16ی ئۆكتۆبەری 2017

كەسایەتییە عیراقییەكان: یەكێتی رێگری لە شەڕ کرد و ئاشتی و تەبایی بەدیهێنا

10:50 - 2024-10-17
دیدار
74 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: بەشی سیاسەت

كەسایەتییە ئەكادیمی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی عیراق، جەخت لە رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەنەوە، لە چەسپاندنی رۆحی تەبایی لە نێوان پێكهاتەكانی عیراق و هەروەها رێگرتن لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقدا، لە دوای ریفراندۆم و رووداوی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەریەك لە د. زیاد ئەلعەراری راگری كۆلێژی راگەیاندن و شیكاری سیاسیی، و د. شێخ مەحمود عیساوی، راوێژكاری پێشوی سەرۆكایەتی كۆمار، جەخت لە دروستیی بڕیارەكانی یەكێتی دەكەنەوە لەو رووەوە، ئاماژە بەوەش دەكەن كە یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسیی نیشتمانیی لەسەردەمی كۆچكردوو مام جەلالەوە و تا سەركردایەتی ئێستای سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، كاری بۆ نزیككردنەوەی روئیای لایەنە سیاسییەكانی و چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی عیراق كردووە.

د. شێخ مەحمود ئەلعیساوی بۆ کوردستانی نوێ  : كێشەكان دوای كۆچی مام جەلال زیادیان كردو  هەمووان زەرەرمەندبوون و پریشكی ئاگریان بەركەوت

چەسپاندنی برایەتی نێوان عەرەب و كورد
د. شێخ مەحمود خەڵەف عیساوی، راوێژكاری پێشووی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، سەبارەت بە سیاسەتی حەكیمانەی یەكێتی لەناو پرۆسەی سیاسیی عیراقدا، لە سەردەمی مام جەلالەوە بۆ سەرۆكایەتی ئێستای یەكێتی، لەلایەن سەرۆك بافڵ تاڵەبانییەوە، بۆ كوردستانی نوێ دواو وتی: مام جەلال دیارترین كەسایەتی بوو كە كاری بۆ چەسپاندنی برایەتی نێوان عەرەب و كورد دەكرد، كوردیش پێكهاتەیەكی سەرەكی گەلی عیراقن و رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بنیادنانی عیراق و پێشكەوتنی. دوپاتیشی كردەوە كە كورد هەرچەند زیاتر لە كوردستاندا دەژین، بەڵام لەهەموو ناوچەكانی تری عیراقدا هەن بەتایبەتی بەغدا، لەهەموو بوارە زانستی و سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەكاندا دەركەوتوون و دەستێكی باڵایان هەبووە.
د. مەحمود عیساوی ئاماژە بەوە دەكات و دەڵێت: كوردم لە نزیكەوە ناسی لە کاتی كاركردنم لە نووسینگەی کۆچکردوو مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق، لەوێ زۆرێك لەسەركردەو كادرەكانی یەكێتیم ناسی، ئاگاداربووم لە رۆڵی گەورەی سەركردەكانی ئەم حزبە لە پرۆسەی سیاسیی عیراقی دوای 2003، ئەو رۆڵەش بەسەرپەرشتی و ئیدارەدانی مام جەلال و حیكمەت و دڵسۆزی و لێهاتوویی ئەوبوو، كە دواجار رەنگی دایەوە لەچارەسەركردنی كێشەكان بەجۆرێك كە هەمووان لێی رازی بوون.

د. زیاد ئەلعەرار بۆ  کوردستانی نوێ  : یەكێتی بە رۆحێكی بەرزی نیشتمانییەوە مامەڵەی كرد و بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاوگرت، رێگریشی كرد لە دروستبوونی شەڕ

حیكمەتی مام جەلال
شێخ مەحمود عیساوی سەبارەت بە هەڵوێست و مامەڵەی یەكێتی لە نزیككردنەوەی روئیای لایەنە سیاسیی و پێكهاتەو نەتەوەكان و چارەسەركردنی كێشەكان، ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتیی بە حیكمەتی مام جەلال، هەردەم پاڵپشتێك بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی و هەرگیزیش بەشێك نەبووە لەكێشەكان، هەروەها دەڵێت: هەردەم مام جەلال هەوڵی نزیككردنەوەی روئیای نێوان پێكهاتەكانی وڵاتی داوە لە (عەرەب و كورد و توركمان) و هەروەها (سوننە و شیعە) و (ئیسلام و مەسیحی و ئاینەكانی تر)، هەركاتێك دوو كەس یان لایەنی ناكۆك بچوونایەتە لای بۆ چارەسەری كێشەكانیان، بە ئاشتبوونەوە لەلای دەرۆیشتنەوە، مام جەلال چەترێك بوو بۆ هەمووان و لای هەمووان رێزی لێدەگیرا، جەنابی جێ پەنجەی خۆی لە مێژووی عیراقدا جێهێشتووە، كاتێ كۆچیشی كرد بۆشاییەكی گەورەی لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا دروست کرد.

هەڵوێستەكانی یەكێتی 
ئەو كەسایەتییە عیراقییە سەبارەت بە رۆڵی یەكێتی بۆ رێگرتن لە كێشەو هەروەها دروستبوونی شەڕ لەنێوان پێشمەرگەو سوپادا دەڵێت: كێشەكان دوای كۆچی مام جەلال زیادی كرد و هەمووان زەرەرمەندبوون و پریشكی ئاگریان بەركەوت، بەڵام هەڵوێستەكانی یەكێتی جێی رێز و ستایشن و مێژوو ئەوەیان بۆ تۆمار دەكات، دوعا دەكەم گەلی كورد پێش بكەوێت و ئامانج و هیواو ئاواتەكانی بەدەستبهێنێت، یەكڕیزیی نێوانیان بچەسپێت و برایی و ئاشتەوایی لەنێوانیان زیاتر بێت.
شێخ مەحمود عیساوی، هەروەها وتی: جێگەی مام جەلال بەهەشت بێت و سەرۆكایەتی ئێستای یەكێتیش سەركەوتوو بێت لە هەرێمی کوردستان و سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق، هیوادارم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش شەفافانە بێت و ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە.

رۆڵی یەكێتی لە دروستكردنی تەبایی و برایەتی
زیاد ئەلعەرار، راگری كۆلێژی راگەیاندنی زانكۆی توراس لە بەغدا، سەبارەت بە رۆڵی یەكێتی، لە دروستكردنی تەبایی و برایەتی لە نێوان پێكهاتەو نەتەوەكانی عیراقدا تایبەت بەكوردستانی نوێی راگەیاند: یەكێتی كارەكتەرێكی سەرەكی نێو پرۆسەی سیاسیی عیراقە و رۆڵێكی گەورەی بینیوە لە چەسپاندنی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی ئەو پرۆسەیە لەپاڵ هێزە سیاسییەكانی تردا، هەرچەند بارودۆخەكە قورس بووبێت.
جەختیش لەوە دەكاتەوە و دەڵێت: رۆڵی یەكێتی لەسەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی زۆر دیار بوو، لەراستیشدا جەنابیان سەمام ئەمان بوو بۆ گەلی عیراق بەگشتی و پرۆسە سیاسیی بەتایبەتی. دوپاتیشی كردەوە كە مام جەلال زۆری پێشكەش كرد و لەسەر حسابی بەرژەروەندییەكانی حزبەكەشی،  بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسی و یەكڕیزی وڵات و كۆمەڵگە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەكێتی بەردەوامە لە بەخشین و هەوڵی پاراستنی نیشتمان و برایەتی و چەسپاندنی روحی نیشتمانی و خۆشەویستی نێوان پێكهاتەكانی عیراق دەدات، بەرێز بافڵ تاڵەبانیش لەسەر هەنگاوەكانی مام جەلال دەڕوات لەو رووەوە.

هەڵوێستی یەكێتی لە بیر ناكرێت
ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە، سەبارەت بە رۆڵی یەكێتیی لە دوای ریفراندۆم و رووداوی 16ی ئەكتۆبەر لە رێگری كردن لە دروستبوونی شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق دەڵێت: هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە رووداوەكانی ساڵی 2017ی كەركوك، لە مێژوودا دەمێنێتەوە و عیراقییەكانیش لە بەسراوە تا كوردستان لە یادگەیاندا دەمێنێت، كە چۆن یەكێتی وەكو حزب و سەركردایەتی، بە رۆحێكی بەرزی نیشتمانییەوە مامەڵەی كرد و بەرژەوەندیی گشتیی خستەپێش و تەنازولی لەپێناو نیشتماندا كرد و رێگریی لە دروستبوونی شەڕ لە نێوان سوپا و هێزەكانی پێشمەرگەدا كرد.

بڕیاری گەورە
زیاد ئەلعەرار ئاماژە بەوەش دەكات و دەڵێت: هەڵوێستی یەكێتی زۆر مەزن بوو كەمتر نەبوو لە هەڵوێستی بەرامبەر بە ریفراندۆم، بەدەر لە قەناعەتی لایەنەكانی تر لە رازی و نارازیی بەرامبەر بەو پرۆسەیە، یەكێتی دوو بڕیاری گەورەی دا بۆ پاراستنی یەكێتیی خاك و ئاشتەوایی لە وڵاتدا، یەكێكیان بەرامبەر بە ریفراندۆم و ئەوی تریان بە كشانەوەی هێزی پێشمەرگە و رێگری لە دروستبوونی شەڕ لەگەڵ سوپادا، ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی برایی ناو كۆمەڵگەی عیراقی بوو.

یەكێتی روئیایەكی قووڵی هەیە
سەبارەت بەوەی ئایە یەكێتی حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵ رووداوی 16 ئەكتۆبەر و گەڕانەوەی سوپا بۆ كەركوك كرد، ئەو شیكارە سیاسییە دەڵێت: بڕیاری یەكێتی بەو پێیەی گەورەترین حزبە لە رووی جەماوەرەوە لەناو كورد و هەروەها لەپارێزگاكەشدا، دەریدەخات كە سەركردایەتی ئەم حزبە خاوەن روئیایەكی قووڵە و دەزانێت چۆن بڕیاری ستراتیژی لە كات و ساتی گونجاودا بدات، ئەمەش رێگە راستەكەیە، چونکە بەو بڕیارەی یەكێتی دای، توانیمان قۆناغێكی قورس و هەستیار تێپەڕێنین، راستییەكەشی بڕیارەكە، هاوشێوەی بڕیارە ستراتیژییەكانی كۆچكردوو سەرۆك مام جەلال بوو.
جیاوازی سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی
ئەو ئەكادیمییە عیراقییە، سەبارەت بە جیاوازی سیاسەتی یەكێتی و پارتی بەرامبەر بە بەغدا، دەڵێت: سیاسەتی یەكێتی، كە ئێستا سەركردایەتییەكی گەنجی هەیە، پشت بەو میراتە دەبەستێت كە مام جەلال بۆی جێهێشتووە، یەكێتیش لە بڕیارەكانیدا رەهەندی نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت و بڕیارەكانی ئەم حزبە، دوای گفتوگۆ و لەسەر ئاستێكی بەرز لە شەفافیەت و دیراسەت وەردەگیرێت، نەك بڕیارگەلێك بن پشت بە دژە كردار و رووداو ببەستن، ئەمەش زۆر گرنگە و ئەوە نیشان دەدات، یەكێتی بەشێوەیەكی مەدروس و واقیعییانە كار دەكات. 

كارەكتەرێكی گەورەی عیراقی
سەبارەت بە تەقیمیی بۆ سیاسەتەكانی یەكێتی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و بەتایبەتیش سەركردایەتی ئێستای یەکێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، ئەلعەرار جەختی لەوەكردەوە كە بافڵ تاڵەبانی توانیویەتی بە ماوەیەكی كەم ببێت بە كارەكتەرێكی گەورەی دروستكردنی بڕیار لە عیراقدا، دوپاتیشیكردەوە و وتی: هەڵوێستە سیاسیی و نیشتمانییەكانی بافڵ تاڵەبانی روون و نە گۆڕن، ئەوەش ئەوی كردووە بەیەكێك لە گرنگترین سەركردەكان، نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێم بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق، بگرە بووە بە كەسایەتییەكی كاریگەر لەسەر ئاستی ئیقلیمیش.

بافڵ تاڵەبانی سەركەوتوو بووە
ئەو مامۆستایەی زانكۆ هەروەها دەڵێت: یەكێتی بە گشتی و بافڵ تاڵەبانی بەتایبەتی سەركەوتوو بوونە، لە رێكخستنەوەی ماڵی سیاسیی عیراق و رۆڵی گەورەشیان هەبووە لەنزیككردنەوەی روئیای لایەنە سیاسییەكان و لە هەموو پێكهاتەكان، بە جۆرێك ئێستا و لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی وا باس لە بافڵ تاڵەبانی دەكرێت، وەكو چارەسەركەری كێشەو قەیرانە گەورەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان