بە بڕیاری شێخ ئەحمەد حەمەكەریم، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و بە بودجەی یەكێتی..

دەیان پرۆژە لە گەرمیان خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە

10:17 - 2024-10-17
ڕاپۆرت
275 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز


لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ژمارەیەك پرۆژە لە كەرتە جیاوازەكاندا جێبەجێكران، بەشێک لە پرۆژە وەستاوەکان خرانەوە کار و داواكاریی بەشێك لە دانیشتوانی گوند و شار و شارۆچكەكان خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشی زۆری پرۆژەکان بە بڕیاری شێخ ئەحمەد حەمەكەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەسەر ئەركی ئیدارەی گشتی یەکێتی جێبەجێكراون.
قیرتاوكردن و چاكسازی رێگەوبانەكانی گەرمیان بەشێكی گرنگی پرۆژەكانی گەرمیان بوو خرانە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.قیرتاوكردنی رێگەی گوندی رەندئالیخان بۆ ژاڵەی حاجی قادر كە هەشت كیلۆمەتر و 500 مەترە، لە قۆناغی دووەمدا قیرتاوکردنەکە دەگاتە ئەشكەوتی شەهیدانی داریخلە لە سنووری ناحیەی پێباز، نزیكەی 30 گوندی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن و بودجەی پرۆژەکە نزیكەی ملیارێك و 300 ملیۆن دینارە.

چەندین پرۆژەی رێگەوبان
قیرتاوکردنی رێگەی كەلار- سەید خەلیلەكان بەهۆی قەیرانی داراییەوە نزیكەی شەش ساڵ كاركردن تێیدا راگیرابوو دەستی پێکردەوە، درێژی رێگەكە 17 كیلۆمەترە و بڕی ملیۆنێك و 608 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و بە تەواوبوونی دەبێـتە هۆی بەستنەوەی نزیكەی 25 گوند بە سەنتەری شاری كەلارەوە و بوژانەوەی زیاتری رێگەوبانی گوندەكان.
لەسەر داوای دانیشتوانی گوندی قولەبەرز لە سنووری ناحیەی پێباز، ئیدارەی گشتی یەكێتی دەستی ئاوەدانی پێگەیاندن و رێگەی سەرەكی گوندەكەی بۆ قیرتاوكردن لەگەڵ دوو پرۆژەی تر.
پرۆژەی دروستكردن و قیرتاوكردنی رێگەی گوندەكانی بێستانە و بەكربایەف لە سنووری ناحیەی شێخ تەویل لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێكرا. درێژی رێگەكە دوو كیلۆ مەتر و نیوە و بەشێوەی راستەوخۆ لە ایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی گەرمیانەوە جێبەجێ كرا، هەروەها پرۆژەی كۆنكرێت و قیرتاوكردنی شەقامی جووت سایدی گەڕەكی شاكەل لە ناحیەی رزگاری یەكێك بوو لە پرۆژە راگیراوەكان جارێكی تر كاركردن تێیدا دەستی پێكردەوە. 
چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی
كەمیی ئاوی خواردنەوە و وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاو گرفتی کەمئاویی بۆ دانیشتوانی گەرمیان دروست کردووە، بەڵام بە راکێشانی هێڵی ئاو بۆ چەند گوند و گەڕەکێکی شارەکە و هەڵکەندنی بیری ئیتیوازی، بەشێک لە گرفتەکە چارەسەر کراوە.
راكێشانی ئاو بۆ گوندی كەڵەشێرە سەر بەناحیەی شێخ تەویل، پرۆژەی راكێشانی ئاو بۆ گوندی ئیمام محەمەد لە سنووری هەمان ناحیە، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندی تازەدێی كەلار  جێبەجێ دەكرێت.
بە بڕیاری شێخ ئەحمەد حەمەكەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پرۆژەی ئاوی گوندی زەماوەنگە لە سنووری قەزای كەلار کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لە ناحیەی رزگاری و گەڕەكی گەرمیان لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتی بیر بۆ ئاوی خواردنەوە هەڵكەندرا.

 چەند پرۆژەیەکی جیاواز
هەر لە چوارچێوەی پرۆژەكانی ئیدارەی گشتی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دروستكردنی دیواری راگر بۆ گوندی كارێزەی حەمەی كەیفە سەر بە ناحیەی سەرقەڵا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ گلدانەوە و گۆڕینی رێرەوی ئاوی باران و لافاو  لە وەری زستاندا، كە پێشتر زەرەر و زیانی زۆری بە دانیشتوانی گوندەكە دەگەیاند.
دروستكردنی هۆڵێكی شایستە بۆ نمایشكردنی فیلمە سینەماییەكان و دابینكردنی كەرەستە و پێداویستییەكانی، دەستپێكردنەوەی پەخشی رادیۆی ئایندە و خستنەوە سەركاری كارمەندانی رادیۆكە، دابینكردنی بەشێک لە پێداویستییەكانی نۆژەنكردنەوەی بینای یاریگاكان و دروستكردنی شوێنی دانیشتنی هاندەران و دابەشكردنی  جلوبەرگ و پێداویستی وەرزشی بەسەر تیپ و یانە وەرزشییەكانی سنوورەكەدا، نۆژەنكردنەوەی بینای لیژنەی تیپە میللییەكانی كفری، دروستكردنەوەی یاریگای شەهید گەیلان لە ناحیەی رزگاری، دروستكردنی شوێنی دانیشتنی هاندەران بۆ هەردوو یاریگای حەمەی كەریم و یاریگای شەهید رەمەزان لە كەلار، ژمارەیەک پرۆژەی دیکەی شارەکەن کە جێبەجێ کراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان