ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئۆكتۆبەر مەراسیمێكی تایبەت بە شەهیدانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك بە ئامادەبوونی كەسوكاری شەهیدان بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەیەوە سۆران داودی بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی كەركوك بە دوالاپەڕەی وت: ئەمڕۆ لە سەنتەری رۆشنبیری كەركوك مەراسیمێكی تایبەت بە ئامادەبوونی كەسوكاری شەهیدان بۆ شەهیدانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: ئێمە وەك تەلەفزیۆنی كەركوك چەندین بەرنامە و راپۆرتمان سەبارەت بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی ئامادە كردووە، بۆنموونە، بۆ یەكەمینجار بەرنامەیەكی دیكۆمێنتاری سەبارەت بە 16ی ئۆكتۆبەر بڵاودەكەینەوە.
وتیشی: چەند راپۆرتێكمان ئامادە كردووە كە بریتین لە راپۆرتێك سەبارەت بە روانگە و دید و بۆچوونی هاووڵاتیان و دانیشتوانی كەركوك سەبارەت بە 16ی ئۆكتۆبەر و لێكەوتەكانی ریفراندوم، هەروەها راپۆتێكی تر ئامادەی پەخشە، سەبارەت بەوەی كە چۆن پارتی رێگریكرد كە كوردێك ببێت بە پارێزگاری كەركوك و هەروەها راپۆرتێكی دیكە سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لە دادگای فیدراڵی لەدژی پارێزگاری ئێستای كەركوك.
داودی ئاماژەی بەوەشدا كە چەند راپۆرتێك سەبارەت بە دۆخی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و وەرزشیی شاری كەركوك كراوە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتر، كە چۆن پارێزگاری پێشووی كەركوك ئاسانكاریی كردووە بۆ عەرەبە هاوردەكان.
بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی كەركوك وتیشی: لە هەموو بەرنامەكانی تەلەفزیۆن بە تایبەتی هەواڵەكان گرنگی بە لێكەوتەكانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر دەدرێت و بە وردی سەرنجی دەخرێتەسەر.
سەعدون جەمال