راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا
کاندیدەکانی لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵێن دەدەن لە کاتی بە دەستهێنانی متمانەی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری، کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنن، کە چەند ساڵێکە لە شارەکەدا دەگوزەرێ، ئەوان کار بۆ خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکان بەبێ جیاوازی دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە دەنگدەران دەکەن، لیستی ١٢٩ و کاندیدەکانی هەڵبژێرن بۆئەوەی نەهامەتییەکانی ساڵانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە.
شێخ عەلی كاریتانی كاندیدی ژمارە (١١):لە بەرنامەدایە هەولێر لە هەموو ئەو بەدڕەوشتی و كارە نەشیاوانە پاک بكەینەوە، كە بەهۆی خراپیی ئیدارەدانی شارەکەوە بڵاوبۆتەوە
نەهێشتنی قۆرخکاری
پەرێز عومەر كاندیدی ژمارە (٦) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر وتی: بەرنامەی کارم خزمەتكردنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی، ئەگەر متمانەی خەڵك بە دەست بهێنم دەنگی شەقام دەگوزامەوە بۆ ناو پەرلەمان و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەكەین، هەروەها خەبات دەكەین بۆ دانانی سنوورێك بۆ نەمانی قۆرخكاری و برسیكردنی خەڵك، كە لە ماوەی رابردوودا كاری لەسەر كراوە، هەروەها پاراستن و گرنگیدان بە كۆمەڵگە و رێگریكردن لە بە كاڵاكردنی ژنان، هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ نەهێشتنی رێگرییەكان لە بەردەم ئازادییەکاندا.
کۆتاییهێنان بە جیاکاری
شێخ عەلی كاریتانی كاندیدی ژمارە (١١) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر دەڵێت: وەك كەسانی خاوەن تەكیە و مزگەوت لە شاری هەولێر، لە بەرنامەمدایە هەولێر لە هەموو ئەو بەدڕەوشتی و كارە نەشیاوانە پاک بكەینەوە، كە بەهۆی خراپی ئیدارەدانی شارەکەوە بڵاوبۆتەوە، لەبەرئەوەی هەولێر شاری مەولود و سوڵتان مزەفەر و چەندین پیاو چاكانە، ناكرێت ئەمڕۆ لە پێناو بەرژەوەندی چەند كەسێك بەوجۆرە ناوبانگی لەكەدار بكرێت، دەبێت هەولێر بۆ هەولێرییە رەسەنەكان بگەڕێتەوە و كۆتایی بەو جیاكاری و نادادپەروەرییە بهێنرێت كە چەندین ساڵە بەردەوامە.
پێشخستنی كەرتی ئابووری
رێدار بەكر ئەحمەد یەعقوب كاندیدی ژمارە (٤٤) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر دەڵێت: پلانی تۆکمەم هەیە بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ بێکاران، بە یاسا كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكانی لە هەرێم كاردەكەن ناچار بكرێن زۆرترین دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بڕەخسێنن، هەروەها كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی كەرتی تەندروستی، ئەویش لە رێگەی دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە بیمەی تەندروستی، هەروەها کارکردن بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی لە نێوان نەخۆشخانە تایبەت و حكومییەكاندا، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەدەم بۆ پێشخستنی كەرتی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و زۆركردنی سەرچاوەكانی داهات.
خزمەتکردنی كەسوكاری شەهیدان
محەمەد رافت عەبدوڵڵا (حەمەی شەهید رێباز) كاندیدی ژمارە (٤٦) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر دەڵێت: بەرنامەی كارم لە پەرلەمان خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەرانی خەڵكی كوردستان دەبێت، وەك كوڕە شەهیدێك باش ئاگاداری ژیان و گوزەرانی ئەو توێژەم و دەزانم چۆن مافەكانیان پێشێلكراوە، بۆیە ئاوڕدانەوە لە كەسوكاری شەهیدان و سەرجەم چین و توێژەكان ئەركی سەرەكیم دەبێت.
وتیشی: كاردەكەم بۆ توێژی گەنجان و لاوان بۆئەوەی بە ئاواتەكانیان بگەن، چونكە گەنجان سەرمایەی لەبن نەهاتووی ئەم گەلەن بەهیچ شێوەیەك نابێت فەرامۆش بكرێن.
هێنانەدیی دادپەروەری
هێرۆ کەمال مەحمود ناسراو بە (هێرۆ بەرزنجی) کاندیدی ژمارە (٤٨) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر وتی: کاردەکەم بۆ بەدەستهێنانی مافی کرێکاران و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەو توێژە، لەبەرئەوەی لە ماوەی رابردوودا تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن بەشێک لە خاوەن کار و کۆمپانیاکانەوە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، هەروەها بەو پێیەی ماوەیەکی زۆرە کار لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەم، هەوڵدەدم هۆشیاری زیاتر لەناو کۆمەڵگە بڵاوبکرێتەوە و یەکسانی لە ئەرک و مافەکاندا بێتەدی، ئەویش بە هەماهەنگی نێوان رێکخراوەکان و پەرلەمان دەکرێت، بۆئەوەی لە رێگەی دەرکردنی یاسای گونجاو داپەروەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا بهێنینە دی.
خانەنشینیی هێزە ئەمنییەکان
بەختیار ئیسماعیل ناسراو بە (بەختیاری ئاسایش) كاندیدی ژمارە (٥٣) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر وتی: هەوڵدەدەم بۆ هەمواركردنەوەی ژمارەیەك پڕۆژەیاسا كە پێشتر وەك پێویست نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها بۆ توێژی پەروەردە لە بەرنامەمدایە كار بۆ گێڕانەوەی مافەكانی مامۆستایان بکەم، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پلە بەرزكردنەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی كار بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی پۆلیس و ئاسایش دەكەم، لەبەرئەوەی كاتێك خانەنشین دەبن مووچەكانیان زۆر كەم دەكات بەشێوەیەک لە ئاستی خزمەت و ئەركەكانیاندا نییە.
کەرتی پەروەردە
روخسار عەباس جوبرائیل شێخانی کاندیدی ژمارە (٦٠) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر وتی: لە كەرتی پەروەردەدا پرۆژەم هەیە لە پێناو بەرەوپێشبردنی زانست و زانیاریی لە هەرێمی كوردستان، لەبواری ژینگەدا كار دەکەم بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، هەروەها لە بواری مافەكانی مرۆڤ و بەدیهێنانی دادپەروەریدا کاردەکەم بە تایبەت لە هەولێر، لەبەرئەوەی پێشێلكارییەكی زۆر بەرامبەر بە خەڵكی شارەكە دەكرێت، لە بەرنامەی كارمدا گەنجانم لەیاد نەكردووە، بەڵكو كاری سەرەكیم دەبێت، بۆئەوەی بتوانین ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بكەین و خەون و ئاواتەكانیان بهێنینەدی.
کۆتاییهێنان بە نادادی
شاناز رەمزی ئیبراهیم ناسراو بە (شاناز هیرانی) كاندیدی ژمارە (٦٣) لە لیستی ١٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بازنەی هەولێر دەڵێت: بەوپێیەی ماوەیەكی زۆرە لە كاری رێكخراوەیی و روناكبیریدا كار دەكەم، بە بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان هەوڵدەدەین جیاكاری لە نێوان چین و توێژەكاندا نەهێڵین و حكومەتێك بهێنینە كایەوە كە بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان بكات و یەك سیستمی حكومڕانی پەیڕەو بكات و نادادی نەهێڵین.