لێکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەر وەک دەرئەنجامێکی ریفراندۆم لە خورماتوو..

״یەکێتی لە کاتی کارەساتەکەدا هاوشاریانی جێنەهێشت״

10:10 - 2024-10-17
ڕاپۆرت
182 جار خوێندراوەتەوە
#شارۆچکەی خورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین

راپۆرتی/ عومەر ئاوارە


خورماتوو وەک ناوچەیەکی جێناکۆک بەدەر نەبوو لە لێکەوتەکانی ریفراندۆمی ساڵی 2017، هەر زوو سوپای عیراق چوونە شارەکە و دەستیان بەسەردا گرت، ئێستا کە حەوت ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێدەپەڕێت هاوشارییان بەم شێوەیە باسی دۆخەکە دەکەن.
كەریم شكور لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، هاووڵاتیانی خورماتوو دوای ریفراندۆم تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بوون هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی لە شارەکەدا بوون و بەرگرییان کرد، بەڵام دواتر سوپای عیراق هاتە ناوشار و ژمارەیەک لە هاووڵاتیان ئاوارەبوون.
وتیشی: یەکێتی لە هیچ دۆخێکدا هاووڵاتیانی خورماتووی بەجێ نەهێشتووە و دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەگەڵ گەنجانی شارەکە دەستیکرد بە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ خێزانەکان و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو خانوانەی خاپوور کرابوون.لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین ئاماژەی بەوەشکرد، دڵسۆزیی یەکێتی بووە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا هاووڵاتیانی شارەکە متمانەی خۆیانمان پێ بدەنەوە.

لێپرسراوی کۆمیتەی سێی خورماتوو بۆ کوردستانی نوێ  : رووداوە نەخوازراوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵێك بوو بۆ لەباربردنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ یەكلایكردنەوەی دۆسێی ناوچە جێناکۆکەکان

پەردەپۆشکردنی رێککەوتنێک
حەسەن محەمەد جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو ریفراندۆمەی ساڵی 2017 کرا لە رووی نێودەوڵەتییەوە هیچ پشتیوانییەکی نەبوو، سەرەڕای هۆشداری و راسپاردەی دۆستان كە داواكرا دوابخرێت بۆ ماوەی چەند ساڵێك، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم سووربوو لەسەر کردنی و ئەنجامە خراپەکەشیمان بینی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان.
وتیشی، سووربوونی پارتی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، بۆ پەردەپۆشکردنی رێككەوتنێكی پێشوەختەی بوو لەسەر گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی لە سەردەمی شەڕی دژی داعشدا کەوتبوونە دەست هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بندەستی سوپای عیراق.
ریفراندۆم بووە رێگەخۆشكەر بۆئەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و بە تایبەت خورماتوو تووشی كارەسات بێت، خورماتوو لە 16ی ئۆکتۆبەردا 13 شەهیدی پێشمەرگە و هاووڵاتیدا سەرباری برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری دیکەی هاووڵاتی و پێشمەرگە.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی دەڵێت: دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر ئەو رووداوە نەخوازراوەدا، بە دەستپێشخەریی یەکێتی ئێستا خورماتوو لە هەموو بوارەكاندا گەشەی بە خۆیەوە بینیوە بە تایبەت لە رووی ئارامی و خزمەتگوزارییەوە.

یەکێتی لە خورماتوو
سەبار ستار جێگری یانەی وەرزشی هاوکاری لە خورماتوو بۆ کوردستانی نوێ وتی: 16ی ئۆكتۆبەر رووداوێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو، لەلایەن حزبێکەوە بۆ لەناوبردنی ئەو ناوچانەی كە پێی دەوترێت ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام هەڵوێستی یەكێتی لەوكاتەدا ئەوەبوو خەڵكی خۆی بەجێ‌ نەهێڵا و لەگەڵیان مایەوە.
وتیشی: ئەگەر یەكێتی نەبوایە رەنگە خورماتوو تەنها وەک ناو بمایەتەوە و ئاسەواری نەمایە، دوای ئارام بوونەوەی دۆخەکەش هەوڵیدا ئەو خەڵكەی كە ئاوارەبوون بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان، یادگارییەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زۆر تاڵن.
جێگری یانەی وەرزشی هاوکاری لە خورماتوو دەڵێت: پشتیوانیی یەکێتی بۆ هاووڵاتیان لە کاتی کارەساتەکەدا، دواتر بووە هۆكاری سەركەوتنی دوو كاندیدی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، ئێستاش باسی هەر چالاكی و پرۆژەیەك دەكرێت ناوی یەكێتی دەهێنرێت.
نەوزاد عەجەل لێپرسراوی کۆمیتەی سێی خورماتوو بە کوردستانی نوێی وت: رووداوە نەخوازراوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كارەساتێك بوو، لە هەمانكاتدا هەوڵێك بوو بۆ لەباربردنی ئەو هەوڵانەی كە ئێستاش دەدرێت بۆ یەكلایكردنەوەی دۆسێی ناوچە جێناکۆکەکان.
وتیشی: ئەو رۆژەی رووداوەكە روویدا تەنها لایەن كە مایەوە لە خورماتوو و بەرگریی لە خەڵكەكەی خۆی كرد یەكێتی بوو، خورماتووییەكان گەواهی ئەوە دەدەن كە تەنها یەكێتی بەجێی نەهێشتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان