبكەنەوە دەنگ بدەن بە تاكە حزبەكەی كە دەتوانێت كاریگەریی هەبێت، پێیان بڵێن ستۆپ، لێتان قبووڵ ناكەین، پێیان بڵێن ئێمە لە ئێوە ناترسین، بەڵكو لەمڕۆ بەدواوە ئێوە لە ئێمە دەترسن، بیاننێرنەوە لۆمارێ. فێریان بكەن كە ئەوە هەڵەیە، ئەوە دروست نییە، دەزانن ئێمە لەبەرامبەر خەڵكی پارتی لە سلێمانی چی دەكەین؟ هیچ! دوكانی ئێمە دەڕووخێنن لێرە، من ئاسایش بۆ ئێوە دەنێرم تا بەرگریی لە دوكانی ئێوە بكات، زابخودێ دیواری مەكتەبی سیاسیی ئێوە لە سلێمانی تەجاوزە، من حیمایەم داونەتێ بۆ پاراستنی ئەو دیوارە.
حزبایەتی ئاساییە، با ئێمە رای جیاوازمان هەبێت، بەڵام ئەم غەدرانە ئاسایی نین
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی: كورد یەكە، هەرپارچەیەكی كورد یەكە، حزبایەتی ئاساییە، با ئێمە رای جیاوازمان هەبێت، بەڵام ئەم غەدرانە ئاسایی نین، ئەمە لە مرۆڤایەتی چووەتە دەرەوە، قڵپی بكەنەوە، بیڕووخێنن، پێیان بڵێن ستۆپ، ئەم ئاگری جەهەننەمە بنێرنە ماڵەوە، پێیان بڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە خواحافیز، ئیشمان بە ئێوە نەما، چونكە نەتانتوانی وەكو پێویست ئاگاتان لەم وڵاتە پیرۆزە بێت، رۆژ بەڕۆژ خاكی ئەم وڵاتە دەفرۆشن، ئەمەیان پێبڵێن، چۆن دەتوانن ئەوەیان پێ بڵێن، ئەوە بە دەنگدان، بڕۆن دەنگی خۆتان بدەن، با ئەم ناوچەیە هەمووی سەوزبكەینەوە، من بەرنامەی زۆرم هەیە، خوا قوەت بدات بەئێوە، من سبەی لە هەولێرم.
پێچەوانەی بكەنەوە، چاكی بكەنەوە، بیاننێرنەوە بۆ ماڵەوە، بەسە ئیتر میللەتەكەمان بەرگەی ئەمە ناگرێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەوان لە ئێوە دەترسن، لە ئێمە دەترسن، دووبارەی دەكەمەوە ترس هاوپەیمانیی ئێمەیە، زابخودێ ئیتر ئەوە تەواو، لێیان مەترسن، سندوقەكان سەوزبكەن، فێریان بكەن كە ئەوان هەڵەن، پیشانیان بدەن كە راست ناكەن، بیاننێرنەوە بۆ ماڵەوە.