محەمەد عەبدول
ناوی کتێب: نهێنییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر
ژمارەی لاپەڕە: 170
نۆبەی چاپ: چاپی یەکەم
دەزگای چاپ: دەزگای چاپی بەرخودان
ساڵ:2021
کتێبی (نهێنییەکانی16ی ئۆکتۆبەر، ریفراندۆم بۆ کێ کرا؟ ئەندازیاری وڵات فرۆشتن کێ بوو؟) کتێبێکی قەبارە مام ناوەندە، تێیدا باسی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری2017 دەکات، ئەمەش لە رێگەی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک وتاری نووسەرانی کورد و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و ئەمنی کورد و عیراقییدا. لە هەمانکاتیشدا ئەم کتێبە هەوڵیداوە نهێنییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر باس بکات و پەیوەندیی ئەم رووداوە بە ریفراندۆمەوە دەربخات، چۆن ئەو سیاسەتە هەڵەیە، بووە هۆی لە دەستدانی بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە کەرکوک.
سەرکردە عیراقییەکان
سەرەتای کتێبەکە دیداری چەند سەرکردەیەکی عیراقی تێدایە، کە پێشتر لەگەڵ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی عیراقدا کردوویانە، ئەوان وەکو کەسانی بێلایەن، باسی رووداوەکە دەکەن. لەوانە، دیدارێکی مەهدی موهەندیس سەرکردەی پێشووی حەشدی شەعبی، کە لەگەڵ کەناڵی بیلادی ئەنجامیداوە. لەم دیدارەدا موهەندیس تەواوی رووداوەکانی پێش16ی ئۆکتۆبەر دەگێڕێتەوە، هەروەها باسی پرۆسەی ریفراندۆمیش دەکات، کە چۆن لە خزمەتی دەوڵەتی تورکیا و ئیسرائیلدا بووەو بە زەرەری کوردیش تەواو بووە. لە بارەی شەڕی هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیشەوە، موهەندیس دەڵێت: هێزەکانی مەسعود رۆژێک پێشتر گەڕابوونەوە بۆ هەولێر، ئەگەر شەڕ بکرایە لە قازانجی مەسعود دەبوو، بۆچی؟ چونکە هێزەکەی خۆی کشانەوەو بەهێزەکانی ئیتحادیشی» مەبەستی هێزەکانی یەکێتییە» دەوت، شەڕ لەگەڵ حکومەت بکەن. بڕوانە ل. 28
دواتریش دەڵێت: هەموو دەوڵەتان، راشکاوانە بە ئێمەیان گوت، لە ئەگەری هەر روبەڕوبوونەوەیەکی سەربازییدا، ئەوان لایەنگری کورد ناکەن و هیچ تەداخولێک لە بەرژەوەندیی ئەوان ناکەن. بڕوانە ل.25
لە بەشێكی تری کتێبەکەدا دیدارێکی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراقی تێدایە، کە لەگەڵ کەناڵی دیجلە ئەنجامیداوە، باسی کۆمەڵێک نهێنی ئەم رووداوە دەکات. عەبادی دەڵێت: چوونی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عیراق بۆ ناو کەرکوک، هیچ رێکەوتنێکی نێوان ئێران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە پشتەوە نەبووە بۆ کشانەوە لە کەرکوک. بڕوانە ل30
نووسەرانی کورد
کتێبەکە وتار و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵێک نووسەر لە خۆدەگرێت کە لە بارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە نووسیویانە لەوانە: سەرتیپ جەوهەر، عەدالەت عەبدوڵا، کامیار سابیر، محەمەد هەورامی، زانا حەمە غەریب، دڵشاد مەجید»
هەروەها مێزگردێکی رێکخراوی گەشەپێدانی میدیایی تێدایە، کە لە2018.9.25 لە شاری کەرکوک کراوە لە ژێرناونیشانی « کوردستان دوای ساڵێك لە ریفراندۆم» هەریەکە لە (ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، محەمەد نەسرەدین، سکرتێری مەکۆی گۆڕان لە کەرکوک، لەتیف فاتیح فەرەج، شوان داودی، نووسەر و رۆژنامەوان» تێیدا بەشدار بوون، لەم مێزگردەدا باسی لێکەوتە خراپەکانی ریفراندۆم دەکەن و پەیوەندیی بە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەخەنەڕوو.
بە گشتی ئەم کتێبە، زانیاری زۆر باشی تێدایە لە بارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری2017 و خوێنەر دەتوانێت ئەو نهێنیی و زانیارییانەی دەستبکەوێت، کە لە کتێبەکانی تردا باس نەکراون.