قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە محەمەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە دکتۆر محەمەد ئەلحەسان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نێردەی نوێی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق.
هەروەها باس لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و رێزگرتنی لایەنەکان لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کرد و بە گرنگی زانی بۆ پاراستنی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و بەهێزترکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی ئاستی متمانەی هاوڵاتییانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانیش بە پرۆسەکە زیاتر ببێت.