بەختیار حەمەسوور
2 -1
یەک/ حیکایەتی رووەکیی لە هەموو حیکایەتەکان کۆنترە، کاتێک خودا ئادەم و حەوای لە بەهەشتدا خەڵق کرد و بە جووتە بەنێو بەهەشتدا دەهاتن و دەچوون، خودا تەماشای کردن و فەرمانی کرد لە بەروبوومی درەخت و باخەکان بخۆن، ئادەم و حەوا یەکەمین رووەکین.
دوو/ بەگشتی دوو جۆر گێڕانەوە لە رۆماندا هەن، یەکەمیان ئەو ریوایەتەیە لە بابەتێکی حازربەدەست و رۆژانەیی کەڵک دەبینێت و بناغەی خۆی لەسەر بینا دەکات. لەم شێوەدا بە سوودوەرگرتن لە چۆنێتی و تەکنیکەکانی گێڕانەوە، ئاستی رۆژانەیی و سواوی بابەتەکان بەرز دەکرێتەوە، گۆشە و پێدراوەکان بە جۆرێک دەنوێنرێنەوە و پێشان دەدرێن مۆدێرن و ئەمڕۆیی بن. کارەکانی «فلۆبێر، فیتز جێراڵد، هەمنگوای» لەم خانەیەدا جێ دەگرن. لە جۆرێکی تردا ریوایەت بناغەکەی لەسەر ئایدیایەک بونیاد دەنێت سەیروسەمەرە، ناباو و پەڕدەست، کارەکانی «کافکا، خوان ڕۆڵفۆ، کالڤینۆ و مارکیز» لەم خانەیەدان. هان کانگ ژنە رۆماننووسی کۆریی سەربە جۆری دووەمە.
سێ/ «یۆنگ هێ بەیانییەک لە خەوە ئاڵۆزەکەی بەخەبەر دێت و دەبینێت بووە بە رووەکیی» بەڕاست، مەودا و دووریی نێوان، کافکا و هان کانگ، وردتر گریگۆر سامسا و یۆنگ هێ، یان نۆڤلێتی «کەوڵاوکەوڵ» و رۆمانی «رووەکیی» چەندە؟ ئەم رۆمانە تێما و ئایدیایەک پەرە پێدەدات تاریک و لێڵ، دنیایەک کەشف دەکات ترسێنەر و تۆقێنەر. «رووەکیی» گێڕانەوەی خەسان و حەسرەتە، فۆبیا و ماخۆلیای ژنێکی تەنیایە، تەنیا وەک مەریەم. بە گوتەی محەمەد مەحموودیان: «ئەم رۆمانە وەک نارنجۆک، نەک تەنیا لە زەینی خوێنەر بەڵکو لە تەواوی بوونیدا دەتەقێتەوە». ئایا بە باسکردن و قێزەونکردنی گۆشت و خوێناو و لینجاو، دەیەوێت بمانکات بە رووەکیی؟ مەیلی گۆشتخۆریمان تێدا بسڕێتەوە؟ ئەمە مەبەست و پێشاندانی گۆشتخۆرە وەک دڕندە؟ ستایشکردن و بە باڵاگوتنی رووەک و رووەکییە؟ بە بۆچوونی من نەخێر، رۆمانەکە وەڵامدەرەوەی هیچکام لەم پرسیارانە نییە، هاوپێچ لەگەڵ ئەو پرسیارانەی سەرەوە سەرتر دەڕوات، گەمە و ریسک و تێکەولێکەیەکی ترسناکتر و دڕندانەتر دەکات، دەیەوێت رووەکخۆریی وەک چەمک و ئایدیایەک بنوێنێت و بڵێت: ئەو دنیا ناسک و توورت و بە رواڵەت مەعسوومە، هێندەیش مەعسووم و ناسک و خاوێن نییە، بەڵکو پڕە لە چاڵ و هەڵنووتان و خزین، ناسکی و سەوزی و تەڕیی درەختەکان: لاسک، قەد، گەڵا، گوڵ و گۆپکەکان، جیا لە جوانیی سەرچاوەی خۆراک و پاکژیی ژینگەن لە توێکڵەکەیاندا لە ناخیاندا دنیایەکی تاریکتر هەیە، جەنگەڵێک قیژەی نوستوو، مرۆڤ تەنیا ئەو دەمە دەتوانێت درکیان پێ بکات کە دەگاتە دۆخی کەوڵاوکەوڵ و لەخۆ دەرچوون. «رووەکیی» دەورپێکەرەوەی هەموو ئەم پلۆتانەیە لە پێچاوپێچترین فۆرمدا.
چوار/ بێ گەڕانەوە بۆ تیۆری خەون و چەمکی ناخودئاگایی فرۆید، خوێندنەوە و قسەکردن دەربارەی ئەم رۆمانە ناتەواو دەبێت. فرۆید بە ناسین و دەستنیشانکردنی هەندێک هێزی تاریک و ترسناک لە مرۆڤدا بە نموونە: خەون، هێزی مەرگ، جەبری دووبارەکردنەوە، گەڕانەوەی ئایدیا سەرکوتکراوەکان و...تاد، توانی بەشێکی زۆر لەو هێزە رامنەکراوانەی ناو زەینی مرۆڤ دەستنیشان و پێناسە بکات. لە تیۆرەکەی فرۆیدا بەشی زۆر لە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ لە دۆخی نائاگایدا دەمێننەوە، واتە تاک سەبارەت بە ئایدیا مەترسیدار و کێشەسازەکانی ناو زەینی ئاگادار نابێت و ئایدیا و فکرە نەخوازراوەکان لە رێی ئیگۆ و بە فەرمانی سوپەرئیگۆ سەرکوت دەکرێنە ناخودئاگایی و پەک دەخرێن. ئایدیا سەرکوتکراوەکان لەرێی خەون و کابووس و قسە بزڕکاندن و پەیڤە هەڕەمەکی و لەدەم دەرچووەکان و شێوەکانی نووسین و هونەرەوە سەر دەردەهێننەوە و دێنەوە. بنچینەی رۆمانی «رووەکیی» خەونە، خەونێکی سەرکوتکراو و لەدەستچوو. بیرمان نەچێت هەر فرۆید خەون بە «گوزارشت لە تێرکردنی ئارەزوو» دادەنێت، بەو پێیەی ئارەزووەکان دژ بە واقیعن، بەردەوام سەرکوت دەکرێن و دەچەپێنرێن. رووداوەکان لە «رووەکیی»دا لەسەر خەونێک شێوە دەگرن، خەونێکی ترسناک لە جەنگەڵستاندا، رۆیشتن بەناو گۆشت و خوێندا و رێگەیش رێگەی هات و نەهات. لە «رووەکیی»دا کایەکردن بە فانتازیا و خەیاڵ لە بەرزترین ئاستدان، ترسناکترینیشن. ئەم رۆمانە سریالییە؟ ریالیزمی جادووییە؟ یان ریالیزمی کابووس و تۆقین؟ لەراستیدا، هیچیان نییە و هەموویشیانە. ئەمە گێڕانەوەی رۆژی مەحشەرە لەسەر زەوی لە تراژیدیترین شێوەدا. «رووەکیی» رۆمانێکە رادیکاڵ و یاخی. خەونی ئەوەی هەستیت و وردە وردە ببیت بە درەخت، هەم سەیرە و هەم سەمەرە. دەکرێت ناونیشانی ئەم رۆمانە لەبری «رووەکیی»، «بە درەختبوون»بێت. بەدرەختبوون لە رێی خەونەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێت بە واقیع و دوور نەکەوێتەوە لێمان پێویستە بیپارێزین. هەمان ئەو کارەی یۆنگ هێ لەپێناو خەونەکەیدا دەیکات و تووشی زەبر و توندوتیژی و لەکۆتایشدا رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەروونیی دەبێتەوە. خەونەکان لە جێیەکی دوورترەوە دێن، وەک چۆن (ئالێن بەدیوو) هەمان ئەو جێیە بە سەرچاوەی هاتنی شەڕ و خراپە دەزانێت. ئەمە وەفاداریی و باجدانە لەپێناو خەوندا با شەڕ و خراپەکان تەواوی ژیانیشمان فەوت و فەنا بکەن.