بۆ رێزگرتن لە خوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە رۆژی 16/10/2017 گیانی پاكیان لە رێی نیشتماندا بەخت كرد، بەشی (شەهیدانی 16ی ئۆكتۆبەر) لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكەی سلێمانی دەكرێتەوە.
لەوبارەیەوە ئاكۆ غەریب بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەمنەسوورەكە بە دوالاپەڕەی وت: ماوەیەكی زۆرە وەك ئەركێكی نیشتمانیی خەریكی كۆكردنەوەی زانیاری و وێنەی ئەو پێشمەرگانەین كە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر گیانیان لەپێناو نیشتماندا بەخت كرد بۆ ئەوەی لە شوێنێكی شایستە لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەكەیان دابنێین.
وتیشی: ئەمڕۆ چوارشەممە 16/10/2024 لە مەراسیمێكی تایبەتدا شوێنی شەهیدانی 16ی ئۆكتۆبەر لە مۆزەخانەی سلێمانی بە ئامادەبوونی كەسوكاری شەهیدان بەڕێوەدەچێت كە لە وەجبەی یەكەمدا وێنە و زانیاریی 38 شەهید دادەنرێت كە تا دوایین هەناسە بەرگرییان لە نیشتمان كرد، وەك وەفا و رێزلێنان، بۆ نموونە وێنەی شەهید هەژار دادەنرێت، ئەو شەهیدەی كە لە 16 ی ئۆكتۆبەردا دەبابە بەسەریدا رۆیشت و شەهیدی كرد.
ئاكۆ غەریب وتیشی: لە هەوڵداین وێنە و زانیاریی هەموو ئەو پێشمەرگانە كۆبكەینەوە كە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی شەهید بوون بۆ ئەوەی لەو بەشە لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەكەی دابنێین.
باشیلا جەعفەر
فۆتۆ: حەمەعومەر